کاڵکان: ئەمە بەرخودانى سەرکەوتنە

دوران کاڵکان ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە رایگەیاند، بەرخودان بە پیشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن بەرخودانى سەرکەوتنە و راشیگەیاند "چالاکییەکە بە بچووکی دەستیپێکرد، بەشداریکردن لە چالاکییەکەدا بەدیهات، گەورە بوو، نوێ بوویەوە و بە ئەنجامیش دەگات".

دوران کاڵکان ئەندامى کۆمیتەى بەڕێوەبەریى پەکەکە میوانى بەرنامەى "ئولکەدەن" بوو لە کەناڵی ئاسمانیى مەدیا هەبەر تیڤی بوو.

دوران کاڵکان رایگەیاند، هەڵمەتى 'گۆشەگیرى تێکدەشکێنین، فاشیزم هەڵدەوەشێنین، کوردستان ئازاد دەکەین' تاوەکو دەچێت چوارچێوەیەکى گشتیى سیاسی و کۆمەڵایەتى وەردەگرێت و بووەتە دەستپێشخەرییەکى کاریگەر. لەیلا گیوڤەن و ناسر یاگز هەموو ئەو کەسانەى لە زیندانەکاندا و لە دەرەوە دەستیان بە چالاکیى مانگرتن کردووە و بەشداری ئەو هەڵمەتە شۆڕشگێڕییە بوون و دۆخەکە گەیشتووەتە قۆناغێکى گرنگ. پێداگری هەیە لە دژی هێرشەکان، گوشارەکان و زۆرداری و ملهوڕی. داوا دەکرێت گۆشەگیرى تێکبشکێنرێت، کە ماوەى ٢٠ ساڵە بەردەوامە. لە ئیمراڵی سیستمێک بە ناوی سیستمى ئەشکەنجە و گۆشەگیری هەیە. ئەوە بە پیلانگێڕیى ١٥ی شوباتەوە دەستیپێکردووە و رێبەر ئاپۆ ئەوەى بە "رۆژی سڕینەوەى کورد" ناساندووە. گەلەکەشمان ٢٠ساڵە دەڵێن "رۆژی رەش" و ٢٠ ساڵە بە دروشمی "ئێوە ناتوانن رۆژمان تاریک بکەن" لە دەوری رێبەر ئاپۆ بەرخودانێکى فیداییانەیان وەک ئەڵقەى ئاگر دەستپیکردووە و بەردەوامە.

دوران کاڵکان راشیگەیاند "گەلی کورد نایەوێت بە گۆشەگیری بژی. گەل دەڵێت، نایانەوێت لەگەڵ سیستمى ئەشکەنجە و گۆشەگیری و پیلانگێڕیى ١٥ی شوبات دا بژین و دەبێت ئەوانە کۆتاییان پێ بێت. لەسەر ئەو بنەمایە بزووتنەوەکەمان و گەلەکەمان لەو ٢٠ ساڵەدا زیاتر ١٠ هەزار شەهیدی داوە و ئیمە لە راستیى لەیلا بوون بۆ کوردستان تێدەگەین".

ئەوەشی وت "لە حەوتەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی ١٥ی شوباتدا ڤیان سۆران لە دژی گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد رایگەیاند، من نامەوێت هەرگیز لە ژێر گۆشەگیری و ئەشکەنجەى ئیمراڵی و ١٥ی شوباتدا بژیم و بۆ ئەوەش ئاگری لە جەستەى خۆی بەردا. ڤیان سۆران خەڵکى سلێمانى بوو و ئەویش ناوی لەیلا بوو. ڤیان سۆران ئەندامى کۆمیتەى دامەزرێنەری پەکەکە بوو و بەڕێز و منەتدارییەوە یادی بەرز رادەگرین. گرنگیشە گەلی باشوور لە دەوری ڤیان سۆران و ئامانجەکەى کۆببنەوە و کار بۆ تێشکاندنى گۆشەگیری بکەن. داوا دەکەم لە کوردستان تێگەیشتنێکى راست و دروست و شیاو لەبارەی لەیلا بوونەوە دروست ببێت و بە شێوەیەکى بەهێزتر بەشداری لە تێکۆشانی ئازادی دا بن".  

وتیشی "ئەو قارەمانیەتییە کە ئێستا بە پێشەنگایەتیى لەیلا گیوڤەن بەڕێوەدەچێت و بە بەرخودانى مانگرتنى ١٤ی تەمووزی ١٩٨٢دەستیپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامە و رۆژ لە دواى رۆژیش گەورەتر و گەشتر و بەرفراوانتر دەبێت. ئامەد دڵ و مێشکى کوردستانە و گۆرەپانى سەرەکی و بنەڕەتیى وڵاتپارێزی و هەموو تێکۆشانێکە. بۆ ئەوەش ئاساییە کە ناوەندی بەرخودانە. بەرخودانى ١٤ تەمووز لە ئامەد و ئەمڕۆش بەرخودانەکەى لەیلا و هاوڕێکانى لە ئامەدەوە دەستیپێکردووە. پێویستیشە ئەو تێکۆشانە بەرفراوانتر بکرێت، چونکە بەرخودان بەهادارترین و گەورەترین شکۆ و نرخە و ئەو بەرخودانەش سەرفرازییە، چونکە چالاکیى مانگرتن گوشارێکى زۆری لەسەر دوژمن دروستکردووە".

دوران کاڵکان باسی ئەوەشیکرد "یەکێتى بۆ کورد کارێکى سەرەکى و بنەڕەتییە. لە دژی داگیرکەریى عەفرین بەرخودان کاری سەرەکى و بنەڕەتییە. رۆژئاوا لە بەرخوداندایە. گرنگە لایەنەکان لە یەکتر نزیک ببنەوە و یەکگرتوو بن، چونکە یەکێتى زۆر گرنگە. لە رۆژئاوا بانگەوازی بۆ یەکێتى کرا و هەندێک لایەن بە دەم بانگەوازەکەوە چوون. ئەوانەى تورکیا بۆ عەفرین پشتگیرییان دەکات لاواز و بێهێزین. لە باکوور بەهۆی هەڵبژرادنەوە یەکێتیى کورد دروستبووە و ئێمە ئەوە بە هێژا دەزانین، چونکە حیزبە کوردییەکان بە یەکێتیى دیموکراتیک دەتوانن گەشە بکەن".

کاڵکان لە بەردەوامیى قسەکانیدا ئەوەشی وت "بە رێزەوە یادی شەهیدانی دێرەلوک بەرز رادەگرین. یەکێتى کورد و لایەنە کوردییەکان گەش و بەهێز دەکات. ئەگەر پەکەکە بەهێز بێت ئەوا پەدەکە و یەنەکەش بەهێز دەبن، بۆیە ئەو بیرکردنەوەیە کە دەڵێت 'پەکەکە بکشێتەوە من بەهێز دەبم' بیرکردنەوەى زۆر هەڵەیە و تەنانەت خۆشیان دەزانن کە وا نییە و هەموو کەسیش ئەوە دەزانێت. نابێت هێز و لایەنەکان بۆ بەرژەوەندیى بچووک و هەندێک زەحمەتى و گوشار هەڵوێستى لەو جۆرەیان هەبێت. تورکیا ناوچەکانى باشووری کوردستان بۆردومان دەکات و دوێنێش لە دێرەلوک گوندی رەشاوای بۆردومانکرد. لە بۆردومانەکاندا بەلانیکەمەوە ٤ هاووڵاتى شەهید بوون. دەبێت لایەنەکان لەوبارەیەوە هەڵوێستێکى روونیان هەبێت، کەس مافی ئەوەى نییە کە هەموو رۆژێک هێرش بکاتە سەر کۆمەڵگە و هاووڵاتییان شەهید بکات. لەبەر ئەوەش پێویستى بە یەکێتیى پاراستن هەیە و کاتێک یەکێتى دروست بێت هەموو کەس و لایەنێک پێویستى بە کورد دەبێت".

کاڵکان ئەوەشی وت "بۆ عەفرین مرۆڤ قسە نەکات، بەڵکو مرۆڤ دەبێت شەڕی بۆ بکات. عەفرین بۆ ئەوەى رزگار بێت دەبێت شەڕی بۆ بکرێت و عەفرین بە قسە رزگاری نابێت. رووسیاش داواى چیى لە کوردان هەیە پێویستە بە روونی بە کورد بڵێت. رێککەوتنى ئەدەنە کە تورکیا لەگەڵ رووسیا باسی دەکات، رێککەوتنى پیلانگێڕییە. ئەو رێککەوتنە کە ساڵی ١٩٩٨ لە نێوان تورکیا و سوریا ئەنجامدرا، سوریاى بەم رۆژە گەیاند. ئەوەى لە سوریا روودەدات بەهۆی دەرەنجامەکانى ئەو رێککەوتنەوە بوو. ئێستاش لە دواى شەڕ و وێرانکاریى تورکیا لە سوریا، دەیانەوێت چاوپێکەوتنى نێوان ئەردۆغان و ئەسەد دروست بکەن. رێککەوتنى ئەدەنە بە مانای شەڕە و بۆ سوریا دەبێتە کارەسات. گرنگە رووسیا نەبێتە کلکی ئاکەپە و مەهەپە و داگیرکەری کۆمەڵکوژکاری پاکتاوکار".

کاڵکان ئاماژەى بەوەشکرد، تورکیا هەموو رۆژ هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوا و باکوور و رۆژهەڵاتى سوریا و تا ئێستا عەفرین و چەندین ناوچەى داگیرکردووە و پلانى ئەوەشی هەیە منبج و ناوچەکانى تر داگیر بکات بۆ ئەوەش بە بەردەوامی هێز کۆدەکاتەوە و هەڕەشە دەکات و یارمەتیى گروپە چەکدارەکان دەدات، بەڵام تورکیا دەبێت ئەوە بزانێت "قەسەدەش دەتوانێت لە ئیستەنبول و ئەنقەرە بدات و دەبێت باش لەوە تێبگەن".

دوران کاڵکان ئەوەشی وت، گرنگە گەل یەکتر بناسن و ژیانى هاوبەش قبوڵ بکەن و ئەوەش کێشەى سوریا و چارەسەری دیموکراتیک گرنگە.

ر.م