گەمارۆی سەر مەخموور بەردەوامە؛ دوای ٣٧ ڕۆژ شاندەکەی مەخموور ئازاد کران

ئەندامانی شاندەکەی مەخموور کە بۆ داواکارییەکانی مەخموور ڕۆشتە بەغدا و دەستبەسەرکران دوای ٣٧ ڕۆژ ئازاد کران، بەڵام ڕێگری و گەمارۆکانی حکومەتی عێراق-پەدەکە لەسەر کەمپەکە بەردەوامە.

شاندێکی کامپی ئاوارەکانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور) کە پێكهاتبوون لە؛ هاوسەرۆکی شارەوانی مەخموور عەبدان یڵماز، ئەحمەد شەهباز و هاووتەبێژی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بێوار ئەمین، بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی کەمپەکە لە ١٤ـی ئایاری ٢٠٢٥ سەردانی بەغدایان کرد، دوای ئەوەی لەگەڵ وەزیری داد کۆبوونەوە لە گەڕانەوەیاندا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دەستگیرکران.

هەڵوێستی دانیشتوانی مەخموور و سووربوون لەسەر داواکارییەکانیان

دانیشتوانی کەمپەکە لە دژی ڕێگری، گەمارۆ و ئابڵوقەکان هەڵوێستییان نیشاندا و داوای مافەکانیان کرد، کە یەک لە داواکانیان بەردانی شاندەکەیان بوو، لە ئەنجامی هەڵوێستەکانی خەڵکی مەخموور دوای ٣٧ ڕۆژ لە دەستبەسەرکردنیان ئەندامانی شاندەکە ئازاد کران.

گەمارۆدانی کەمپەکە کە لەلایەن پەدەکەوە بەڕێوەدەبرێت لە ١٧ـی تەمموزی ٢٠٢٩ەوە درێژەی هەیە، دواتر لە ١٠ـی نیسانی ئەمساڵەوە حکومەتی عێراقی بە ئابڵوقە خستنەسەر کەمپەکە، گەمارۆی سەر مەخموور قورستربووە و کاریگەری لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی کەمپەکە کردووە.