هاووڵاتییانى برادۆست: فڕۆکە سیخوڕییەکانى تورکیا بە بەردەوامى چاودێریمان دەکەن

گوندنشینانی ناوچەی برادۆست رایانگەیاند، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانى سیخوڕی رۆژانە و بە بەردەوامی چاودێرییان دەکات. راشیانگەیاند، سوپاى تورک لە دواى شکستى ئاکەپە لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا بۆردومان و چاودێرییەکانى زۆر زیاتر کردووە.

ئەنجوومەنێکى گوندێکی دەشتەھێرت بە ئاژانسی ھەواڵی فورات  (ANF)ی راگەیاند، سوپاى تورکیا لەسەرەتایی ھاتنییەوە بۆ سنووری برادۆست سیخوڕی بەسەر گوندەکانی ھەرێمی برادۆستەوە دەکات.

 راشیگەیاند، رۆژانی کەش و ھەوا ئاسایی بێت فڕۆکەی چاودێری بەسەر ھەموو گوندەکانی ناوچەکەمان دا دەسوڕێتەوە و چاودێریمان دەکات تاوەکو بزانن گوندنشینان بەچیەوە خەریکن .

ئەو ئەنجوومەنە باسی ئەوەیکرد، زۆر بێزاربووین بە دەست فڕۆکە چاودێرییەکانى تورکیاوە، چونکە ناتوانین کاروباری رۆژانەی خۆمان ئەنجامبدەین و بەڕاستی نیگەرانین و نارازین و سوڕانەوە و چاودێریى بەردەوامی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە ژیانی هاووڵاتییانی گوندەکانی ھەرێمی برادۆست-یان تەواو ناخۆش کردووە.

هاووڵاتییەکى دیکە لەو سنووری برادۆست بە ئاژانسی ھەواڵی فورات (ANF)ی راگەیاند: ''سیخوڕیی فڕۆکەی چاودێری بەسەر گوندەکانمانەوە و راستە بە بەردەوامی و رۆژانە سەیری ھەموو گوندەکانی دەشتەھێرت دەکات و چاودێرییان دەکات لە ھەرکارێکدا. بۆ نموونە کاتێک ئێمە ئیشی رۆژانەی خۆمان دەکەین فڕۆکە سیخورییەکە دێتە سەر سەرمان و سەیرمان دەکات تاوەکو بزانێت چی دەکەین، بەبێ ئەوەی ئیش و کاری رۆژانەی خەڵک پەیوەندیی بە سوپای تورکیاوە ھەبێت".

چەند ھاووڵاتییەکی تری ناوچەی برادۆست باسیان لەوە کرد، ژیانیان ھیچی کەمتر نییە لە کوردەکانی رۆژئاوایی کوردستان و عەفرین و قامیشلۆ و کوردەکانی رۆژهەڵاتى کوردستان، کە بەھۆی لافاوەوە زیانی گیانی و ماددیان پێگەیشتووە و چەند شارێک بەتەواوی خاپوربوون و رژێمی ئێرانیش بەدەم ھانای ھاووڵاتییانەوە نەچووە. ئیتر بۆ ئێمەش ژیانێک کە نەتوانین بە ئازادی لە وڵاتی خۆماندا  بژین، ئەوا ھیچی کەمتر نییە لە ژیانە، کە لە وڵاتانی تردا بەرامبەر کوردەکان دەکرێت.

 بە وتەى ئەو هاووڵاتییانە، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت سیناریۆکانی رۆژئاوایی کوردستان و عەفرین لە ھەرێمی برادۆست دووبارە بکاتەوە، بۆیە ھاووڵاتییانی ناوچەی برادۆست بەگشتی زۆر نیگەرانن و ژیانیان زۆر ناخۆش بووە بەھۆی بەردەوامیی یاری و پیلانەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، کە رۆژانە بەرامبەر بە گوندنشیان ئەنجامی دەدەن.

 هاووڵاتییان بەهۆی بێدەنگیى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەرامبەر بە داگیرکەریى تورکیا و بۆردومانەکان و شەهیدکردنى هاووڵاتییان لەلایەن سوپاى تورکی داگیرکەرەوە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەن بیر لە ژیان و گوزەرانیان بکاتەوە، چونکە بەهۆی داگیرکەریى تورکیا و بۆردومانەکانەوە دۆخی ژیان و گوزەرانیان زۆر خراپبووە و بە بەردەوامى لە ترس دا دەژین.

گوندنشینان باسیان لەوەشکرد، چاودێری و هێرش و بۆردومان و تۆپبارانەکان و سیخوڕی و کاری تیرۆریستیى سوپاى تورکی داگیرکەر بەتاییبەتی دوای شکستەکانی ئاکەپەی فاشیزمی ئەردۆغان لە ھەلبژرادنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا  زیادیکردووە.

ئەو هاووڵاتییانە ئاماژە بەوەش دەکەن، بە تایبەتى لە دواى شکستى ئاکەپە و ئەردۆغانى فاشیست، سوپاى تورکی داگیرکەر لە ھەرێمی برادۆست  شەو و رۆژ ناوچەکە بە ئاگر و ئاسن بۆردومان دەکات و ئەوەش گەیشتووەتە ئاستێک، کە ھیچ کەسێک ناتوانێت بە ئاسوودەیی لە ماڵەکەی خۆیدا شەوانە بخەوێت و تا بەیانی ھەر دەبێت گوێی لە بۆردومان و تۆپبارانەکانى سوپاى تورکی داگیرکەر بێت .

سوپاى تورکی داگیرکەر ماوەى زیاتر لە ساڵێکە ناوچەى برادۆستى داگیرکردووە و چەندین بنکەى سەربازی و سیخوڕیى لەو ناوچەیەدا دروستکردووە. بە بەردەوامیش گوندەکان، لەوەڕگەکان، زەوییە کشتوکاڵییەکان، رەز و باخی هاووڵاتییان بۆردومان دەکات. ئامانجی تورکیا لەو تاوانانەى ئەوەیە، کە دەیەوێت خەڵکى ناوچەکە ناچار بکات زێد و گوندەکانیان چۆڵ بکەن و ناوچەکە بکرێتە ناوچەیەکى وێرانە و هیچ کوردێکى تیادا نەژی.

***

***

ر.م