سیامەند موعینی: ئامانجی پەژاک رزگارکردنی رۆژهەڵاتی کوردستانە لە داگیرکەری

کۆمیتەى یوتۆبۆریی پارتی ژیانى ئازادی کوردستان (پەژاک) سیمینارێکى بۆ سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پەژاک رێکخست.

سیمینارەکە لە رێگەى ئۆنلاینەوە بۆ هاوسەرۆکی پەژاک رێکخرابوو، کە دەیا کەسایەتیی سیاسی و چالاکوانی مەدەنی لە ئەوروپا و رۆژهەڵاتی کوردستان بەشدارییان تیادا کرد.

سیمینارەکە بە بۆنەی ٤ی نیسان بەرامبەر بە ١٥ خاکەلێوە و هەفتاو یەکەمین ساڵرۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و شانزەیەمین سالرۆژی دامەزڕاندنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان رێکخرابوو.

لە سیمینارەکەدا باس لە دوو تەوەر کرا:

 تەوەری یەکەمین: گرینگی پێگە و ئاستی سیاسی، کۆمەڵایەتی، مێژوویی و شۆڕشگێڕیی ٤ی نیسان بەرامبەر بە ١٥ خاکەلێوە کە مێژوویی سیاسی و بزوتنەوەیی ئازادیخوازی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان چون دەستیپێکرد و لە کوێدا جێگا دەگرێت.

تەوەری دووەم: خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک مۆدێلێکی گۆنجاو وسازگار  و هاوکات ئاسۆیەکی پڕشنگدارە بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی کوردستان.

سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پەژاک لە بەشی یەکەمی سیمینارەکەدا رایگەیاند، جەوانانی رۆژهەڵاتی کوردستان مێژووی چارەنوسی بزوتنەوەیی سیاسی کە هەردەم رووی لە شکست بوو قەبوڵیان نەکرد و بە بنەما گرتنی فکر و فەلسەفەیەکی نوێ خەتی شۆڕشگێڕیی ئازادییان هەڵبژارد و پەژاکیان بۆ کۆتاییهێنان بەو چارەنوسە دامەزراند.  پەژاک لێکدانەوەی بۆ باردودۆخی جیهانی و هەرێمی هەیە و هاوکات هێزی جەوهەریی کۆمەڵگە بە بنەما دەگرێت بۆ تێکۆشانی خۆی. یەکەمین ئامانجی پەژاک ڕزگاریی نەتەوەییە و بۆ رزگار کردنی رۆژهەڵاتی کوردستانە لە هەموو شێوەیەکی داگیرکەری.

 لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەیان بەوەکرد، پەژاک هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە تاکو ئێستا هیوا و باوەڕی سیاسی و شۆڕشگێڕی بۆ خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێران گەڕاندووەتەوە و لە شۆڕشی نوێدا ئەنگیزەی تێکۆشانی بۆ کۆمەڵگا زیندوو کردوەتەوە، پەژاک رۆڵێکی ئەساسیی گێڕاوە لە بواری خەباتی ژینگەپارێزی، خەباتی ژنان و جەوانان. ئەمڕۆ پەژاک وەکۆ هێزیکی پێشەنگ لە بواری فکری و فەلسەفی و پراکتیکیدا دەناسڕێت. هەروەها پەژاک نیشانی داوە، کە لە موعادەلاتی سیاسیدا دیارکەر دەبێت و لەبەر ئەوەیی کە سەرمایەگوزاریی خۆی لەسەر هێزی فکر و پراکتیکی کۆمەڵگا کردووە. ئاکتۆرێکی دیاریکەر دەبێت لە چارەسەر و چارەنوسی رۆژهەڵاتی کوردستان. هاوکات پەژاک جۆغرافیایی رۆژهەڵاتی کوردستانی بە گشتی کردووە بە بنەمای تێکۆشانی خۆی و هیچ شوێنێک و هەرێمێکی رۆژهەڵاتی لە بواری جۆغرافیا و مەزهەب و بیرکردنەوە لە دەرەوەیی تێکۆشانی خۆیدا نەهێشتووەتەوە.

سیامەند موعینی لە بەشێکى تری وتەکانیدا راشیگەیاند، ئیمە بە لەرچاوگرتی رەئالیتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هاوکات کۆمەڵناسیی رۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵ دەدەین مۆدێلی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک لەسەر بنەمای کۆنفیدرالیسمی دیموکراتیک دابمەزرێنین، بەڵام کۆمەڵیک کۆسپ و تەەگەرە هەن کە یەک لەوانە نەبوونی یەکێتیی سیاسی ئەحزابی کوردستانییە، کە هێشتا خۆیان لە هێلی دەوڵەت و نەتەوە دەبیننەوە، بەڵام بە پێچەوانەی نەبوونی یەکیتیی سیاسی کۆمەڵگا و گەل یەکێتیی کۆمەڵایەتیی خۆیان پێکهێناوە، دەکرێت هاتنە مەیدانی خەڵک بە شێوەی خۆڕسک، کە قۆناخی کۆرۆنا لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەکۆ نمونەیەکی خۆبەڕێوەبەری و یەکێتیی کۆمەڵایەتیی گەل بۆ پاراستنی کۆمەڵگا دەستنیشان بکرێت. کە لە چوارچێوەیی کاری تەندروستی و دابینکردنی بژێویی ژیان بۆ کەسانی کەم دەرامەتدا خۆی دەبینێتەوە، سەرجم کەمپەینەکان و رێکخراوەکان کە لە مەیدانی عەملدان و لەوپەڕی بەرپرسیارێتیدا خەریکین ئەرکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیی خۆیان پێکدەهێن، کە ئەمە جێگایی رێز و سپاسە. هاوکات دیسانەوە بینیمان کە مۆدێلی دەوڵەت نەتەوە ناتوانێت وڵامدەری داخوازییەکان و بارودۆخی ژیانی کۆمەڵگا بێت و ئێستا مەودایەکی زۆر لە بەینی کۆمەڵگا و دەسەڵاتدا هەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەوە نیشاندەرە، کە نابێت ئەو مۆدێلە هەڵبژێرین بۆ داهاتوویی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان. خۆبەڕێوەبەری تەوانایی زۆری هەیە کە یەک لەوانە کۆکردنەوەیی سەرجەم چین و وتۆوێژەکانی کۆمەلگایە لەژێر یەک چەتری سیاسی و بەڕێوەبەریدا، کە بە ئێرادەی سەرجەم چینەکانی کۆمەڵگا و بە بەرچاوگرتنی فرەڕەنگیی کۆمەڵگا بەڕێوە دەچێت.

  لە بەشی دووەمدا بەشداربوانان سەرەڕای پیرۆزبایی ٤ی نیسان، هەبوونی پەژاکیان لە عەرسەی تێکۆشاندا بە خاڵێکی وەرچەرخان بۆ بزۆتنەوەیی رزگاریخوازی گەلی کورد لێکدایەوە و هاوکات بە پێی چاوەڕوانییەک کە کۆمەڵگا لە پەژاک هەیەتی بەشداربوان رەخنەیان لە پەژاک گرت کە دەبێت پەژاک بزانێت کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی کوردستان هیوایان پێ بەستووە و دەبێت وەڵامدەری سەرجەم هیوا و ئامانجەکانی گەلی کورد بێت تا گەیاندنی بە رزگاریی نەتەوەیی و چارەسەری پرسی کۆمەڵایەتی. مۆدێلێکیش جێگێر بكرێت، کە دیموکراتیک بێت نەک ببێتەوە مۆدێڵی دەسەڵاتداری و نا دیموکراتیک لە بەرژەوەندی کۆمەڵیک کەسی تایبەتدا.

سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پەژاک لە جوابی پرسیاری بەشداربواندا وتی، گەلی کورد تێکۆشانی زۆری کردووە و لە سەردەمەکاندا نەهامەتیی زۆری کێشاوە، بەڵام لەبەر نەبوونی یەکدەستیی سیاسی لە ناو بزۆتنەوەی گەلی کوردددا، گەلی کورد نەیتوانیووە ستاوتو و پێگەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ماندگار بۆ خۆی بەدەست بهێنێت. لەبەر ئەوە ئێمە وەکۆ پەژاک ئەرکی ئەوانەمان لەسەر شانە، کە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە ژیانێکی ئازاد لە ناو کوردستانێکی ئازاددا شاد بکەینەوە.

هاوسەرۆکی پەژاک ئاماژەی بەوەشدا، کە بە رێکخستنکردنی کۆمەڵگا لەم قۆناغەدا لە هەموو گۆڕەپانەکاندا زۆر گرینگە بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا ئیمە لە قۆناخی گۆزارداین لە کۆماری ئیسلامی ئێران، هەر بۆیە ئێستا خۆمان بە رێکخستن بکەین لە سەرجەم بوارەکاندا و لە داهاتوودا لە هەر ئەگەرێکدا ئامادەیی بە دەستهێنانی ستاتویەکی سیاسی و چارەسەری کێشەکانمان باشتر دەبێت.

هاوسەرۆکی پەژاک لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە لەسێدارەدانی موستەفا سەلیمی ئەو لە سێدارەدانەی موستەفایی سەلیمی مەحکوم و شەرمەزار کرد و ئاماژەی بەوەکرد، کە دیاردەی لەسێدارەدان ئامڕازی رژێمە تۆتالیترەکانە، کە دژی کۆمەڵگا بەکاریدەهێنن و هەر کەسایەتییەکی کورد، یان هەر کەسێکى تر بە گشتی لەسێدارە بدرێت بێ رێزییە بە کۆمەڵگە بە تایبەتی کۆمەڵگایی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەر بۆیە ئێران دەست ناپارێزێت لەسێدارەدانی کەسانی سیاسی وغەیرە سیاسی.

ژ.ت