ئەرۆدۆغانی سەرۆک کۆماری تورکیا لە چوارچێوەیەکی بەشداریکردن لە بەرنامەیەکی تەلەفیزیۆنیدا وەکو جاران، دیسان هەڕەشەی هێرشکردنە سەر کەمپی پەنابەرانی مەخموور-ی شەهید روستەم جودی کردبوو. لە دژی هەڕەشەکانی ئەردۆغان بۆسەر کەمپەکە خەڵکی مەخموور لەگەڵ خوێندکار و منداڵانی ناوچەکە رژانە سەر شەقام و ئەردۆغان و بێدەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکانیان شەرمەزار کرد.
چالاکییەکە لە بەردەم بنکەی شارەوانییەوە دەستی پێکرد و تا بەردەم باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام بوو. لە رێپێوانەکەدا لەگەڵ بەرزکردنەوەی وێنەو پۆستکارتی عەبدولا ئوجالان رێبەری گەلی کورد و ئاڵاکانی پەکەکە و کەجەکە و کەژەکە و پانکارتی 'دیکتاتور بۆ ماوەیین، خۆڕاگریی گەڵان هەمیشەیین' بەرز کرانەوە. دواتر رێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەو کۆبوونەوەی جەماوەری.
دوای وەستانی خولەکێک بۆ گیانی پاکی شەهیدان، لەسەر ناوی ئەنجومەنی گەل-ی مەخموور مامۆستا مەلا شیرین قسەی کردوو تیشکی خستە سەر هێرش و هەوڵە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک و ئەردۆغان و وتی: دوژمنایەتی دەوڵەتی تورک لە مێژووەوە تا ئێستا بەرامبەر بە گەلی کورد هەیە. نمونەکانیشی کۆمەڵکوژی دێرسم و بۆتان و ئاگری و زیلان و قۆچگرییە. بە تایبەتیش هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی گەلی کورد، بە هاتنی ئەردۆغان زیادی کردووە."
مامۆستا مەلا شیرین لە بەردەوامی قسەکانیدا باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کرد و وتی:" دەوڵەتی تورک خۆی لە بەرامبەر دەستەکەوتەکانی گەلی کورد راناگرێت. هێرشی کردە سەر سەرێکانی و گرێ سپی. لەو هێرشانەدا بە دەیان ژن و منداڵ و گەنج کوژران. دەوڵەتی تورک لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی تێر نابێت. ئێستاش هەڕەشە لە پەنابەران دەکات. هەڕەشەکانی ئەردۆغان لە ئەخڵاقی مرۆڤایەتی دەرچوون. چۆن دەبێت سەرۆکی دەوڵەتێک هەڕەشە لە پەنابەران بکات."
مەلا شیرین لە کۆتایی قسەکانیدا پەیامێکی ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەورۆپ کرد کە ئەرکەکانیان جێبەجێ ناکەن و وتی:"ئێمە بانگ لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ-ی ئەورۆپا دەکەین کە لە چوارچێوەی پاراستنی مافی پەنابەران ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن. ئامانجی ئەردۆغان بڵاوەپێکردنی پەنابەرانی مەخموور-ی خۆڕاگرە. با ئەردۆغان و هاوکارانی ئەوە باش بزانن کە ئەم گەلە هیچ کاتێک بڵاوەی پێناکرێت و لە دژی هەڕەشەکانیش خۆڕاگرییەکە بەرفراوانتر دەبێت."
گردبوونەوەکە دوای قسەکان بە دروشمی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' و ' بژی خۆڕاگریی گەلی مەخموو' کۆتایی پێهات.
ز.ش