کۆڵبەرێک کوژرا و کۆڵبەرێکیش بێسەروشوێنە

لەئەنجامی تەقەی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە هەورامان کۆڵبەرێک کوژرا و لە سنووری بانەش دوای ئەوەی دەستڕێژی گولـلە لە ژمارەیەک کۆڵبەر کرا، ماوەی زیاتر لە دوو رۆژە کۆڵبەرێک بێسەروشوێنە.

بەپێی هەواڵێکی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان رۆژی چوارشەممە لە سنووری تەتەی هەورامان ژمارەیەک کۆڵبەر کەوتوونەتە بۆسەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری دەوڵەتی ئێران و لە ئەنجامی تەقەی ئەو هێزانە کۆڵبەرێک کوژراوە.

ئەو کۆڵبەرەی کوژراوە ناوی سەیوان دەستئەفکەن خەڵکی گوندی دەرەپەمەیانی مەریوانە.

لەلایەکی دیکەوە لە سنووری بانە، گەڕان بە دوای کۆڵبەرێک بە ناوی محەمەد رەحیمی خەڵکی شاری سەقز بەردەوامە، کە ماوەی زیاتر لە دوو رۆژە بێ سەروشوێنە.

رۆژی دووشەممە دوای ئەوەی هێزەکانی دەوڵەت تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردبوو، ئەو کۆڵبەر لە هاوڕێکانی دابڕابوو و بێسەروشوێن ببوو.

لە سەرەتای ساڵی تازەی کوردییەوە واتە لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا ٥ کۆڵبەر لەناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تەقەی هێزەکانی دەوڵەت کوژراون و پێنج کۆڵبەری دیکەش بە هۆی رووداوەکانی وەک رەقبوونەوە، کەوتنەخوارە لەبەرزایی و وەستانی دڵ لە کاتی کۆڵبەری گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٤٠ کۆڵەبەریش لەو ماوەیەدا برینداربوون.

هـ.ب