گەلی باشووری کوردستان لەدژی حکومەت دەستی بە خۆپیشاندان کرد

گەلی باشووری کوردستان لەدژی حکومەت و نەبوونی خزمەتگوزاری و مووچە دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.

خۆپیشاندانی مووچەخۆران و توێژە جیاوازەکانی سلێمانی ئەمڕۆ کۆتایی پێهات و ئەنجومەنی فشار ڕایانگەیاند: بڕیاری شۆڕشی مەدەنیمان داوە و ڕۆژانە درێژە بە خۆپیشاندان دەدەین لە بەردەرکی سەرا و سبەینێ جارێکی دیکە لەبەردەرکی سەرا دەست بە ناڕەزایەتییەکانمان دەکەین.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ خۆپیشاندانی مووچەخۆران و توێژە جیاوازەکانی شاری سلێمانی، لە دژی گەندەڵی دەسەڵات و سیستمی حکومڕانی کۆتاییپێهات، بڕیارە سبەینێ و ڕۆژانی داهاتوو بەردەوامبن لە ناڕەزایەتییەکانیان.

 

لەم بارەیەوە ئەندامێکی ئەنجومەنی فشار، کە لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکەن بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: “خۆپیشاندان مافی هەموو تاکێکە و ئێمەش بڕیاری شۆڕشێکی مەدەنیی و سپیمانداوە بۆ وەرگرتنەوەی مافەکانی خۆمان، بە دوور لە هەموو توندوتیژی و کارێکی تێکدەرانە، لەو چوارچێوەیەدا بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتییەکانمان”.

ڕاشیانگەیاند: “ئەمڕۆ کۆتاییمان بە خۆپیشاندان هێنا و سبەینێ لە کاتژمێر ١٠:٠٠ لەبەردەرکی سەرا دەستپێدەکەینەوە و بانگەوازی لە هەموو هاوڵاتییانی شاری سلێمانی دەکەین کە بەشداربن لەگەڵماندا و بێنە بەرەی گەلەوە، ئێمە دەسەڵاتێکی ستەمکار و حکومەتێکی موفلیسمان ناوێت، مافی هەموومان پێشێلدەکرێت و هەموو تاکێک بەرپرسیارە لە داواکردنی مافی خۆی”.

ف.ق