ڕۆژنامەنووسانی کەرکوک بۆ وەڵامدانەوەى هەڕەشەکان کۆنگرەی نەتەوەیی بە پێویست دەزانن

ڕۆژنامەنوسانی کەرکووک ڕایدەگەیەنن ناوهێنانی باشووری کوردستان بە زەلکاو لە لایەن ئەردۆگانەوە ئەوە دەسەلمێنێت لەهەر شوێنێک کیانێکی سەربەخۆ هەبێت دوژمنایەتی دەکات، داواکارن کۆنگرەی نەتەوەیی ببەسترێت بۆ وەڵام دانەوە بۆ ئەو قسانە و هەڕەشەکانی سەر کوردان.

ڕۆژنامەنووسان داواکاریشن حکومەتی هەرێم و حیزبەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بە پەیوەندیەکانیاندا بچنەوە لەگەڵ تورکیا و هاو ئاوازەکانیان و چیتر بە ناوی بازرگانی و دۆستایەتییەوە ڕێگە نەدرێت سیادەی کوردستان پێشل بکرێت .

 

سۆران مەحەمەد ڕۆژنامەنووسێکی شاری کەرکووکە و بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)-ی ڕاگەیاند: "بە داخەوە ناوهێنانی باشووری کوردستان بە زەلکاو و تەنانەت بە ناوی هەرێمی کوردستانیشەوە ناوی ناهێنێت، بەڵکو بە باکوری عێراق ناوی دەبات ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت هەر کوردێک لەهەر کوێیەک بێت ئەوان دژایەتیی دەکەن بەتایبەتی لە رۆژئاوای کوردستان و لە باشوری کوردستان. ناو‌هێنانی کوردستان بە زەلکاو ئەو فشارانە دەرەخات لە ناوخۆ و دەرەوە لەسەرێتی ئەوە دەرخەری ئەوەیە کورد لە ڕۆژئاوا خاوەنی ستادیۆیەکە خەباتی گەلەکەمان لە باکور گەیشتووەتە لوتکە و وەکو ڕۆژنامەنووسانی کەرکووک ئەو قسانە شەرمەزار دەکەین بۆ وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو قسانەش کۆنگرەی نەتەوەی بە پێویست دەزانم".

ڕاشیگەیاند: "پێویستە حکومەتی هەرێم و پارتەکان لە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تورکیا بوەستن چونکە تورکیا پشکی شێری بەرکەوتوە لە کوشتنی ژن و پیر و گەنجانی کورد و خاوەنی گەورەترین کوشتن و بڕێنە لە ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاستدا، بۆیە پێویستە پێداچوونەوەیەک بە پەیوەندییەکاندا بکرێت و چیتر بە ناوی بازرگانی و دۆستایەتی ئەو قسانە قبوڵ نەکەن، چونکە ئەو کوردستانەی ئەوان شانازیی پێوە دەکەن ئەو بە زەلکاو ناوی دەبات".

ڕەوان تاڵب بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)-ی وت: 'ئەردۆغان لە دوایین لێدوانیدا ئاماژەی بەوەکرد ئاوات ناخوازن کوردانی ڕۆژئاوا کیانێکی سەربەخۆی سیاسییان هەبێت بۆ خۆبەڕێوبردن. ئەو نایشارێتەوە دژایەتی هەموو کیانێک دەکات کورد هەیبێت. ئەردۆغان ئەوەی نەشاردووەتەوە، کە دژایەتیی ئەم کیانەی باشووری کوردستان دەکات. ئەم قسانەی ئەردۆغان بۆ ئێمەی کوردان شتێکی سەیر نەبوو، بوونی کیانێکی کوردی سەربەخۆ مەترسی نییە بۆسەر تورکیا چونکە مێژوو سەلماندویەتی تەنها تورکیا مافەکانی کوردی پێشێل کردووە".

وتیشی: "ئەم وتانە مەترسیی خۆی هەیە ئەو هەڵبژاردنی لە پێشە بۆ ئەوەی ببێتە کەسی یەکەم بە کرداری هەنگاو دەنێت بۆ جێبەجێکردنی قسەکانی پێویستە یەکگرتوویی کوردان بێتە کایەوە بە یەک ڕەنگ و دەنگ کاربکەن بۆ پوچەڵکردنەوەی ئەو قسانەی ئەردۆغان. پێویستە کوردانی باشوور و ڕۆژئاوا بە هاوکاریی کوردانی پارچەکانیتر کاربکەن بۆ ئەوەی ئەردۆغان نەتوانێت قسەکانی بکاتە کردار و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لێ ئاگادار بکەنەوە و بڵێن، ئەمەیە سیاسەتی فاشیستیی تورکیا بۆ ئەوەی ئەو هاوکارییانەی لێی دەکرێت ڕابگیرێت و هاوکاریی ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر بکرێت".

محێدین عومەر بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)-ی ڕاگەیاند: "بەڵێ بۆ ئەو جەنگەڵستان بووە، هەر کاتێک ویستبێتی  هێز بجوڵێنێت یان داهات و خێری بەشێک لە باشووری کوردستان بەرێت هەمیشە رێگا و دەرگای بۆ کراوە بووە، بۆیە جێی سەرسوڕمان نییە ئەو بەو شێوەیە ناوی بێنێت زیاتر پارتی پەیوەندیی هەیە لەگەڵی و مەجالی داوە وا وەسفی بکات.  سەرانی پارتی وادەشوپهێنێت، چونکە حکومەت زۆرینەی بە دەست پارتیەوەییە، بەڵام بۆ پاراستنی سیادەی خۆیان و حکومەتی هەرێم پێویستە پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانیان دا بکەن و پێویستە چیتر ڕێگە نەدات بە دڵی خۆیان تەراتێن بکەن بۆردومانی ئاسمانی بکەن، یاخود بنکەی سەربازی دابنێت، یان بازرگانیی نەوت بکات، بۆ ئەوەی بزانێت ئەمە کیانێکی سەربەخۆیە و خاوەن سیادەیە زو جەنگەڵستان نییە".

ڕاشیگەیاند: "یەک هەڵوێستی دەمانگەیەنێتە ئامانج و کۆنگرەی نەتەوەیی زۆر پێویستە بۆ ئەوەى کورد یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بێت. حکومەتی هەرێم بەتەنیا خاوەندارێتی لە باشووری کوردستان  ناکات و مەبەستم ئەوەیە ئەم قسانەی ئەردۆغان زیاتر بەرۆکی پارتی دەگرێت و پێویستە پارتی و هەموو کورد لەهەر چوار پارچە بە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ تورکیا و ئەو لایانانەی لەگەڵ تورکیادان بچنەوە".

ر.م