هەپەگە: دەوڵەتی تورک لەسەر ناوی ڕاوکردن سیخور دەنێرێتە هەفتانین

فەرماندەیی عەیالەتی هەفتانینی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ڕایگەیاند، دەوڵەتی تورک لەسەر ناوی ڕاوکردن و کۆکردنەوەی دار سیخور دەنێرێتە هەرێمی هەفتانین. فەرماندەیی عەیالەتی هەفتانین تا ڕاگەیەنراوێکیتر ڕاوکردنی لە هەرێمەکە ڕاگرتووە.

ڕاگەیەنراوەکە بەم شێوەیەیە:

"هەروەک دەزانرێت داگیرکەرانی کوردستان بە تایبەتی دەوڵەتی فاشیستی تورک بە ئامانجی قڕکردن و لەناوبردنی گەلەکەمان و گەریلاکانی ئازادی کوردستان، هەموو ڕێگەیەکی چەپەڵ دەگرنەبەر، یەکێک لەو ڕێگانەش کاری هەواڵگیری و سیخوڕییە، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ جێبەجێکردنی ئەم مەبەستە، بەداخەوە هەندێک کەسی بێ نرخ، وەک هاوکاری خۆی بەکاردێنێت، ئەوەندەی بۆمان ڕوون بووەتەوە و ئاگادارین لێی، بەم دوواییانە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەژێر ناوی ڕاوکردن و کۆکردنەوەی دار و هتد ... بە ڕێگای جیاواز کەسانی سیخوڕی خۆی دەنێرێتە ناوچەکە و لە ڕێی ئەو کەسانەوە دەیانەوێت لەسەر هەڤاڵانی ئێمە و بارەگاکانمان زانیاری کۆبکەنەوە.

لە بەردەوامیدا هاتووە: بۆ ئەوەی بتوانین پێش بەو کارانەی دوژمنانی گەلی کورد بگرین، وەک فەرماندەیی ئەیالەتی هەفتانین، بە گشتی ڕاوکردن لە ناوچەکە قەدەغە دەکەین، بۆ ئەوەی هەڵەیەک دروست نەبێت، پێویستە گەلە وڵاتپارێزەکەمان کە لە گوندەکانی ناوچەکە دەژین، بە هیچ شێوەیەک بۆ ڕاوکردن، نەچنە ناوچە سەربازییەکان، ئەگەریش بەهۆی بارودۆخی زستانەوە پێویستییان بە کۆکردنەوەی دار هەبوو، پێویستە حەتمەن سەردانی ڕێکخراوی پەیوەیندییەکانی گەل لە ئەیالەتی هەفتانین بکەن و بە مۆڵەت و بەڵگە بچنە ناوچەکە و بۆ خۆیان دار کۆبکەنەوە، هیوادارین گەلی وڵاتپارێزمان لە گوندەکانی ناوچەی هەفتانین بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو سیاسەتانەی دوژمن، هاوکار بن و لەم چوارچێوەیەدا بجوڵێنەوە.

ف.ق