هەدەپەییەکان لە بەردەم زیندانى ئامەد دەست بە چالاکیى ئێشکگری دەکەن

موسا فاریس ئۆگیولاری پەرلەمانتاری هەدەپە رایگەیاند، بۆ پشتیوانیکردن لە چالاکیى بەرخودانى مانگرتن لە رۆژی ٢٧ی کانوونی دووەم دا دەست بە چالاکیى ئێشکگری دەکەن. راشیگەیاند، ئاکەپە بە چڕکردنەوەى گۆشەگیری دەویەوێت پەیوەندیى ئۆجالان لەگەڵ کۆمەڵگە بپچڕێنێت.

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و پەرلەمانتاری جۆلەمێرگی هەدەپە لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ماوەى ٧٦ رۆژە لەچالاکیى مانگرتنى بێسنووردایە. چالاکیى مانگرتنى بێسنووری زیندانیانى ترش لە ٣٨هەمین رۆژدایە. بەلانیکەمەوە ٢٥٠ زیندانی بۆ هەمان ئامانج لە چالاکیى مانگرتنى بێسنووردان. هەروەها لە شاری هەولێری هەرێمى کوردستانى فیدراڵ، لە شاری ستراسبۆرگی فەرەنسا، لە وێڵزی بەریتانیا چالاکیى مانگرتنى بێسنوور بەڕێوەدەچن.

موسا فاریس ئۆگیولاری پەرلەمانتاری ئامەدی هەدەپە لەبارەى چالاکییەکانى مانگرتن بۆ دژایەتیکردنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد، کە بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە بەڕێوەدەچێت بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) قسەى کرد.

 

"دۆخی تەندروستیى گیوڤەن مەترسیدارە"

فاریس ئۆگیولاری رایگەیاند "دۆخی تەندروستیى لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکى کەجەدە لە مەترسیدایە، چونکە چالاکییەکەى بەڕێز گیوڤەن لە ٧٦هەمین رۆژدایە. بەڕێز گیوڤەن زیاتر لە ١٠ کیلۆ لە کێشى دابەزیوە و ناتوانێت بە ئاسانى ئاویش بخواتەوە و هێزیشی تیا نەماوە و سەرباری ئەوەش بە رۆحی بەرخودانەوە درێژە بە چالاکییەکەى دەدات. بەرپرسانى ئاکەپە و سی پی تی و دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و رێکخراوەکانى بواری دادی نێودەوڵەتى بێدەنگن. ئەو بێدەنگییە قبوڵ ناکرێت. ئەوانە لە بەرامبەر راى گشتی و کۆمەڵگەدا و لە بەرامبەر گۆشەگیریدا بێدەنگن، بەڵام گیوڤەنی زیندانیکراو دەستى بە چالاکیى مانگرتنی بێسنوور کردووە و بەو چالاکییە هۆشداریى دایە راى گشتى و کۆمەڵگەى هۆشیار کردەوە".

"دەیانەوێت پەیوەندیى ئۆجالان لەگەڵ کۆمەڵگەدا بپچڕێنن"

فاریس ئۆگیولاری سەرنجی خستە سەر گۆشەگیرى سەر ئۆجالان و پیداگریى ئاکەپە لەو گۆشەگیرییە و لەوبارەیەوە وتى "بە گۆشەگیری لە ئیمراڵی رێگری لەوە دەکرێت، کە بیر و رامانی ئۆجالان نەگاتە کۆمەڵگە. دەیانەوێت بە گۆشەگیری پەیوەندیى ئۆجالان و کۆمەڵگە لە یەکتر داببڕن و دەوڵەت بۆ ئەوەش گۆشەگیریى قورستر کردووەتەوە. بێدەنگی لە دژی گۆشەگیریى سەر ئۆجالان بەردەوامیى پیلانگێڕیى نێودەوڵەتى و رژێمى فاشیستى ئاکەپە و مەهەپەیە، کە شێرەبوونی خۆیان لە هێزە نێودەوڵەتییەکان، سی پی تی، دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا وەرگرتووە و گۆشەگیری قورستر دەکات. بۆ ئەوەى کۆتایى بە گۆشەگیری بهێنرێت، بەڕێز گیوڤەن ماوەی ٧٦ رۆژ و ناسر یاگز ئەندامى ئەنجوومەنى هەدەپە لە هەولێر ٦٥ رۆژە لە مانگرتندایە. چالاکیى ستراسبۆرگیش لە ٣٧هەمین رۆژدایە. بەپێى ئەو زانیارییانەى لە هەولێرەوە گەیشتوون، دۆخی تەندروستیى هەڤاڵ ناسر یاگز مەترسیدارە. داواکانى هەڤاڵانمان روون و رەوایە و دەبێت گۆشەگیری کۆتایى پێ بهێنرێت".

"شێوازى شەڕی تایبەت"

فاریس ئۆگیولاری لەبارەى چاوپێکەوتنى محەمەد ئۆجالان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد وتى "بۆ ئەوەى چالاکییەکانى مانگرتن لە هەر چوار پارچە لەبەر یەک هەڵوەشێنن ئەو چاوپێکەوتنەیان رێکخست. دەبێت ئەوە بە شێوازێکى شەڕی تایبەت لێکبدرێتەوە. لەبەر ئەوەش بە خێرایى محەمەد ئۆجالانیان نارد بۆ ئیمراڵی. ئەو چاوپێکەوتنەش ئەوەى سەلماند، کە چاوپێکەوتنەکە بۆ کۆتایهاتن بە گۆشەگیری نەبووە. ئامانجی سەرەکییان ئەوە بووە، کە بەرخودان و چالاکییەکانى مانگرتن کە رۆژ لە دواى رۆژ بەفراوانتر دەبن، کۆتایى پی بهێنن".

"لەبەردەم دەرگاى زیندان چالاکیى ئێشکگری"

فاریس ئۆگیولاری راشیگەیاند، رۆژی ٢٧ی کانوونی دووەەمی ٢٠١٩ / ٧ی رێبەندان و بە بەشداریى پەرلەمانتارانى هەدەپە لە بەردەم زیندانى جۆری ئیى ئامەد دەست بەچالاکیى ئێشکگری دەکەن. لەوبارەیەوە وتیشی "بۆ ئەوەى ئێمە ببین بە دەنگ و هاواری زیندانەکان لە رۆژی ٢٧ی کانوونی دووەم / ٧ی رێبەندان بە بەشداریى پەرلەمانتارانى هەدەپە لە بەردەم دەرگاى زینداندا دەست بە چالاکیى ئێشکگری دەکەین. تاوەکو چالاکی لە زیندانەکان بەردەوامیى هەبێت ئێمە بەردەوام دەبین لە جموجوڵ و هەوڵەکانمان. ئێمە بە چالاکییەکەمان دەنگی خۆمان بە چالاکوانە مانگرتووەکانى زیندان دەگەیەنین. بێدەنگی مردنە و دەبێت هەموو کەسێک ببێتە دەنگی ئەو هاوارە".

فاریس ئۆگیولاری لە کۆتایى قسەکانیدا ئەوەشی وت، ئەگەر شەهادەتێک روو بدات بە دڵنیاییەوە بەرپرسیاری ئەو شەهادەتە رژێمى فاشیستیى ئاکەپە و مەهەپەن.

ر.م