شاندی کەنەکە سەردانی نوێنەرایەتی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدیان کرد

لە شاری سلێمانی، شاندی کەنەکە بە سەرۆکایەتی ئەحمەد قەرەمووس، ھاوسەرۆکی کەنەکە و هەریەک لە شەھلا حەفید، جێگری ھاوسەرۆکانی کەنەکە، شۆڕش خدر، فەرھاد دۆسکی ئەندامانی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە، سەردانی نوێنەرایەتی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدیان کرد.

لە سەردانەکەدا دۆخی جڤاکی ئێزدی لە شەنگال، پارچەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات خرایە بەر باس، نوێنەرایەتی پادێش ڕەخنەی لە کەنەکە گرت کە وەک چەترێکی کوردستانی تا ئێستا بەپێی پێویست نەیتوانیوە هەموو ئێزدیان لە ئامێز بگرێت و گرنگیی بە کێشەکانی ئێزدیان نەداوە.

جگە لە گەیاندنی ڕەخنەکانی جڤاکی ئێزدی لە کەنەکە، نوێنەرایەتی پادێ ڕایگەیاند کە پێویستە لەمەودوا ژمارەی نوێنەرانی ئێزدی لەناو کەنەکە زیاتر بکرێت، داواشی کرد کە کەنەکە بایەخێکی زیاتر بداتە کێشەکانی ئێزدیانی دەرەوەی وڵات و گوێ لە داخوازییەکانیان بگرێت.

لەسەر گەڕانەوەی ئێزدیان بۆ شەنگال کە بەهۆی هێرشەکانی داعشەوە کۆچبەر بوون و ئێستا لەناو کامپەکانن، پادێ داوای لە کەنەکە کرد کە بۆ گەڕانەوەیان و پێکهێنانی هەلومەرجی گونجاو، هەوڵی پێویست بدات و کار بکات.

ف.ق