سێیەم ڕۆژی چوارەمین کۆنگرەی یەکێتی لە شاری سلیمانی بەڕێوەدەچێت

سێیەم ڕۆژی کۆنگرەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و بڕیارە ئەنجومەنی گشتی ئەو حیزبە هەڵبژێردرێت.

کارەکانی سێیەمین ڕۆژی کۆنگرە دەستی بە کارەکانی کردووە و بڕیارە ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی ئەو حیزبە بە شێوەی دەنگدانی نهێنی بەڕێوەبچێت، کە ژمارەیان ١٢١ ئەندامە و لە ڕۆژی یەکەمی کۆنگرەدا ٣ ئەندامیان دیاریکران کە هەریەک لە (بەرهەم ساڵح، قوباد تاڵەبانی، ڕێواز فایەق) بوون.

بڕیارە ئەمڕۆش ١١٨ ئەندامەکەی دیکە هەڵبژێردرێن، بەپێی زانیارییەکان نزیکەی ٤٠٠ کادری ئەو حیزبە خۆیان کاندید دەکەن بۆ ئەنجومەنی گشتی سەرکردایەتی یەکێتی.

بڕیاریشە دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ژێر چاودێری چەند دادنوسێک و وەفدێکی باڵای کۆمسێنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەبچیت و ڕاستەوخۆش دوای کۆتایی هاتنی پرۆسەکە دەنگەکان جیادەکرێنەوە و ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی دیاری دەکرێن.

هەر ئەندامێكی كۆنگرەش لەپرۆسەكەدا دەتوانێت ٦٠ تا ١٢١ دەنگ بەكاندیدەكان بۆ ئەنجومەنەكە بدات، واتە لە ٦٠ دەنگ كەمتر نەبێت و لە ١٢١ دەنگیش زیاتر نەبێت.

ف.ق