لە ئەنجامی چالاکیی مانگرتنی ساڵی رابردوودا، کە بە پێشەنگایەتیی لەیلا گیوڤەن بەڕێوەچوو، چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەنجامدرا. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩دا پارێزەران تەنها توانییان ٥ جار سەردانی ئۆجالان بکەن و لە دوای ئەوەى هەواڵی کەوتنەوەى ئاگر لە دوورگەى ئیمراڵی بڵاوبوویەوە، بۆ یەکەمجار لە دوای ٢٢ ساڵ رێگا درا ئۆجالان بە تەلەفون پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە بکات. پێش ئەوەش بە پاساوی میزاجی هەموو داواکانی پارێزەران بۆ بینینی ئۆجالان تاوەکو پێش ٢٠١٩ رەتکرابوویەوە، سەرباری ئەو سزا و سەپاندنە میزاجیانەدا سزای دیسیپلینیش زیاد کرا.
سەربای کۆکلو پارێزەری ئۆجالان لەبارەی هەلومەرجی گۆشەگیریی رەهای ئۆجالان لە ئیمراڵی و مانگرتنی زیندانیانی سیاسیی بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد و رێگریکردن لە چاوپێکەوتنی بنەماڵە و پارێزەرەکانی وتی، "دوایینجار بەڕێز ئۆجالان لە ٧ی ئابی ٢٠١٩دا لەگەڵ ئێمە چاوپێکەوتنی ئەنجامدا. لە ٢٧ی تەممووزی ٢٠١١ەوە تاوەکو ساڵی ٢٠١٩ رێگا بە پارێزەران نەدرا چاوپێکەوتن لەگەڵ بەڕێز ئۆجالان ئەنجام بدەن، بەڵام دوای خۆپیشاندانەکان بۆ ئیمراڵی و چالاکیی مانگرتن لە زیندانەکان لە ٢٠١٩دا رێگا بە چاوپێکەوتنی پارێزەران درا. لەو کاتەدا وەزارەتی داد رایگەیاندبوو، هیچ بڕیارێک بۆ رێگریکردن لە سەردان و ئەنجامدانی چاوپێکەوتن لە ئیمراڵی لە گۆڕێدا نییە، بەڵام لە دوای ٧ی ئابی ٢٠١٩ەوە رێگا بە پارێزەران نادرێت بڕۆن بۆ ئیمراڵی".
کۆکلو باسی لە پاساوی بەرپرسان بۆ رێگریکردن لە رۆیشتنی پارێزەران بۆ ئیمراڵی کرد و وتی، "سەرباری راگەیاندراوەکەى وەزارەتی داد، تاوەکو ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٠ەوە بە بێ هیچ هۆکار و وەڵامدانەوەیەک رێگرییان لە چاوپێکەوتنەکان دەکرد، بەڵام لە ٢٣ی ئەیلولی ٢٠٢٠ لەلایەن دادگای سزای ئیمراڵییەوە و هەر وەک پێش ساڵی ٢٠١٩ بۆ سنووردارکردن و رێگریکردن لە چاوپێکەوتنی پارێزەران بڕیارێکی تری سنووردارکردن دەرکرا. پاساوی ئەو بڕیارە بۆ بەرگرینامەیەکی بەڕێز ئۆجالان بەناوی "نەخشەڕێگا" بۆ چارەسرەکردنی دیموکراسییانەى کێشەى کورد دەگەڕێتەوە، کە ساڵی ٢٠١١ پێشکەشی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپای کردبوو".
پارێزەر کۆکلو رایگەیاند، دوای هەواڵی ئاگرکەوتنەوە لە دوورگەى ئیمرأڵی بۆ یەکەمجار لە دوای ٢٢ ساڵ رێگا بە بەڕێز ئۆجالان درا لە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٠دا تەلەفون بۆ بنەماڵەکەى بکات و بە تەلەفون لەگەڵیاندا قسە بکات.
کۆکلو سەرنجی خستەسەر سیستمی ئیمراڵی و وتی، "سیستمی گۆشەگیری لە ئیمراڵی، هەر وەک بەردەوامیدان بە پیلانگێڕیی نێونەتەوەی لەسەر ئۆجالان دروستکراوە، لە هەمان کاتدا دەیانەوێت لە کەسایەتیی ئۆجالان دا ئیرادە و ورە و هۆشمەندیی ئازادیی گەلی کورد تێکبشکێنن، تاوەکو بە شێوەیەکی جەستەیی بتوانن هەناسەى لە بەر ببڕن. یەکێک لە هۆکارەکانی چڕکردنەوەى گۆشەگیری ئەوەیە، یەکێکی تریشیان ئەوەیە، کە "نەخشەڕێگا"ی بۆ چارەسەرکردنی کێشەى کورد لە ساڵی ٢٠١١دا پێشکەشی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا کردووە، کە لەگەڵ بەرگرینامەى "کێشەى کورد و چارەسەرەیی نەتەوەی دیموکراتیک" دایە. لەلایەکی ترەوە دوای "لێکتێگەیشتنی دۆڵمەباخچە" لە ٢٨ی شوباتی ٢٠١٥دا و دوای چاوپێکەوتنی شاندی هەدەپە لە ٥ی نیسانی ٢٠١٥ەوە هەموو رێگاکانی پەیوەندییان لەگەڵ جیهان پچڕی".
پارێزەر کۆکلو باسی ئەوەی کرد، لەو چاوپێکەوتنانەدا، کە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ئەنجامدراون ئەوانە ئاشکرابوون، ئەو بانگەوازانەى بۆ چارەسەرکردنی کێشەى کورد کردنی، رۆڵ و هێزی ئەوى جارێکیتر سەلماندەوە. کۆکلو باسی ئەوەی کرد، لە دوای ٧ی ئابەوە دیسانەوە ئومێد دروستبوو، بەڵام دەسەڵات ئەوەی نەبینی و رێگریی لە چاوپێکەوتنەکان کرد و وتی، "هەر خۆی دوای ئەوەى لە باکووری سوریا و ئینجا لە سەرتاسەری وڵاتدا ئەو روودانە روویاندایەوە، کە رووداوەکانی ساڵانی ١٩٩٠ بە یادی مرۆڤ دەهێنننەوە. هەر خۆی بەوانە روون بوویەوە، کە کێشەى کورد پەیوەندییەکی قوڵ و بەهێزی بە قەیرانی ئابووری و سیاسیی وڵاتەوە هەیە. لەو بابەتەدا و لەبەر ئەوەى نەیانتوانی ورە و ئیرادەی بەڕێز ئۆجالان، کە تاکە هێزی چارەسەرییە تێکبشکێنن، گۆشەگیرییان قوڵتر و چڕتر کردەوە".
کۆکلو سەرنجی خستە سەر چالاکیی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ و لەوبارەیەوە وتی، "ئەوە ئاستی گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان و هەروەها ئاستی جێگە و پێگەى بەرێز ئۆجالان لە ناو کۆمەڵگەدا نیشان دەدات. دوای ٥ی نیسانی ٢٠١٥ و لە ئەنجامی خۆ پیشاندانە ناڕەزایەتییەکان و چالاکییەکانی مانگرتنی زیندانیانی سیاسی لە ٢٠١٩دا چاوپێکەوتن ئەنجامدرا. هەر لەو ساڵەدا بەهۆی دۆخی نائاساییەوە بۆ یەکەمجار رێگا درا، کە لە رێگەى تەلەفونەوە لەگەڵ بنەماڵەکەى قسە بکات.
لە ئێستادا راگەیاندراوەکەی وەزارەتی داد، راپۆرتەکەى ئەنجومەنی ئەوروپا و کۆمیتەى دژ بە ئەشکەنجەى ئەنجوومەنی ئەوروپا (سی پی تی) لەبەرچاو ناگیرێن. دۆخی زیندانییە سیاسییەکان، کە لە ژێر سزا و سەپاندنی قورسدان، مرۆڤ ئازار دەدات. بەڵام کاتێک مرۆڤ سەیر دەکات و لێی ورد دەبێتەوە، داواکانیان رەوا و یاساین. بەپێی سیستمی ماف و یاسا لە تورکیا بەکارهێنانی مافە یاساییەکان و رێکخستنی خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتی چەند بە ئازارە. لەو بابەتەدا ئێمەی پارێزەرانی بەڕێز ئۆجالان جارێکیتر بۆ بەرپرسان و رای گشتیی دووبارە دەکەینەوە، بەبێ ئەوەى زیانی زۆر و گەورە رووبدات، دەبێت رای گشتی زیاتر هەستیار بێت، بەرپرسانیش کۆتایی بەو سەپاندانە بۆ گۆشەگیری بهێنن، کە پێچەوانەى مافەکانە".
ژ.ت