هه‌په‌گه: ده‌وڵه‌تی تورك به‌قه‌ستی هێرشی كرده سه‌ر هاوڵاتییانی سیڤیل
هه‌په‌گه ڕایگه‌یاند، ده‌وڵه‌تی تورك به‌قه‌ستی هێرشی كردووه‌ته سه‌ر هاوڵاتییانی سیڤیلی باشووری كوردستان كه له ئه‌نجامدا ٤ هاوڵاتیی سیڤیلی بادینان شه‌هید بوون.
هه‌په‌گه ڕایگه‌یاند، ده‌وڵه‌تی تورك به‌قه‌ستی هێرشی كردووه‌ته سه‌ر هاوڵاتییانی سیڤیلی باشووری كوردستان كه له ئه‌نجامدا ٤ هاوڵاتیی سیڤیلی بادینان شه‌هید بوون.
ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل (هه‌په‌گه) ده‌رباره‌ی هێرشی دوێنێی فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كانی سوپای توركی داگیركه‌ر بۆ سه‌ر سنووری شارۆچكه‌ی دێره‌لووك-ی پارێزگه‌ی دهۆك كه له ئه‌نجامدا ٤ هاوڵاتیی سیڤیل شه‌هید بوون، ڕاگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه.
ده‌قی ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی هه‌په‌گه:
له‌نێوان كاتژمێر ١١:٣٠ و ١٣، فڕۆكه‌جه‌نگییه‌كان بۆردومانی ده‌وروبه‌ری گوندی یه‌كمال-ی هه‌رێمی گارا و ناوچه‌ی ڕه‌شاڤه‌ی سه‌ر به دێره‌لووك-یان كرد. هه‌روه‌ها كاتژمێر ١٩:٢٠ ناوچه‌ی قه‌سرۆكی هه‌رێمی حه‌فتانین بۆردومان كرا.
هێرشه‌كه هیچ زیانێكی به هێزه‌كانی گه‌ریلای ئێمه نه‌گه‌یاندووه، به‌لام له ناوچه‌ی ڕه‌شاڤه ٤ هاوڵاتیی سیڤیل به ناوی ئازاد شاهین، ئازاد مه‌جید سه‌یفۆ، ڕێدار محه‌مه‌د تاهیر و واحید عه‌بدولقادر كه له چه‌می زێی گه‌وره ماسییان ده‌گرت، به‌هۆی بۆردومانه‌كه شه‌هید بوون. خه‌ڵكی سیڤیلی ئێمه به‌قه‌ستی له لایه‌ن ٤ فڕۆكه‌ی سیخووڕی ده‌ستنیشان كران و كرانه ئامانج. ته‌رمی ٢ شه‌هید دۆزرانه‌وه و ته‌رمی ٢ی دیكه‌ش هێشتا نه‌دۆزراونه‌ته‌وه. به‌ر له هه‌ر شتێك ده‌ڵێین؛ ئه‌و شه‌هیدانه به‌ر ڕه‌حمی خودا بكه‌ون و سه‌ری كه‌سوكاریان و دانیشتوانی دێره‌لووك ساخ بێت.
سوپای توركی داگیركه‌ر له‌م دواییانه‌دا هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر خاكی باشووری كوردستان زیاد كردووه. نه‌ك ته‌نیا هه‌رێمه‌كانی گه‌ریلا، به‌ڵكوو هه‌رێمی خه‌ڵكی سیڤیلیش ده‌كاته ئامانج. دوایین نموونه‌ش بۆ ئه‌وه، هێرشه‌كانی سه‌ر دێره‌لووك و ئه‌رێدنان. ئه‌م دوو ڕووداوه ڕاستیی ئه‌م بابه‌ته به‌ڕوونی ده‌خه‌نه‌ڕوو. پێشتریش مزگه‌وتی گوندنی بێباد-ی ناوچه‌ی چه‌مانكێ و ماڵی گوندنشینان، هه‌روه‌ها ناوچه‌ی چه‌مچۆ كه ناوچه‌یه‌كی گه‌شتیارییه له‌گه‌ڵ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی له كه‌ناری چه‌می ماركێ سه‌یرانیان ده‌كرد، بۆردومان كران. ئه‌م ڕووداوانه ده‌ریده‌خه‌ن كه ئامانجی مێتینگه‌ریی فاشیست ئه‌وه‌یه له كوردستان شتێك نه‌هێڵێته‌وه به ناوی كوردبوون و هه‌موو به‌ها و ده‌ستكه‌وته‌كان له‌ناوببات. ئه‌كه‌په كه له‌لایه‌كه‌وه به ده‌یان باره‌گه‌ی پێشكه‌وتووی سه‌ربازییه‌وه له كرداردا زۆر ناوچه‌ی باشووری كوردستانی داگیركردووه، له لایه‌كی دیكه‌وه به چه‌كی ته‌كنه‌لۆژیای پێشكه‌وتوو هاوڵاتییانی سیڤیلی ئێمه كۆمه‌ڵكوژ ده‌كات. ئه‌م ڕاستییه ده‌ریده‌خات كه دوژمنایه‌تییه‌كه‌ی له په‌كه‌كه واوه‌تره. ئاشكرایه كه له ڕێی ئه‌و هێرشانه ده‌یه‌وێت چاوی گه‌لی گیانفیدای باشووری كوردستان بترسێنێت، ئه‌مانه له ئه‌نجامی سیاسه‌تێكی پیلانبۆداڕێژراو و به‌زانابوون ده‌كرێن.
له هێرشه‌كانی ٣ ساڵی ڕابردوودا، ته‌نیا له سنووری قه‌زای ئامێدی ٢٠ هاوڵاتییمان به‌قه‌ستی شه‌هید كراون. ئه‌مه له لایه‌ن هیچ وه‌ڵاتپارێزێكی كورده‌وه قبووڵ ناكرێت. به ناوی هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل ڕایده‌گه‌یه‌نین، وه‌رگرتنی باجی ئه‌م مرۆڤه هێژایانه‌مان یه‌كێكه له ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانی ئێمه.
له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه، سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی ئازاد شاهین، ئازاد مه‌جید سه‌یفۆ، ڕێدار محه‌مه‌د تاهیر و واحید عه‌بدولقادر و گه‌لی باشووری كوردستان ده‌كه‌ین. جارێكی دیكه به‌ڵێنمان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه كه به گه‌وره‌كردنی تێكۆشانی خۆمان خاوه‌نداره‌تی له یادی شه‌هیدان ده‌كه‌ین.
s.m