ڕژێمی ئاكه‌په‌: له‌ شیعره‌كانی ئه‌حمه‌دی خانی-دا وشه‌ی گوماناوی هه‌یه‌!

پارێزگاری شاری وان تابلۆی شیعره‌كانی ئه‌حمه‌دی خانی و ئه‌حمه‌د عارف له‌گه‌ڵ هۆنراوه‌ی گۆرانییه‌كانی ته‌حسین ته‌ها و محه‌مه‌د عارف جزراوی له‌ كۆڵانی هونه‌ر لابرد.

له‌ شاری وانی باكووری كوردستان ده‌وڵه‌ت ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر مێژوو و به‌ها كولتوورییه‌كانی كوردان و به‌رگه‌ی زمان و كولتووری كوردی ناگرێت. ناوه‌ كوردییه‌كانی هه‌موو كۆڵانه‌كانی شار ده‌گۆڕدرێن و ده‌كرێنه‌ ناوی وه‌ك توركئۆغلو، ئه‌منیه‌ت، جه‌زائه‌ڤی، شێخ شامیل و عوسمان چوڤووش.

له‌و‌ سه‌رده‌مه‌ی كه‌ شاره‌وانیی له‌ ده‌ستی ده‌به‌په‌ (پارتی هه‌رێمه‌ دیموكراتییه‌كان)دا بوو، پارێزگار و ئاسایشی ده‌وڵه‌ت ویستیان له‌ پاركی هونه‌ر سه‌ربازگه‌یه‌ك ساز بكه‌ن، به‌ڵام شاره‌وانیی ئیپه‌كیۆلو له‌ دژی وه‌ستایه‌وه‌ و ئه‌و شوێنه‌ی كرده‌ پاركی شار.

«وشه‌ی گوماناوییان تێدایه‌!»

دوای ئه‌وه‌ی شاره‌وانییه‌كان ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرا له‌ لایه‌ن ڕژێمی ئاكه‌په‌، پارێزگاری وان موراد زۆرلوئۆغلوو بڕیاری بۆ قائیمقامه‌كان ده‌ركرد و فه‌رمانی كرد هه‌موو ئه‌و تابلۆیانه‌ی «پڕوپاگه‌نده‌ بۆ ڕێكخراوی تێرۆریستی ده‌كه‌ن» لاببرێن.

قائیمقامی ئیپه‌كیۆلو جه‌میل ئۆزتورك ئه‌و تابلۆیانه‌ی لابرد كه‌ شیعره‌كانی ئه‌حمه‌دی خانی، ئه‌حمه‌د عارف و تێكستی گۆرانییه‌كانی ته‌حسین ته‌ها، محه‌مه‌د عارف جزراوی، ئه‌حمه‌د كایا و وته‌كانی یڵماز گیونه‌یان له‌سه‌ر نووسرا بوو. ئه‌م ڕێكاره‌ به‌بیانووی ئه‌وه‌ كراو گوایه‌ «وشه‌ی گوماناوی» له‌نێو نووسینه‌كاندا هه‌یه‌.

s.m