کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان(کەنەکە)، بەبۆنەی هاتنی ساڵی ٢٠١٩ وە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا پیرۆزبایی لە کوردستانیان و تەواوی جیهان دەکات.
کەنەکە لە پەیامەکەیدا، تیشکی خستووەتە سەرهێرش و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ئەمساڵدا لەسەرباکوور، باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان تا داگیرکردنی عەفرین، ئاماژەشی بە تێکۆشان و بەرخۆدانی گەلی کورد کردووە لە بەرامبەرئەو پەلامارانەدا و دەڵێت"هەتا ئێستاش شەڕو بەرخۆدان لە عەفرین هەربەردەوامە، ئەو بەرخۆدانەش تاکو رزگارکردنی عەفرین هەربەردەوام دەبێت".
هەروەها، باسی لە گرنگیی چالاکییەکانی دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان کردووە، بەتایبەت چالاکیی مانگرتن لە خورادن لە زیندانەکاندا و دەڵێت:"ئێستا شۆڕشگێڕانی کوردستان زیندانەکانی داگیرکەرانیان کردووەتە مەیدانی بەرخۆدان، ئەم بەرخۆدانە چ لە زیندان یان لە بواری گەریلایی و سیاسیدا بێت، بەرخۆدانێکی بێ وێنەیە، پیرۆز و رەوایە".
کەنەکە، نیگەرانە لەوەی دوای "داگیرکردنی کەرکوک"، هێزە کوردییەکان نەیانتوانی وانە وەرگرن و هەنگاو بۆ یەکێتی نەتەوەیی هەڵبێنن، هیواش دەخوازێت، کە لە ساڵی نوێدا هەنگاوی جدیی بەرەوە یەکێتی نەتەوەیی وچارەسەرکردنی کێشەکانی بنێردرێت.
سەبارەت بە رۆژهەڵاتی کوردستانیش، دەڵێت:"خۆپاراستن و تێکۆشانی گەل بەردەوامە، رژێمی ئێرانیش وەک تورکیا لەمساڵدا لە هێرشەکانی بەردەوام بوو، هێرشی کردە سەر باشووری کوردستانیش. گەلی کوردستان وهێزە کوردستانییەکان وەڵامی ئەو هێرشانەیان دایەوە و خۆشیان پاراست".
باسی لەوەش کردووە،"هەرچەندە ئێران بتوانی لە دەرەوەی خۆشی هێرش بکات، بەڵام لە کێشەی ناوخۆیی قووڵدایە، لە ئەنجامدا ئەو کێشانە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەبنە هۆکاربۆدامەزراندنی دەسەڵاتێکی دیموکراسیی و بەدیهێنانی ئاشتیی ئازادیی".
کەنەکە، سەرنجی ڕاکێشاوەتە سەرهێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەرڕۆژئاوای کوردستان و دەڵێت:"ئێستا دۆخی ڕۆژاوا جێگایەکی سەرەکی لە وتوێژە نێودەوڵەتییەکاندا گرتووە، هێزەکانی پاراستنی گەل بە هەمووشێوەیەک لە دۆخی ئامادەباشییدان، رێبەرە سیاسی و ئیدارییەکانی ڕۆژئاواش لە ناوکار و خەباتێکی فراوانی سیاسی و دیپلۆماسیدان. رۆژئاوا لە هەموو روویەکەوە پێویستی بە هاوکاریی هەیە، پاراستنی دەستکەوتەکانی خاڵی سەرەکییە، پێویستە هەموو گەلی کوردستان و هەمووهێزە کوردستانیەکان و دۆستانی دۆزی کوردستان، بەردەوام لە ناو کارو چالاکیدا بن، خاوەندارێتی لە رۆژاوا خاوەندارێتییە لە هەموو کوردستان".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، کەنەکە بە گرنگیی دەزانێت، کە پێداچوونەوە و لێپێچینەوەی ناوخۆیی بکرێت، چونکە کۆڕیی لە تێکۆشان و سیاسەتدا هەبووە، جەختیش دەکاتەوە، "دەبێت کوردان هەرسەربکەون، چونکە لە دۆزی کوردستاندا جگە لە سەرکەوتن هیچ بەدیلێکی ترنییە ".
ک-ش