جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە بەشداری لە بەرنامەیەکی تایبەتی ستێرک تیڤیدا کرد. بایک لە بەشی دووهەمی بەرنامەکەدا تیشکی خستە سەر شەڕ لە گۆڕەپانی کوردستان و کێشەکانی باشوری کوردستان، رێکەوتنی ئاکەپە-مەهەپە-ئەرگەنەکون، هێرشەکانی دژی گەلی کورد و هێزە دیمۆکراتەکان و خۆڕاگری گەریلا لە بەرامبەر ئەو هێرشانە.
بایک وتی، هەر چیەک دەبێت با ببێت، هیچ پارتێکی کوردی بۆی نیە ببێت بە هاوکاری دوژمنانی گەلی کورد و هاوکات جارێکی تر بانگەوازی بۆ دیالۆگ کرد.
-چەندین رۆشنبیر، نووسەر، ژن و گەنجی کورد، بە گشتی گەلی کورد لە دژی سیاسەتی شەڕخوازانەی پەدەکە وەستانەوە و ئەو گێرەشێوێنیانەیان وەکو هاوکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورک پێناسە کرد. هەڵوێستێکی نەتەوەییان خستەڕوو. لە بارەی ئەو هەڵوێستە نەتەوەییەوە ئێوە چی دەڵێن، بۆ ئەوەی جارێکی تر لە ناو هێزە کوردیەکاندا شەڕێ روونەدا، دەبێت بکرێت؟
کاتێک هێزیان رەوانەی زینی وەرتێ کرد، دواتر بۆ خواکورک و دوایین جارین هێز رەوانەی گارێ کرا، لە ناو گەلی کورددا لە دژی ئەمە هەڵوێستێکی گشتی خرایەڕوو. لە هەموو شوێنێک، لە دەرەوەی وڵات، کۆمەڵگای کوردی وتی ئێمە لە دژی شەڕی ناوخۆین. چونکە ئەو شەڕەی روودەات زیان تەنها بە پەکەکە ناگەیێنێت، بەڵکو زیان بە گشت گەلی کورد دەگەیێنێت. زیان بە هەموو بەشەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش دەگەیێنێت. گەلی کورد خۆی لە جیهان ناساندووە. هیچ کەسێک مافی ئەوەی نیە گەلی کورد بخاتە مەترسیەوە و شکست بە گەلی کورد بهێنێت. ئێمە قبوڵی ناکەین. دۆستانی گەلی کوردیش وتیان، لە پەرلەمانی ئەوروپاش ئەوانەی دۆستی کوردن وتیان کە دەبێت کورد کێشەکانی خۆی بە رێگەی دیالۆگ چارەسەر بکات. دەبێت هیچ کات شەڕ نەکەن، ئەمە زیان بە گەلی کورد دەگەیێنێت.
لە هەموو پارچەکانی کوردستان، ژنانی کورد، گەنجان، رۆشنبیران، هونەرمەندان، کەسانی ئەکادیمی، هەندێک سیاسەتمەداری کورد، لە هەموو بەشەکانی کوردستان وتیان، 'ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین'. دەبێت کورد لە گەڵ یەکدی شەڕ نەکات، دەبێت بە یەکەوە لە ناو دیالۆگدا بن و هاوکاری یەکدی بن. ئەمەیە دەبێتە هۆی سەرکەوتن بۆ ئێمە. ئەمە چی ئاشکرا کرد، هەموو کەسێک تێگەیشت کە گەلی کورد لە رووی زانابوونەوە زۆر پێشکەوتووە، تێگەیشتووە. گەلی کورد ئیدی دەزانێت چی زیانێ پێدەگەیێنێت و چی سوودی پێدەگەیێنێت. ئەوەی زیانی پێدەگەیێنێت، قبوڵ ناکات و لە دژی دەوەستێتەوە. ئەمە ئاشکرا بوو. نەک تەنها زانابوونی کورد، بەڵکو ئیرادە و هێزی کوردیش خرایەڕوو. جیهان ئەوەی بینی کە کورد خاوەنداری لە خۆی دەکات. گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ. ئەمانە هەموو باشن، هەموو کەسێک ئەمە دەبێت و بارودۆخەکە بەم شێوەیە تەماشا بکات.
واتە ئیدی گەلی کورد جارێکی تر چارەنووسی خۆی بە پارتێکەوە نابەستێتەوە. دەڵێت، 'منیش هەم، ئیدی کێشەکانی ئێمە تاکە پارتێک ناتوانێت چارەسەری بکات. دەبێت ئێمەش ببینرێین. ئیدی کێشەی کورد کێشەی هەموومانە، تەنها کێشەی تاکە پارتێک نیە. تاکە پارتێک ناتوانێت وەک خۆی، وەکو پێشووتر چی بیەوێت ئەوە بکات. هەرچیەک دەکات، دەبێت ئێمە ببینن. ئەگەر نەمانبینن، داواکاری و هیواکانی ئێمە بە بنەما نەگرن، ئێمەش ئەو پارتانە قبوڵ ناکەین و ئەو سیاسەتانە رەتدەکەینەوە'. ئەمەیان بە ئاشکرا خستەڕوو. ئەمە بۆ ئێمە جێگای خۆشحاڵیە. گەلەکەمان گەیشتووەتە قۆناغێکی بەرز. ئیدی بووە بە گەل، بووە بە نەتەوەیەک کە بۆ خۆی زانا بووە، ئیرادەیەکی بونیاد ناوە. ئیدی خاوەنداری لە خۆی دەکات. چارەنووسی خۆی رادەستی هیچ کەسێک ناکات. چەندین ساڵ رێبەر ئاپۆ و پەکەکە بۆ ئەم ئامانجە تێکۆشان. ئەو ئیرادەیەی دا بە گەل بۆ ئەوەی خۆی خاوەنداری لە خۆی بکات. ئیدی ئەمە بە ئاشکرا دیارە کە بە گەمارۆدانی گەریلاکان لە لایەن پەدەکەوە، ئەم ئیرادەیە دروست بووە و هاتووەتە ئاراوە. یەکێتی گەل بونیاد نراوە. نەتەوەی گەل و ئیرادەی گەل دروست بووە. گەل ئیدی شتێک کە زیانی پێدەگەیێنێت، قوبوڵی ناکات و خاوەنداری لە خۆی دەکات. ئەمە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ گەلی کورد. سەرکەوتنی گەلی کورد، سەرکەوتنی هەموو کەسێکە. ئێمە ئەم دەستکەوتە بۆ پەکەکەش وەکو دەستکەوتێکی گەورە دەبینین.
هونەرمەندان و رۆشنبیران ویژدانی گەلی کوردن. ئەوان خودی کۆمەڵگای کوردین. هێزی ئەوان هێزی کۆمەڵگای کوردیە. دەبێت هیچ کەسێک ئەوان بە لاواز تەماشا نەکات، با هیچ کەسێک تووشی ئەم هەڵەیە نەبێت. ئەوانەی دەڵێن، من بۆ گەلی کورد تێدەکۆشم، دەبێت ویژدانی گەلی کورد، کۆمەڵگای کورد ببینێت. دەبێت رێز لە رۆشنبیران، کەسانی ئەکادیمی، هونەرمەندا و هەر کەسێک بگیرێت کە لە دژی گەمارۆدانە. ئێمە بانگەوازیەکانیان بۆ خۆمان بە بنەما وەردەگرین. دەبێت هەموویان ئەمە ببینن. ئێستا کەنەکە و هەندێک لە رێکخراوە کوردیەکان و دۆستانمان شەڕیان ناوێت و دەیانەوێت کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر ببن و بۆ ئەمە تێدەکۆشن، ئەم تێکۆشانە پیرۆزە. ئەم تیکۆشانە خزمەت بە گەلی کورد دەکات، خزمەت بە ئازادی و دیمۆکراسی دەکات. بۆیە ئێمە ئەم هەڵوێستە بە چاوێکی گرنگەوە تەماشا دەکەین. بانگەوازیان بۆ خۆمان بە بنەما دەگرین. چونکە ئەمە بانگەوازی گەلە. بۆ ئێمە بنەمایە. داواکارین هەموو کەسێک ئەم بانگەوازیە بۆ خۆی بە بنەما وەربگرێت. ئێستا تا چی ئاستێک رۆشنبیران، هونەرمەندان، ئەکادیمی، نووسەران، عەشیرەت لە هەموو پارچەکان سیاسەتمەداران، رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، پارتە سیاسیەکان لە دژی شەڕ بوەستنەوە و بڵێن ئێمە شەڕمان قبوڵ نیە، هێندە دەتوانرێت ئەنجامێکی باش بەدەست بهێنرێت. دەتوانن رێگە لە زیان بگرن. داوامان ئەوەیە، ئەوەی دەیکەن دەبێت زیاتر پەرەی پێبدەن. ئەگەر پەرەی پێبدەن، دەتوانن ئەنجامی باش بەدەست بهێنن. هیچ کەسێت ناتوانێت رێگەی لێبگرێت. هەر چەند خاوەنی هێزی سەربازیش بن، خاوەنی پارە و پوڵ و دەزگای هەواڵگری و چەکی پێشکەوتووش بن، ناتوانن لە بەردەم گەل، ویژدانی گەل و داواکاریەکانی گەل بوەستنەوە. ئێستا لە ناو پارتە سیاسیەکاندا دەبێت پەیوەندیەکی دیمۆکراتیک هەبێت. نە وەکو پارتێک خۆی بەسەر پارتێکی تردا بسەپێنێت، بە شەڕ و توندوتیژی خۆی بسەپێنێت. هیچ پارتێک لە هیچ پارچەیەکی کوردستان نەکات بە قوربانی خۆی. با هەموو پارتەکان بۆ خۆی وەکو هێز ببینێت، تێکۆشانی هەموو پارچەکان بۆ خۆی وەکو هێز ببینێت. دەبێت تێکۆشان بەهێزتر بکات، نەوەک رێگر بێت لە بەردەم تێکۆشان و لاوازی بکات، یان هەوڵی پاکتاوکردنی بدات. ئێستا لە کوردستان لە سەر هەموو فیکر و شێوازێک حزب هەن و بەردەوامیش دەبن، ئەمە بە واتای دەولەمەندی گەلی کورد دێت. دەبێت هیچ کەسێک لە دژی دەوڵەمەندی گەلی کورد نەوەستێتەوە، ئەمە هەڵەیە. پارت و حزبی جیاواز دەبن، فیکری جیاواز دەبن و تێکۆشانیشیان دەبێت. دەبێت هەموویان یەکدی قبوڵ بکەن. کەس نابێت بڵێت، 'دەبێت هەموو کەسێک وەکو من بیر بکاتەوە، بە پێ من و بە پێی داواکاریەکانی من لە خزمەتی مندا بن. ئەوەی بەم شێوەیە نەبێت خراپە، دەبێت نەمێنێت'. دەبێت هەڵوێستێکی بەم شێوەیە لە ئارادا نەبێت. دەبێت ئەمە وەکو دەوڵەمەندی ببینێت، پەیوەندیەکانیش دەبێت بە دیمۆکراتیک بن. تێکۆشانێکی دیمۆکراتیکیش هەبێت. ئەمە زیان بە هیچ پارتێک ناگەیەنێت و دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پارتەکان. بۆ هەموو حزب و پارتێک دەبێت بە هێز. دەبێت بەم شێوەیە تەماشای بابەتەکە بکرێت. ئەوەی راستیش بێت هەر ئەمەیە. لێرەدا داواکاری ئێمە ئەمەیە.
یەکەم؛ نابێت هیچ پارتێک لەسەر دژایەتی گەلی کورد، لەسەر دژایەتی پارچەیەکی تر یان دژایەتی پارتێک یان چەند پارتێک، پەیوەندی دروست بکات. ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە پەیوەندی دروست نەکەن، ئەوا فیکر و سیاسەت و تیکۆشان و شێوازیان چی دەبێت با ببێت، ئەوا ئێمە وەکو هێزێکی گەلی کورد تەماشایان دەکەین. ئەوا بۆ ئێمەش دەبێت بە هێز. هەروەها فیکر و سیاسەتیان، شێوازی خەباتیان چی دەبێت با ببێت، پێویستە لە نێوانیاندا پەیوەندیەکی دیمۆکراتیک هەبێت. هەروەها جیاوازیەکانیان چی دەبن با ببن، نابێت کێشەکانیان بە توندوتیژی، بەڵکو دەبێت بە رێگەی دیالۆگ چارەسەر بکەن. داواکاری ئێمە ئەمەیە. وەکو هەموو جارێک جەخت دەکەینەوە، ئێمە نە لە دژی حکومەتی باشورین، نە لە دژی پەدەکەین. ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ حکومەتی باشور و پەدەکەدا نیە. هەروەها هیچ کێشەیەکیشمان لەگەڵ پێگەی باشوری نیە. وەکو دەڵێن، ئێمە لە باشور هیچ شوێنێکمان داگیر نەکردووە. پێویستیشمان بە هیچ شتێکی ئەوان نیە. بۆچی دەبێت داگیری بکەین، بۆچی دەبێت لە دژی حکومەتی باشور بین.
بۆچی دەبێت لە دژی پەدەکە بین. هیچ هۆکارێک نیە لە دژی ئەوان بین. ئێمە لە دژی داگیرکەران وەستاوینەتەوە، تێکۆشان دەکەین و دەجەنگین. ئێمە هەموو رۆژ قوربانی دەدەین. هەموو کەسێکیش ئەمە دەبینێت. ئێمە دەمانەوێت کوردستان لە داگیرکەری رزگار بکەین. ئێمە بۆ ئەم مەبەستە تێدەکۆشین. ئەوانەی بۆ ئەم مەبەستە تێدەکۆشن قوربانی گەورە دەدەن، چۆن دەبێت هەوڵ بۆ داگیرکەری بدەن. ئەمە ئاستەمە و کارێکی ئاقلانەش نیە. ئەوەی ئێمە بۆ گەلەکەمان کردوومانە لەبەر چاوە. گەل باش دەزانێت. واتە چۆن باشور و دەستکەوتەکانی باشورمان پاراستنووە، لەبەر چاوی گەلە. پێویست ناکات یەک بە یەک باسی ئەمانە بکەم. ژمارتنیش بە باش نازانم، تەنانەت شەرمیش دەکەم. ئێمە لە بەرامبەر گەل، ئەرکەکانمان جێبەجێ دەکەین. ئەمە ئەرکە. ئێمە بزوتنەوەیەکی کوردستانین. بزوتنەوەیەکی گەلی کوردین. بۆ ئازادی گەلی کورد تێدەکۆشین. ئێمە فیدای گەلی کوردین. لە هەر شوێنێک دەستکەوتێک هەبێت، ئێمە دەیپارێزین. لە هەر شوێنێک مەترسیەک هەبێت ئێمە لە دژی دەوەستینەوە. کردەوەکانیشمان سەلمێنەری ئەمەیە.
مرۆڤ دەبێت تەنها گوێ لە قسەکان نەگرێت. پراکتیکی پەکەکە لە سەرتاسەری کوردستان لەبەر چاوە. یەکێک مەگەر بێویژدان بێت بلێت، 'پەکەکە لە دژی پێگەی باشورە، لە دژی حکومەتی باشور و پەدەکەیە'. ئێمە لە دژی هیچ کەسێک نین. پێشووتریش ئێمە وەها بووین، ئێستاش بە هەمان شێوە بەردەوامە. دەبێت هەموو کەسێک ئەم راستیە ببینێت. من بە ئاشکرا دەڵێم، ئێمە لە دژی ئەوانەین کە نایانەوێت کێشەکان چارەسەر بکەن. ئێمە دەمانەوێت کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکەین. ئێستا ئێمە ئامادەین چاوپێکەوتن ئەنجام بدەین. ئێمە بۆ ئەمە ئامادەین. دەمانەوێت خزمەت بە گەلەکەمان بکەین. ئێمە دەمانەوێت بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد تێبکۆشین. بۆیە نامانەوێت رێگری بۆ هیچ کەس و لایەنێک دروست بکەین. بۆیە ئێمە بانگەوازیەکانی گەل، رۆشنبیران، هونەرمەندان و رێکخراوەکان و عەشیرەتەکان و سیاسەتمەداران لە دژی شەڕ، بۆ دەستپێکردنی دیالۆگ بە بنەما وەردەگرین.
جگە لەمە هیچ شتێکی تر نیە بە بنەمای وەربگرین. ئێمە دیالۆگ بە بنەما وەردەگرین، چارەسەری کێشەکان بە بنەما وەردەگرین. ئێمە ئامادەین چاوپێکەوتن ئەنجام بدەین. دەمانەوێت شان بە شانی یەکدی لە دژی دوژمن بوەستینەوە. بە تایبەت دەمانەوێت هێزی پێشمەرگە، گەلی باشورمان، لەگەڵ گەریلا، لەگەڵ ئێمەدا لە دژی داگیرکەری بوەستنەوە. وڵاتیان بپارێزن، خاک و پیرۆزمەندیەکانی خۆیان بپارێزن. ئەمە لە خزمەتی گەلی کورددا دەبێت. ئەمە باشوری کوردستان زیاتر سەربەز و سەرفراز دەکات. گەلی باشورمان زیاتر سەرفراز و سەربەرز دەبێت. ئەمەیە داواکاری ئێمە لە هەموو کەسێک. من لەو بڕوایەدام ئەگەر کۆمەڵگاکەمان ئەو رۆڵەی تا ئێستا بینیویەتی، بەهێزتر و بەرفراوانتری بکات، ئەنجامێک بەدەست دەهێنین. هەر کەسێک ئەمە بە بنەما بگرێت، ئێمەش رێز لەو بنەمایانە دەگرین. بانگەوازیمان لەسەر ئەم بنەمایەیە. نابێت هیچ کەسێک گەمارۆمان بدات و فشارمان بۆ دروست بکات.
با گەمارۆمان نەدەن، شەڕمان پێ نەفرۆشن. ئێمە شەڕمان ناوێت. داواکاریمان ئەوەیە بەر لەوەی گەمارۆ دروست ببێت، هێزەکان با بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی پێشووتریان. ئەمە تەنها داواکاری ئێمە نیە، بەڵکو داواکاری گەلی کورد و هەموو کەسیکە. هەموو کەسیک دەڵێت، 'دەبێت شەڕ روونەدات. بۆ ئەمەش دەبێت هێزەکان بگەڕێنەوە شوێنی پێشووتریان و کێشەکان بە دیالۆگ چارەسەر بکرێن'. رێگای راستیش هەر ئەمەیە. بانگەوازیشمان لەسەر ئەم بنەمایەیە.
ز.ش