هیوا و ئاواتی گەلی کورد: یەکێتی نەتەوەیی -١-

گەلی کورد هیچ کات هێندەی ئێستا پێویستی بە یەکێتی نەتەوەیی نەبووە. هەوڵەکان بۆ بەدیهاتنی ئەمەش لەم ساڵانەی دواییدا چڕ بوونەتەوە. لەگەڵ ئەوەی هەنگاوی مێژووی نراون، بەڵام تا ئێستاش ئەم هیوا و ئاواتە سەدان ساڵەیەی گەلی کورد بەدی نەهاتووە.

لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ یەکێتی نەتەوەیی کە خەون و هیوا و ئاواتی کوردە، لە ماوەی رابردوودا لە باکوری کوردستان رێکەوتنێک بە ناوی هاوپەیمانی هەڵبژاردنەکان ئیمزا کرا. لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا لە شاری ئامەد بە بڵاوکردنەوە بەیاننامەیەک، ئەو هاوپەیمانیە گۆڕا بۆ هاوپەیمانیەکی ستراتیجی و هەمیشەیی.

یەکێتی نەتەوەیی کە یەکێکە لە بابەتە گەرمەکانی ناو گۆڕەپانی سیاسی کورد، ماوەیەکی دوور و درێژ لە ناو پارتە کوردیەکاندا گوتوبێژ کرا. کۆنگرەی کۆمەڵگای دیمۆکراتیک-کەجەدە کە لە ساڵی ٢٠٠٧دا دامەزرا، لە رۆژی دامەزراندنیەوە هەوڵی بۆ بونیادنانی یەکێتی نەتەوەیی کورد و بەهێزکردن و بە ستراتیجیکردنی ئەو یەکێتیە داوە.

یەکێک لە ئامانجەکانی دامەزراندنی کەجەدە ئەوە بوو کە لەسەر ئاستی نوێنەرایەتیکردنی هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا، هەوڵی ئەنجامدانی کۆنگرەیەکی نەتەوەیی بدات. لە راستیدا کۆنگرە ئەنجام درا و لە رێکخستنەکانی کۆمەڵگای مەدەنیەوە بگرە تا پارتە سیاسیەکان، کۆمەڵە و وەقفەکان و رێکخستنەکانی ژنان و گەنجان، لە ئاستێکی بەرفراواندا بوو بە چەترێکی جێگرەوە.

ئامانجی سەرەکی کۆنگرەکەش کۆکردنەوەی هەموو پارت و رێکخستنە کوردی و کوردستانیەکان بوو. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ بەرپرسانی باشوری کوردستان کە خاوەنی پێگەیەکی فەرمیە، چەندین چاوپێکەوتن و دانیشتن ئەنجام دران.

لەگەڵ مەسعود بارزانی و جەلال تالەبانی، هاوکات لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی باشوری کوردستان چەندین کۆبوونەوە ئەنجام دران. ئەم هەڵوێستە هاوبەشە بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی نەتەوەیی و چارەسەرکردنی کێشە سیاسیەکان بە شێوەیەکی هاوبەش، چەندین ساڵ بەردەوام بوون.

بە تایبەت لە ساڵەکانی نێوان ٢٠١٣-٢٠١٥ ئەم چاوپێکەوتنانە بە شێوەیەکی ئەرێنی بەڕێوەچوون. کۆتاییهاتنی 'قۆناغی دانوستان' بە دەستی ئاکەپە، بێگومان کاریگەریەکی نەرێنی لەسەر کاروباری یەکێتی نەتەوەیی دروست کرد.   

هەنگاوێکی مێژوویی

هەرچەندە چاوپێکەوتنەکان لەگەڵ بەرپرسانی باشوری کوردستان تا ئاستێک بەردەوام بوون، بەڵام هەوڵەکان بۆ یەڕیزیی بزوتەوەی سیاسی کورد، بۆ ئەوەی لە باکوری کوردستان بەهێز بکرێت، چڕ بووەوە.

لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٥دا بە پێشەنگایەتی کەجەدە، هەدەپە و پارت و رێکخستنە کوردیەکان کۆبوونەوە. ئەو قۆناغەی 'هاوپەیمانی هەڵبژاردنەکان' تێیدا هاتە ئاراوە، لە بنەڕەتدا رێکەوتنێکی تاکتیکی بوو. تا هەڵبژاردنەکانی ١ی تشرینی دووەم و ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨ ئەو پەیمانە بەردەوام بوو. لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩دا، هاوپەیمانیەکە دەرباسی قۆناغێکی نوێ بوو و لە لایەن پێکهاتەکانی ئەو هاوپەیمانیەوە، گۆتوبێژ لەسەر هاوسەرۆکایەتی شارەوانیەکان کرا. پەروین بولدان هاوسەرۆکی هەدەپە هاوپەیمانی هەڵبژاردنەکانی وەکو هەنگاوێکی مێژووی پێناسە کرد.

'پێویستە گرنگی بە بەرژەوەندی گەل بدرێت'

بەم شێوەیە هاوپەیمانی هەڵبژاردنەکان بە شێوەیەکی تاکتیکی لە باکوری کوردستان دروست و بەهێز بوو. ئەو کاتەی روحی یەکێتی و هاوپەیمانی نێو کورد بەهێز دەبوو، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر کوردان لە رۆژئاوا، باشور و باکور زیاتر دەبوو. بە تایبەتی هێرشی داگیرکەری بۆسەر باشوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان وایدەکرد، یەکێتی نەتەوەیی بەهێز ببێت. سینان چیفتیورەک سەرۆکی گشتی کەکەپە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، لەبارەی گرنگی یەکێتی نەتەوەیی لە کاتی هێرشی دەوڵەتی تورک وتی، "لەناو ئەو بارودۆخەدا و لە کاتی هێرش و گەمارۆکاندا، پارت، رۆشنبیر و هونەرمەندانی کورد پێویستە نە تەنها بۆ رۆژێک، بەڵکو بۆ مسۆگەرکردنی داهاتوو، نەک بە شێوەیەکی تاکتیکی بە شێوەیەکی ستراتیژی، نەک بۆ بەرژەوەندی پارتەکان، بەڵکو بۆ بەرژەوەندی گەل کار بکەن. بەو شێوەیە دەتوانن رێگری لە گەمارۆ و هێرشەکان بگرن."

هاوپەیمانی هەمیشەیی

لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا پارتە سیاسیە کوردیەکان بۆ ئەوەی کاروباری یەکێتی نەتەوەیی و هێرشی سەر کورد شیبکەنەوە لە ئامەد کۆبوونەوەیەکیان رێکخست. لە کۆبوونەوەکەدا کە هەدەپە، کەجەدە، پارتی هەرێمەکانی دیموکراتیک (دەبەپە)، کۆمەڵەی کوردانی دیموکراتی شۆڕشگێر (دەدەکادە)، پارتی ئازادی و مرۆڤ (پیئا)، پارتی کۆمیستی کوردستان (کەکەپە)، پلاتفۆرمی دیموکراتی کورد (پەدەکە باکور)، پارتی دیموکراتی کوردستان – تورکیا (کەدەپە – تە) و پارتی ئازادی بەشداریان کرد، بریاریاندا هاوپەیمای کوردستانی هەمیشەیی بێت.

بەرپرسیاری سیاسی و ئەخلاقی

میدحات سانجار هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە کۆبوونەوەکانی لە دوو ڕووەوە بە گرنگ وەسف کرد و وتی، "ئێمە دەستمان بە هاوپەیمانیەکی زۆر هێژا کردووە. یەکەم، کورد خاوەن دۆزێکی نەتەوەییە. لەبەرئەوەی هەڕەشە لەسەر هەبوونی نەتەوەی کورد هەیە، یەکێتی نەتەوەیی بۆ کورد لە ئاستێکی ژیانی و گرنگدایە. مافی نەتەوەیی ناناسرێت، رەتدەکرێتەوە، مافەکانی کورد هەموو کاتێک لە دەستی دەردەهێنرێت. بۆیە دۆخێکی رەوایە کە نوێنەرانی سیاسی گەلێک کە هەڕەشە لەسەر ماف و هەبوونی نەتەوەیی ئەوان هەیە، لەسەر خاکی هاوبەش لە دەوری یەکتری کۆبوونەتەوە. بەرپرسیاریان ئەوەیە کە هاوکاری یەکتری بکەن. بێگۆمان پێویستە کە لە هەموو بابەتێکدا وەک یەکتری بیر بکەنەوە. لە بابەت، پێوانە و ئامانجە بناغەییەکاندا لە بەرانبەر گەلی کورد، خاوەن بەرپرسیایەکی ئەخلاقی و سیاسی مێژوویی بن.

دەوڵەتی تورک بە داگیرکەری وڵامی هاوپەیمانیەکەی دایەوە

دوای لێدوانەکەی سانجار لە ٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠دا، رۆژەڤی سەرەکی راگەیاندنی کوردی یەکێتی نەتەوەیی بوو. ئێدی ئەو خەون و خەیاڵەی کورد، کەوتبووە بواری جێبەجێکردن. دەوڵەتی تورک هێرشەکانی زیاتر کرد. بە تایبەتی داگیرکەریەکانی لە باشوری کوردستان، لە ئاستێکی بەرزدا بەڕێوەبرد و هێرشی سەربازی لەبەرانبەر خەڵکی مەدەنی زیاتر کرد. ئەوە وەک وڵامێک لەبەرانبەر ئیرادەی سیاسی لەقەڵەمدرا کە کورد رایگەیاندبوو، لەو بروایەدا بوو کە هاوپەیمانی خۆیان لە باکور هەمیشەیی کردووە و ئیدی بۆ یەکێتی نەتەوەیی چوار پارچەی کوردستان هەوڵ دەدەن.

سبەینێ: ئەحمەد کایا یاریدەدەری سەرۆکی گشتی پارتی ئازادی و مرۆڤ (پیئا) لەسەر بناغەی تیئۆری یەکێتی نەتەوەیی و رێبازی بەرەوپێشەوەچوونی یەکێتیەکە قسە دەکات.

ز.ش