فەرهاد دێرک و هاوڕێکانی لە شوێنی شەهیدکردنیان یادکرانەوە

بە ئامادەبوونی وڵاتپارێزان و ئەندامانی تەڤگەری ئازادی و پارت و ڕێکخراوەکان، لە مەراسیمێکدا فەرهاد و دێرک و هاوڕێکانی لە شوێنی شەهیدکردنیان یادکرانەوە.

دوو ساڵ پێش ئێستە دەوڵەتی داگیرکەری تورک لەڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە لە نزیک گوندی بەرلووتی سەر بە شاری کەلار لە ئیدارەی گەرمیان ئۆتۆمبیلێکی کردە ئامانج، بەهۆیەوە جێگری ئەنجوومەنی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هاوڕێکانی شەهیدبوون، ئەمڕۆ لە شوێنی شەهیدکردنیان بە مەراسیمێک یادکرانەوە.

پاش خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدان، نوێنەری حزبی شیوعی کوردستان، هاوڕێ ئەحمەد قسەی کرد و سیاسەتی دەوڵەتانی داگیرکەری بەرامبەر بە گەلی کورد شەرمەزار کرد.

دواتر وتەبێژی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان جومعە کەریم ڕایگەیاند ئەم شەهیدانە شەهیدی هەر چوار پاڕجەی کوردستانن و گوتی: "شەهید فەرهاد و خێزانەکەی لەسەر فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجەلان خۆیان پەروەردە کردووە".

پاشان هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان تارا حوسێن ڕایگەیاند شەهید فەرهاد هەمیشە تامەزرۆ بووە لە نزیکەوە گەرمیان و خەڵکەکەی ببینێت، گوتی: "هاوسەفەرەکانی هەڤاڵ فەرهاد ژن بوون، بۆیە درودو ڕێز دەنێرین بۆ ڕۆی پاكی ئەو ژنانەیش، کە لە پێناو ئازادی گەلی کورد و ژن تێکۆشان و شەهید بوون، لە گەرمیانەوە سڵاووڕیزی شۆڕشگێڕیی دەنێرین بۆ ماڵباتی شەهیدان و تەواوی گەلی ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستان".

دواتر هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی گەرمیانی تەڤگەری ئازادی، هەرێم مەحمود ڕایگەیاند وەک گەرمیانییەکان هەردەم ئەم شەهیدانە بەبیردەهێننەوە و شەهیدی هەر چوار پارچەی کوردستانن، سڵاوی بۆ بنەماڵەی شەهیدان نارد و گوتی: "پێیان دەڵێین لەسەر ڕێبازی شەهیدەکانمان بەردەوام دەبین، دەستبەرداری خوێنی شەهیدەکانیشمان نابین".

پاشان مۆم لە شوێنی شەهیدبوونیان دانرا و بەشداربووان بەڵێنیان دووپاتکردەوە، درێژە بە ڕێگەی شەهیدان دەدەن.