'هه‌تاوی ئازادی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له ئێرانه‌وه هه‌ڵدێت'
ئاڵۆزی و قه‌یرانه‌كانی ئێران له رۆژانی رابردوودا، سفره‌ی خه‌ڵكی بچووك تر و گوزه‌رانی تاڵتر كرد، ئه‌مه‌ش بوو به بیانوویه‌ك بۆ سه‌رهه‌ڵدان و هاتنه سه‌رشاقامی جه‌ماوه‌ر.
ئاڵۆزی و قه‌یرانه‌كانی ئێران له رۆژانی رابردوودا، سفره‌ی خه‌ڵكی بچووك تر و گوزه‌رانی تاڵتر كرد، ئه‌مه‌ش بوو به بیانوویه‌ك بۆ سه‌رهه‌ڵدان و هاتنه سه‌رشاقامی جه‌ماوه‌ر.
فوئاد بێریتان هاوسه‌رۆكی كۆمه‌ڵگای ئازاد و دیمۆكراتیكی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان (كۆدار) ڕایگەیاند كوردستان بووه به ناوه‌ندی شه‌ڕی سێهه‌می جیهانی.
ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌رەو كامه چاره‌نووس ده‌ڕۆن؟ گه‌لۆ شه‌قامی خرۆشاو و به‌كڵپه، هه‌روه‌ها به‌رده‌وام ده‌بێ؟ ئایا شه‌پۆلی ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانانه‌ی دژ به ئێران له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و به تایبه ت عێراق و لوبنان و هه‌ڕه‌شه ده‌ره‌كییه‌كان له دژی ده‌سه‌ڵاتی تاران، بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانانه ببن به مایه‌ی دڵگەرمی و پشتیوانی گه‌لانی ژێر زوڵم و داگیركاری؟ له‌م ئان و ساته‌ی ڕاپه‌ڕینه بنه‌ڕه‌تییانه (وه‌ك رنسانس)، ئه‌ركی هه‌ر لایه‌ن، چین، حزب ورێكخراوه‌یه‌ك چیه؟
ئاژانسی هه‌واڵی فورات (ANF) بۆ زیاتر تیشك خستنه سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه و روون كردنه‌وه‌ی ئه‌م مژارە له‌گه‌ڵ فوئاد بێریتان چاوپێکەوتنێکی ئەنجامداوە.
هێڵی سێهه‌م، كورده‌كانی كردووه به هیوای ڕاپه‌ڕینی ئێرانی.
بێریتان ڕایگەیاند، وڵاتی ئێران به‌م دۆخه‌ی هه‌نووكه‌ییه‌وه و له پاش چوار ده‌یه، پێیناوه‌ته قۆناخێكی ئاڵۆزتر و قه‌یراناوی تره‌وه. لێكه‌وته‌ی قه‌یرانه ئابووری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كه سه‌رچاوه‌یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سیاسه‌ته هه‌ڵه‌كانی رژێمی كۆماری ئیسلامی ئێران، به‌رۆكی گه‌لانی ئێرانی گرتووه. قۆڕخ كردنی ته‌واوه‌تی و ره‌های سیاسه‌تی ناوه‌ندگه‌را له لایه‌ن سیسته‌می حاكم، سیاسه‌تی تواندنه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌كان و هه‌ڵاواردن له دابه‌شكردنی داهات و سه‌رمایه‌ی ئابووری كه به شێوه‌یه‌كی تۆخ سیاسیه، هه‌لسووكه‌وتی میلیتاریستی و سوپاسالاری به پێشه‌نگایه‌تی سوپای پاسداران، سه‌رجه‌م، ئه‌نجام و لێكه‌وته‌ی قه‌یرانێكی زهنییه‌تیه كه زیاتر له قه‌یرانێك، رووخانی ئابووری، سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هێناوه‌ته ئاراوه و روودانی راپه‌ڕینێكی جه‌ماوه‌ری و گۆڕانگارییه‌كی دیمۆكراتیكی مسۆگه‌ر كردووه.
قه‌یران، سناریۆی ده‌سه‌ڵات
بێریتان له درێژه‌دا ده‌ڵێت: " وه‌ها هه‌ڵسووكه‌ت و رووبه‌رووبوونه‌وه‌گه‌لێك بۆته هۆكاری هاتنه ئارای ئه‌م زنجیره قه‌یرانانه: بێكاری، برسێتی، رووخانی ره‌وشت، هژاری، تێكچوونی ئابووری، ئاڵۆزی نانه‌وه له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه، تووندتر كردنی فاشیسمی ده‌وڵه‌تی، به دیلگرتنی كۆمه‌ڵگا، هه‌ڵاواردن له‌دژی ژنان، بێ شوناس كردنی كۆمه‌ڵگا، هه‌ڵاتنی سه‌رمایه و سامانه‌كان و ده‌سبه‌سه‌رداگرتنی ده‌ماره ژیانییه‌كانی وه‌ڵات له لایه‌ن سوپای پاسداران و ده‌وڵه‌ت ورێكخراوه‌كانی سه‌ربه‌ر سیسته‌م، له‌ناوچوونی ژینگه، په‌ره‌سه‌ندنی ئێعتیاد، زوڵمی نه‌ته‌وه‌یی له دژی نه‌ته‌وه‌كانی ناو ئێران، تێكدان وله‌ناوبردنی ره‌نگه جیاوازه‌كانی ناو موزاییكی فه‌رهه‌نگی ئێران، روانگه‌ی ئه‌منی له سه‌ر كورستان، به‌لووچستان و ئه‌هواز و ناوچه‌كانی دیكه، چاره‌سه‌رنه‌كردنی پرسی نه‌ته‌وه‌كانی ئێران، نه‌بوونی كراوه‌یی سیاسی، په‌یڕه‌و كردنی سیاسه‌ت و سناریۆی بێ به‌زه‌یییانه‌ی ده‌سه‌ڵات بۆ خه‌ساندنی كۆمه‌ڵگا و سه‌ركوتی تووندی سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی گه‌ل. به گشتی پێویسته بڵێن كه ئه‌و قه‌یران و گرفتانه‌ی كه ناومان بردن، دروستكراوی ده‌ستی ده‌وڵه‌ت و سیسته‌می دژه جه‌ماوه‌رین. سیسته‌می ئێران به‌ته‌مایه كه به زیاتركردنی قه‌یرانه‌كان، هیوای گه‌ل و كۆمه‌ڵگا ببڕێت و ناچاریان بكات به سه‌ردانه‌واندن و ته‌سلیم بوون.
شوێنكه‌وتووی یه‌كێتی و دیمۆكراسی بن
هاوسه‌رۆكی كۆدار هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به رێژه‌ی به‌شداری كورده‌كان، جه‌ختی كردووه: له رۆژانی رابردوودا شاهیدی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌مه‌لایه‌نه، مانگرتن و ناره‌زایه‌تی ده‌ربڕین له ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بووین. ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه، سه‌رهه‌ڵدانێكی هاوبه‌ش بوو بۆ پێكهێنانی زهنییه‌تێكی هاوبه‌ش و ئازاد له نێوان گه‌لانی ئێران بو گه‌یشتن و ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی ئازاد و دیمۆكراتیك. بۆ سه‌رخستنی ئه‌م سه‌رهه‌ڵدانه پێویستی به تێكۆشانێكی رادیكال هه‌یه. ژماره‌یه‌كی زۆر له خۆپیشانده‌ران به زانابوون له لایه‌ن رژێمه‌وه كوژران؛ به‌ڵام رژێم و ده‌ست وپه یوه‌نده‌كانی پێویسته كه باج و حیسابی ئه‌م كرده‌وه‌یانه بده‌ن و مسۆگه‌ر رۆژی دادگایی كردنیان دێت. ده‌بینین كه مێژوو لێیان نابوورێت. گه‌ل به شێوه‌یه‌كی روون و دیار هه‌ڵوێست و ئاراسته‌ی خۆیان له به‌رامبه‌ر سیسته‌می گه‌نده‌ڵ و ده‌سه‌ڵات پیشاندا، پێویسته سه‌ركرده‌كانی رژێمش چاوخشاندنێك به سه‌ر هه‌ڵوێست و ئه‌و هێڵه‌ی كه له‌سه‌ری ده‌ڕۆن و پێداگرن له سه‌ری، بكه‌ن و بگه‌ڕێنه‌و بۆ به‌ره‌ی گه‌ل. هه‌ر رووداوێك له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست مسۆگه‌ر په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی له گه‌ل پرسی كورد هه‌یه، كه‌وابوو ئێستا كه دۆخه‌كه تا ئه‌م ئاسته جیددی و مێژووییه، پێویسته به‌ره‌ی گه‌لی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان پلاتفۆرمێكی روون، یه‌كگرتوو و هاوئاهه‌نگ پێكبهێنێت و لازمه كه حزبه‌كانیش مل بۆ داواكارییه‌كانی دانه‌وێنێنن و پشتگیری ته‌واوی لێ بكه‌ن." یه‌كگرتوویی و دیمۆكراسی" دوو چه‌مك و ده‌سته‌واژه‌ی به‌رچاو و سه‌ره‌كی له كرده‌وه و هه‌ڵسووكه‌تی سیاسی هه‌موو حزبه‌كانه. كاتی تێپه‌ربوون له شێوازی سیاسه‌ت و زهنییه‌تێك كه چه‌قبه‌ستوویی دێنێته ئاراوه هاتووه و ناچارییه‌كه. كۆمه‌ڵگا كارنامه و كرده‌وه‌كانی حزبه‌كان ده‌زانێت. تاقه رێگاچاره‌ی راست له سه‌ر بنه‌مای چه‌مكی بێگه‌ردی دیمۆكراسی، ئاوه‌ڵاكردنی رێگای شۆڕشه بۆ " به‌شداری دیمۆكراتیك"، هه‌روه‌ها هه‌ر چه‌شنه به‌شداربوونێك پێویسته گه‌ل به ئه‌ساس و ناوه‌ندی چالاكیی شۆڕشگێری بگرێت؛ ئه‌گه‌ر وه‌ها نه‌بیت، شۆڕش هه‌ره‌قه‌تی نابێ و ده‌رناچێ. ئه‌ركی حزبه‌كان ئه‌وه‌یه كه (هه‌ڵسووكه‌وت و چالاكی سیاسی) خۆیان له‌گۆڕ و به پێی" چه‌مكی دیمۆكراسی گه‌ل" به‌ڕێوه ببه‌ن. سه‌رجه‌م حزب و رێكخراوه‌كانی مه‌ده‌نی پێویسته به بنه‌ماگرتنی چه‌مكی دیمۆكراسی و وێڕای جیاوازییه‌كانیان له پاڵ كرێكاران، ژنان، گه‌نجان، و رووناكبیرانی به‌هێز، جێگابگرن و له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان خاوه‌ن ده‌ركه‌ون و شه‌پۆلی سه‌رهه‌ڵدانی سه‌رتاسه‌ری ئێران به باشترین شێوه به هێزبكه‌ن. ئه‌مه‌ش هه‌مان سیاست ورێچكه‌ی روون و بێگه‌ردی كۆداره. ئه‌م روونی و بێگه‌ردییه له سه‌رئه‌ساسی ئاگاهی ئه‌خلاقی و له‌به‌رچاو بوونی شێوازی قه‌لاچۆ و كوشت و بڕێكه كه رژێم زیاتر له هه‌ر شوێنێك له كوردستان به‌ڕێوه‌ی برد.
راپه‌ڕینی به‌هێزتر له ئۆپۆزسیۆن
بێریتان له به‌شێكی دیكه‌دا، ره‌خنه‌ی له ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی گرت و وتی: قه‌یرانه‌كان تا ئاستێكی له‌ڕاده‌به‌ده‌ر زیادیان كرووه، به‌ڵام له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا كۆمه‌ڵگا هۆشیار و سیاسی بووه، كه‌وابوو پێویسته كه ئه‌م كۆمه‌ڵگایه له پێناو رێكخستنێكی خۆراگر به‌دیل و هه‌زینه بكات كه خاوه‌ن زهنییه‌ت، تێكۆشان و بیركردنه‌وه‌یه‌كی راست بێت. راسته كه له ئێران سیسته‌می گه‌نده‌ڵ به‌هێزه، به‌ڵام به خۆشحاڵیه‌وه هێز و ماته‌وزه‌ی جه‌ماوه‌ر بۆ سه‌رهه‌ڵدان زۆر به‌هێزتر بووه و بێگومان هیچ گه‌نده‌ڵێك نابه‌خشێت. جێگای خۆشحاڵییه كه تێكۆشانی گه‌ل به‌هێزتر له هه‌وڵه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن خوی نیشاندا و سه‌رهه‌ڵدانی به‌فرانباری ۹۶ و خه‌زه‌ڵوه‌ری ۹۸ سه‌لمێنه‌رێكی حاشاهه‌ڵنه‌گری ئه‌مه‌ن. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی كه ئۆپۆزسیۆنی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له چوارچێوه‌ی رێچكه‌ورێبازی كۆدار له ئاراسته و ره‌وشی پاراستنی گه‌لدا جێگاده‌گرێت، هیوابه‌خش ودلخۆشكه‌ره، بگره له ئاست رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌ك هێڵی سێهه‌م خۆی ده‌نوێنێت و ده‌دره‌وشێته‌وه. نه خشه‌رێگه‌ی (كۆدار)یش باس له ئه‌م راستییه ده‌كات.
كورده‌كان هیوابه‌خشی راپه‌ڕینه‌كان
خاڵێكی گرنگ كه بێریتان ده‌ستی له سه‌داناو و راست و ره‌وابوونی هێنایه زمان، له‌په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ پێگه‌ی كورده و له‌مباره‌وه ده‌ڵێت: ئه‌مه راستییه‌كه كه كورده‌كان بوونه ته هیوا بۆ راپه‌ڕینی ئێران و گه‌لانی دیكه‌ش هه‌تا ئاستێكی به‌رچاو و له هێڵی سێهه‌می كورده‌كان موڕاڵیان گرتووه و راپه‌ڕیون. هه‌ڵبژارده‌ی گه ل پێویسته كه رادیكاڵ بێت، ئه‌گینا سیسته‌می ئێران وه‌ك رابردوو ده‌توانێت ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانی مانه‌وه له سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات بپارێزیت. له‌لایێكیتره‌وه به‌هۆی هه‌بوونی قه‌یرانی جیهانی سه‌رمایه‌داری، پلان و پرۆژه ده‌ره‌كییه‌كانی ئێران تووشی شكست بوونه و ئێران به‌ئاراسته‌ی هه‌بوونێكی ته‌ریك تر له كۆمه‌ڵگای جیهانیدا هه‌نگاو ده‌نێت. بۆ هه‌ركه‌س روونبووه‌ته‌وه كه خه‌یاڵی ده‌سه‌ڵاتی بێ ڕه‌كابه‌ری ناوچه‌یی به خۆپیشاندانی دژ به سیسته‌می ئێران له وڵاتانی عێراق و لوبنان، رووبه‌رووی ناره‌زایه‌تی گه‌لان بووه‌ته‌وه و هه ر له ئێستاوه تووشی شكست بۆته‌وه. ته‌نیا جه‌ماوه‌رن كه توانای چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌ه‌كانی ئێرانیان هه‌یه و بگره ئه‌گه‌ر بڕیار بێت كرانه‌وه‌یه‌كی سیاسی بێته ئاراوه، ئه‌م كرانه‌وه‌یه به‌س به ده‌ستی كۆمه‌ڵگا مه‌یسر و موممكن ده‌بێ.
هه‌ڵاتنی هه‌تاوی ئازادی له ئێران
بێریتان له كۆتاییدا، راپه‌ڕینی گه‌لانی ئێرانی وه‌ك خاڵێكی گرینگ و باش بۆ گه‌یشتنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به رووناكی پێناسه كرد و وتی : به‌رده‌وامی به زه‌وتكردنی ماف و ئازادییه‌كانی گه‌لانی ئێران یا پێدان و گه‌ڕاندنه‌وه‌یان، به‌ته‌واوه‌تی گرێدراوی له‌سه‌رپێ بوون و به‌رده‌وامی دان وبه ناره‌زایه‌تییه‌كانی گه‌له له سه‌ر شه‌قامه‌كان. ئیدی نه ده‌وڵه‌ت شانسی هه‌ڵاتن وخۆ قوتاركردنی هه‌یه و نه گه‌ل ده‌رفه‌تی خۆدزینه‌وه له ئه‌ركی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌یه. به هۆی ئه‌وه‌ی كه لایه‌نی سه‌ره‌كی له پێكهێنانی گۆڕانگاری دیمۆكراتیك له ئێران ، گه‌لان بۆ خۆیانن، كه وابوو نه ناره‌زایه‌تی به‌رته‌سكی گه‌ل تێركه‌ره و نه دانپێدانانه فریوده‌رانه‌كانی ده‌سه‌ڵات. ده‌وڵه‌ت و سیسته‌م وه‌ك رابردوو بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی ئابووری، خۆیان ده‌كه‌ن به ناوه‌ندی بڕیارگرتن، هه‌روه‌ها بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یران و گرفته كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌كان، دیسان هه‌وڵده‌ده‌ن زیاتر له رابڕدوو كۆمه‌ڵگا به خۆیانه‌وه گرێبده‌ن و له‌سه‌ر هێڵی راپه‌ڕین به‌لارێیدا ببه‌ن. ئاشكرایه كه راپه‌ڕینی رۆژانی رابردوو له ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، كاتی و ده‌مكورت نین، به‌ڵكوو هه‌روه‌ها و ئه‌لبه‌ته كه به شێوه‌ازی جیاوازتر درێژه‌یان ده‌بێت. راپه‌ڕینی رادیكاڵی گه‌ل، پێویسته تا گه‌یشتن به ئه‌نجام و ده‌ستكه‌وتی كۆتایی و یه‌كجاری درێژه‌یان هه‌بێ. چاره‌سه‌ری بنه‌ڕه‌تی و گۆڕانكاری دیمۆكراتیك به بێ ده‌وڵه‌ت و هێزه ده‌ره‌كییه‌كانیش مومكنه. له ئه‌گه‌ری نه گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ماف و ئازادییه‌كانی گه‌لان و قه‌بوول نه‌كردنی داخوازییه ره‌واكانییان له لایه‌ن سیسته‌مه‌وه، ئه‌مه خودی گه‌لانن كه پێویسته بۆ دیمۆكراتیزه كردنی وڵاته‌كه‌یان هه‌وڵ بده‌ن. شه‌ڕی سێهه‌می جیهانی كه بێ به‌زه‌یییانه كوردستانیان كردووه به ناوه‌ندی ، بێگومان ته‌نیا به هه‌ڵاتنی هه‌تاوی ئازادی له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران كۆتایی پێدێت و گه‌لان ده‌گه‌ن به رووناكی و مافه ره‌واكانیان.
جێگای ئاماژه‌یه كه كۆدار له لێدوانی ۱۸‌ی نوامبه‌ری خۆیدا سه‌باره‌ت به راپه‌ڕینه سه‌رتاسه‌رییه‌كان ئێران، پێداگری و جه‌ختی له سه‌ر پێكهێنانی كومیته جه‌ماوه‌رییه‌كان و به‌رده‌وامیدان به سه‌رهه‌ڵدان كردبوو تا گه‌یشتن به ئه‌نجام و سه‌ركه‌وتن.