دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەشداری "بەرنامەى تایبەت"ی مەدیا خەبەر تیڤی بوو و رایگەیاند، وەک بزووتنەوە و گەل بە شێوەیەکی بە هێز دەست بە ساڵی ٣٨ی هەڵمەتی ١٥ی تەباخیان کردووە.
چالاکییەکانی گەریلا بۆ سڵاوکردن لە هەڵمەتی ١٥ی تەباخ مۆری خۆیان لە قۆناغەکەدا
دوران کاڵکان رایگەیاند، هەڵمەت بۆ ئازادیی جەستەیی عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر بەرز و وتی، "ئەوەى مۆری خۆی لەو ئاستە بەرز و بڵندە داوە، چالاکییەکانی گەریلان بۆ سڵاوکردن لە ساڵی ٣٨ی هەڵمەتی ١٥ی تەباخ. ئەوانە بەشێوەیەکی بنەڕەتی یەکلاکەرەوە و چارەنوسساز بوون. ئەوە زۆر گرنگ و واتادارە. لە هەموو شوێنێکدا چالاکی هەبوو. نەک تەنها لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، کە هەوڵ دەدەن داگیری بکەن، بەڵکو لە سەرتاسەری ئەیالەتە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی باکووری کوردستان، لە گەڤەر، بۆتان، سەرحەد، دێرسیم، ئامەد و لە هەموو شوێنێکدا چالاکی ئەنجامدران و گورزی قورس لە دوژمن درا".
کاڵکان راشیگەیاند، ئەو چالاکیانەى گەریلا نیشانی دەدەن، کە ساڵی ٣٨ی هەڵمەتی ١٥ی تەباخ دەبێتە ساڵی گەورەکردنی تێکۆشان و ساڵی سەرکەوتن.
قۆناغی نوێی چالاکییەکان
دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەى بەڕێوەبەری پەکەکە باسی ئەوەیکرد، لە ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین لە ٢٣ی نیسانەوە بەرخودان بەردەوامیی هەیە و وتی، "حەفتانین و خواکورکیش بەوە زیاد دەکرێت. لە خواکورک تاوەکو گەڤەر، تاوەکو شەمزینان چالاکیی کاریگەر ئەنجامدران. بە دڵنیاییەوە چالاکیی بەهێزتریش ئەنجام دەدرێن. قۆناغی بەردەممان ئەو قۆناغەیە، کە لە رووی سەربازییەوە ئێمە لەم قۆناغەدا چالاکیی گەورەتر بەڕێوەدەبەین. ئێمە ئەم قۆناغە وەک قۆناغی چالاکییە بەهێزەکانی گەریلا لێکدەدەینەوە و گورزێکی نوێ تێکشکاندن و رووخاندن لە فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە دەدەین. قۆناغێکی لەو شێوەیە بەڕێوەدەچێت".
دوران کاڵکان باسی ئەوەیکرد، گەریلاکان خاوەنی ئەزموونێکی ئەوەندە زۆر و دەوڵەمەندن، کە تاوەکو ئێستا هەموو سەختی و دژوارییەکانی بەردەم خۆیان هەڵگرتووە و خاوەنی ئەو هێزەن، کە بە هەڵمەتێک داگیرکەری تێکبشکێنن و لەو بابەتەشدا رێبازەکانی دوژمن و پلانسازییەکانی دوژمن لە ئاستێکی گرنگدا تێکشکێنراون.
هێشتا پەدەکە بە شێوەیەکی خراپ دەجوڵێتەوە
کاڵکان رایگەیاند، گەریلا چالاکییەکانیان بەرفراوان دەکەن و راشیگەیاند، "بێگومان هێشتا پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بە شێوەیەکی خراپ دەجوڵێتەوە. هێشتا لەو بەرەیەدا دۆخێکی مەترسیدار لە گۆڕێدایە. بڕیارگەکەمان ئەوەی روون کردبووە و شتێکیتر نییە، کە پێی زیاد بکەم. پێویستیش ناکات دووبارەی بکەینەوە. هەڕەشە و مەترسی بەردەوامە. دۆخی نابەرپرسیارانەى پەدەکە بەردەوامە. ئەو دۆخە دەبێتە گرفت و لەمپەرێک، کە گورزی قورستر لە داگیرکەر نەدرێت و داگیرکەر تێکنەشکێنرێت. دەبێت هەموو کەس ئەوە بزانێت. هەر خۆی ئەوەش روون و ئاشکرایە. ئەگەر ئەو رێگری و لەمپەرە بەردەوامیی نەبێت قۆناغەکە دەبێتە قۆناغێک، کە گورزی گەورەتر و قورستر لە داگیرکەران دەدرێت و داگیرکەران تێکدەشکێن".
پەکەکە هەمیشە پشت و پەنای ئێزدییەکانە
دوران کاڵکان لە بەردەوامیی وتەکانیدا باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر شەنگال کرد و وتی، فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە ئەوەى بۆ خۆی کردووەتە نەریتێک، کە لە هەر ساڵیادێکی ١٥ی تەباخ دا هێرش بکاتە سەر شەنگال.
کاڵکان هێرشی ئەمدواییەى سەر شەنگالی بە هێرشێکی دڕندانە پێناسەکرد و وتی، "لە نەخۆشخانەی دا. شەنگال هیچ پەیوەندییەکی بە سنووری دەوڵەتی تورکەوە نییە. لە شوێنێکدا، کە هیچ پەیوەندیی بە بەڕێوەبەریی دەوڵەتى تورکەوە نییە، لە شەنگال بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش لە دژی کۆمەڵگەى کوردی ئێزدی ئەنجام دەدرێت. ئەوەش بە بەر چاوی جیهانەوە ئەنجام دەدرێت. دوایین ھێرش لە دژی نەخۆشخانەیەک ئەنجامدرا. پێش ئەوە ئیرادەی شەنگال، ئیرادەی ئازاد، رۆڵەی قارەمان و پاڵەوان، شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێزی گەورەی کورد سەعید حەسەن-یان لەگەڵ پاسەوانەکەیدا کوشت. ئەوەى زۆرترین کاری لەگەڵ مام زەکی دا کرد ئەو بوو. لە پێشگرتن بە کۆمەڵکوژی و کوشتارەکەى داعش، بۆ ئیرادەی ئازاد لەسەر بنەمای خۆسەریی دیموکراتیک لە شەنگال دا رۆڵ و پشکێکی زۆری هەبوو. رێبەرێکی راستەقینەى گەل بوو. سەرکردە و ئیرادەی کوردانی ئێزدی لە شەنگال بوو. کۆمەڵگە، ئیرادەی خۆسەری دیموکراتیکی نوێنەرایەتی دەکرد و قورسایی و فەرمیەتی خۆی هەبوو. بێگومان کەسێکی لەو جۆرەیان بە ئەنقەست و بە پلان کوشت. سەعید حەسەن بووە شەهیدێکی ١٥ی تەباخ. وەک مام زەکی. بە ناوی بەڕێوەبەریی پەکەکەوە بەڕێز و خۆشەویستی و منەتەوە یادی ئەو شەهیدە گەورەیە دەکەمەوە. سەرەخۆشی لە بنەماڵەکەى و خزمانی دەکەم. خۆم بە هاوبەشی خەم و ئازاری گەلەکەمان دەزانم. ئێمە هەموو کات ئەوەمان وتوە؛ هەموو پەکەکە و کورد هەموو کات لەگەڵ ئێزدییەکانیان و پشت و پەنایانن. ئیرادەی ئازادی خۆیان دەکەنە بنەما. بەبێ مەرج هەموو کات پشتیوانییان لێدەکەن و ئەو هەڵوێستەش دەبێتە ئیرادەی هەڵوێستی ئازاد. دەبێت ئەوە بزانرێت. هیچ هێزێک ناتوانێت پەکەکە و گەلی کورد لەو هەڵوێستە پاشگەز بکاتەوە".
بابەتەکە ئەوەیە، کە ئێمە چی بکەین؟
کاڵکان رایگەیاند، راستیی بیر و بۆچوونەکانی پەکەکە بۆ جارێکیتر سەلمێنرایەوە و وتی، "کوردبوونی ئێزدییەکان لە شەنگال و خەڵکی شەنگال دەبێت لەسەر بنەمای خۆسەریی دیموکراتیکی ئازاد بێت. پێویستە لەو ئاستەدا بن، کە بتوانن خۆیان بەڕێوەببەن و خۆیان بپارێزن. ئەگەر ئەوە نەبێت چی روودەدات؟ وەک ١٦ و ١٧ی ئاب کۆمەڵکوژی روودەدات. ئەوە روون و ئاشکرایە. ئێستا هەندێک هەڵدەستن و دەڵێن، 'بەڕێوەبەرییەکەتان و هێزەکانتان هەڵبوەشێننەوە'. بۆ ئەوە بکەن؟ بۆ ئەوەى دەوڵەتی تورک لێیان بدات، کاولی بکات، هەڵیوەشێنێتەوە و لە ناویان ببات، باشە دەبێت ئەوە بکەن؟ دەوترێت، کە پێویستی بەوە نییە. باشە، ئەوانەى دەڵێن، پێویستی بەوبە نییە لە کوێن؟ کاتێک فڕۆکەکانی تورک لە نەخۆشخانەکەیان دا لە کوێ بوون؟ لە دژی ئەوە چییانکرد؟ هیچیان نەکرد، بۆیە ئیدی شتێک نەماوە ئەوان بیڵێن. باشە بەراستی عێراق ماوە؟ دەوڵەتی عێراق هەیە؟ لە بەغدا بەڕێوەبەرییەک هەیە؟ ئەو بابەتە بووەتە جێگای مشتومڕ. ئەگەر هەیە، لە کوێیە؟ ئەوانەى ئەو هەموو قسەیان کرد و ئەو هەمووە دژایەتیی ئێزدییەکانیان کرد، کاتێک فڕۆکەکانی تورک لە نەخۆشخانەکەیان دا، کاتێک فەرماندە و دیپلۆماتی کۆمەڵگەى ئێزدی بە بەرچاوی هەموانەوە کوژرا، لە کوێ بوون؟ کۆمەڵگەى ئێزدی ئیدی بە چیی ئەوان بڕوا بکات؟ ئەوان بڕوا بە کام قسەیان بکەن؟ بۆیە دۆخەکە ئاشکرا و روون بووەتەوە و بە بەرچاوەوەیە. ئەوان هەموو شتێک بۆ فرت و فێڵ و سات و سەودا و بۆ بەرژەوەندییەکانیان دەکەن. دەتوانین بڵێین، هەموو کەس بە بەپێی بەرژەوەندیی خۆی دەجوڵێتەوە. بەڵێ، ئێمەش دەمانەوێت وەها بکەین. هەموو شتێک لە بەرچاوە. نامانەوێت بڵێین، فڵان کەس ئەو شتەى کرد، گرنگ ئەوەیە ئێمە چی بکەین؟ ئەوە بابەتەکەیە".
مرۆڤ تەنیا بە تێکۆشان دەتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت
دوران کاڵکان ڕایگەیاند، کە دەبێت وانە لەو ڕووداوانە وەربگیرێت و وتی"مرۆڤ تەنها بە تێکۆشان، بە شەڕ دەتوانێت لەسەرپێ بوەستێت. ئێمە دەبێت شەڕ بکەین. کوردانی ئێزدی دەتوانن ژیانی خۆیان لە خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتی بنیات بنێن و ڕێکبخەن. هیچ کەس ئەمەیان پێ نادات. پێویستە مرۆڤ چاوەڕێی ئەوە نەکات کە کەسێکی دیکە ئەوەیان پێبدات"
دوران کاڵکان ڕایگەیاند، کە پێویستە مرۆڤ ڕێکبخات، پەروەردە بکات، دوژمنی خۆی بناسێت، لە دژی دوژمن شەڕ بکات، دەست و قۆڵی دوژمن بشکێنێت و وتی"پێویستە وابکەیت کە دوژمن نەتوانێت هێرش بکاتە سەرتان. چۆن هێرش دەکاتە سەرتان، چۆن دوژمنایەتیتان دەکات، دەبێت هەر هیچ نەبێت ئەوەندەی ئەو دوژمنە لە ئامادەکاری هێرشکردنە سەر دوژمندا بێت، تێبکوشیت. جیهان بەم شێوەیەیە، ژیان بەم شێوەیەیە. ئێمە دەبێت بەم شێوەیە خۆمان پەروەردە بکەین و ڕێکبخەین و شەڕ بکەین. تۆزێک لاوازی لە دژی هێرشەکان هەیە، لە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکاندا لاوازی هەیە، هێرشیان کرد، بەڕاستی قورس بوو، لە ئاستێکدایە کە هیچ کەسمان ناتوانین قبوڵی بکەین. لە لایەکی ترەوە لە سەفەربەری تێکۆشان بۆ ڕووخاندنی فاشیزم لاوازی هەیە. تەنها راگەیەنراو هەیە، بۆچی؟ ئایا کەسێک دەستمان دەگرێت؟ ئەگەر دوژمن یەک جار لێمان بدات، دەبێت دووجار لێی بدەین، دەبێت لانی کەم یەک جار لێی بدەین. ئایا ئەوە مافی ئێمە نییە کە لێی بدەین؟ ئەگەر هەندێک کەس لێمان بدەن، کەواتە بۆچی ئێمە مافی ئەوەمان نییە لێیان بدەین؟ چی دەتوانێت ڕێگریمان لێ بکات؟ ئایا ئەم پاراستنە شەرعی نییە؟ هەندێک پێناسەیان داوە. نازانم کێ ئەمەی دروست کردووە. وەک ئەوەی یاسای نێودەوڵەتی هەبووبێت، وەک ئەوەی لە جیهاندا دادپەروەری هەیە، ئێمە هەوڵ دەدەین خۆمان سنووردار بکەین بۆ یاسا و دادپەروەری. هیچ شتێک نییە کە کورد خۆی سنوردار بکات بۆ ئەوەی بەربەست لەبەردەمیدا دابنێت. لەم جیهانەدا جگە لە مردن هیچ شتێک بە کورد نییە. ئێمە دەبێت عاقڵانە هەڵسوکەوت بکەین. ئەگەر بەم شێوەیە شەڕ بکەین، ئەوا دەتوانین دەست و قۆڵی دوژمن بشکێنین. دوژمن سوود لە لاوازی ئێمە وەردەگرێت. فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە، کە لە بەرەکانی داڕماندایە، زۆر ترساوە، گەریلا گورزی لێدەدات، سەیرکەن، لەم دۆخەدایە."
'هەموو شتێک بە تێکۆشان بەدەست دێت'
دوران کاڵکان ڕایگەیاند، دەبێت ئەو ڕووداوانەی ڕوودەدەن بە دروستی شیبکرێنەوە و وتی"دەبێت بزانین کە دەتوانین هەموو شتێک لە ڕێگەی تێکۆشانەوە بەدەست بهێنین. ئێمە خۆمان پەروەردە بکەین، رێکخستن بکەین، شەڕ بەین، دڵنیا دەبین لە هێزەکانمان. شەرعییەت خۆمانین. فەرمیەت خۆمانین. پێویست ناکات کاتمان لەگەڵ دەوروبەرمان بەسەر ببەین". کالکان ئاماژەی بەوەدا کە ڕووداوەکە زۆر جدییە و دەبێت وانەی گرنگ فێر ببین و وتی:"بە یادی مام زەکی و سەعید حەسەن دەبێت لەگەڵ رێکخستنێکی ڕاستدا تێبکوشین. پێویستە چەند قات تۆڵەی مام زەکی و سەعید حەسەن بکەینەوە."
لەبارەی لێدوانەکانی بەشار ئەسەدەوە
لە کۆتایی قسەکانیدا دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، لێدوانەکانی بەشار ئەسەدی سەرۆکی سوریا سەبارەت بە ناوەندی لە سوریا هەڵسەنگاند.
کاڵکان ڕایگەیاند، کە دوای قسەکانی بەشار ئەسەد ، چاودێری راگەیەندنەکانیان کردووە، زۆر گرنگ و مانادارن و وتی:"کاتێک سوریا دامەزرا، ناوەندی نەبوو. لە بەڕێوەبەرایەتییە هەرێمییەکان پێک هاتبوو، هەروەها لە ڕووی جوگرافییەوە ئەستەم بوو کە ئیدارەیەکی ناوەندی قورس لە سوریا دروست بکرێت. سەپاندنی ئیدارەی ناوەندی سوریای هێنایە ناو ئەو شەڕەی کە ماوەی 10 ساڵە بەردەوامە. ئەمە سوریا دابەش دەکات. من دەتوانم بە ڕوونی بیڵێم ئەگەر سیستمی ناوەندی بسەپێندرێت ئەوە سوریا دابەش دەکات. میتۆدێکی بەڕێوەبردنی نەناوەندی، ئیدارەی بەهێزی ناوخۆیی، یەکێتی سوریا مسۆگەر دەکات.
لە رووی سیاسیەوە، ئەمە ڕێبازە راستەقینەکەیە؟ چونکە هەموو کەس دەتوانێت بە ئازادی بۆچونی خۆی دەرببڕێت، خۆی بەڕێوەببات، پاشان یەکپارچەیی سوریا دروست دەبێت. ئەگەر ئەوان ئیدارەی خۆیان لە پشتیوانی دامەزرێنن، ئەوا پشتیوانی بۆ سوریا بەهێز دەبێت. هیچ کەس لەدژی ناوەستێتەوە، دابەش نابن. بۆچی دەبێت مرۆڤ بوەستێتەوە، بۆچی دابەشی بکات؟ ئەمە گرنگە، بە بڕوای ئێمە، ئەمە دەبێت ببینرێت. چونکە چەندین گروپی ئایینی و نەتەوەیی و ئیتنیکی هەیە، بەتایبەتی کورد و کۆمەڵگە و خەڵكی جیاواز هەن. خۆبەڕێوەبردن بە دڵنیاییەوە گرینگە، چەندین مەزهەبی جیاواز هەن. پێویستە ببینرێن، شار دروست کراون، هەرێمەکانی سوریا هەن. هەروەها ئێمە ئەوە دەزانین پێشتر بەڕێوبەرایەتی ناوچەیی هەبوون.
دوران کاڵکان ڕایگەیاند، کە پێشتر لە سوریا ئیدارەی ناوەندی نەبوو و وتی"هیوادارین هەموو ئەمانە هەڵبسەنگێنن. هیچ چارەسەرێکی دیکە نیە. نابێت چیتر دوابخرێت. ئێستا جەنگ گەیشتووەتە ئاستێک کە دەبێت مرۆڤ چارەسەرێک بدۆزێتەوە. ئەگەرنا ئەگەر کات تێپەڕی، دەرفەتەکان بۆ چارەسەریش لەناودەچن. هیوادارین ئەنجامێک بۆ هەموو ئەمانە هەبێت. ئێمە بە گرنگ و مانادارمان بینی و چاودێری دەکەین"
دوران کاڵکان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە دامەزراندنی سوریایەکی دیموکراتی و بەڕێوەبەرایەتییە خۆجێیی و هەرێمییەکان و پاراستنی خۆبەڕێوەبەری زۆر گرنگ و کاریگەرن.
کاڵکان وتی"ئەمە سوریا دەکات بە مۆدێلی چارەسەری لە ناوچەکەدا، یەکڕیزیی دەپارێزێت و دەبێتە مۆدێلی چارەسەری و سوریا دەکاتە پێشەنگ و بەهێزی دەکات."
ف.ق / ژ.ت