ژنە چالاکوانێکی شابادی لەلایەن هێزێکی دەمامکدارەوە دەستگیرکرا

هێزێکی ئەمنیی دەمامکداری رژێمی ئێران هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ژنە چالاکوانێکی شاری شاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەستگیریان کرد.

بە پێی هەواڵێکی رۆژ نیۆز، ئەمڕۆ لە شاری شاباد لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێزێکی دەمامکدار هەڵیان کوتایە سەر ماڵی ئانیسا جەعفەری مێهر و دەستگیریان کرد.

بەپێی وتەی کەسوکارەکەی، ئەو هێزە دەمامکدارە لەکاتی هەڵکوتانە سەر ماڵی ئانیسا جەعفەری مێهر، دەستیان گرتووە بەسەر کەلوپەلی تایبەتی، مۆبایل، لابتۆپ و کتێبەکانی-دا.

باسیان لەوەشکرد، کە هێزە دەمامکدارەکە ژمارەیان نزیکەی ٢٠ کەس بووە بە چەندین ئۆتۆمبێلەوە، چوونەتە سەر ماڵەکەیان و حوکمی داگایان پێبووە، کە گوایە ئانیسا "دژی ئاسایشی نەتەوەیی" کاری کردووە.

کەسوکار و خانەوادەی ئانیسا، نازانن کە کچەکەیان لەلایەن ئەو هێزەوە بۆ کوێ براوە و لە ئێستادا لە کوێ ڕادەگیرێت.

ئانیسا جەعفەری مێهر، کە خوێندکاری ماستەری زمانناسی بووە، خەریکی تەواوکردنی نامەی ماستەرەکەی بووە کە لە بواری زمانی کوردیی و بە تەرکیز لەسەر زاراوەی "کەلهوڕی" نووسیویەتی.

ئانیسا چالاکوانێکی بواری زمان و ئەدەبی کوردییە و لە ئێستادا ئەندامی ئەنجومەنی نووسەرانی گۆڤاری "ژ"ـیە کە لە ئاستی ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری ئەدەبیاتی کوردی بڵاو دەکرێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر چوار کەس لە چالاکوانانی شاری "شاباد"، بە ناوەکانی ئاکۆ جەلیلیان- نووسەر و لێکۆڵینەر، سوهراب مورادی و داریوش موردای- چالاکوانی فەرهەنگی و ئەحمەد بەساتی- شاعیر، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکراون و گوازراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ز.ش