لە پێناو بەدیهێنانی یەکێتیی نەتەوەیدا، بەرێوەبەران و هاوسەرۆکانی شارەکانی کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە)، بزووتنەوەى ژنانی ئازاد (تەژەئا)، پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە) لە ناوچەکانی هەزۆ، قابل جەوس و شارۆچکەى بەکرخانی و هەزۆ لە پارێزگای ئێلج سەردانی کاسبکاران و پیشەوەرانیان کرد.
بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کەجەدە، چالاکوانانی تەژەئا، هاوسەرۆکانی گشتیی دەبەپە کەسکین بایندەر و سالیحە ئایدەنیز، پەرلەمانتارانی هەدەپە محەمەد روشتو تریاکی، ئیمام تاشچەر، نەجدەت ئیپەک یوز، هاوسەرۆک شارەوانیی ئێلح سۆنگول کۆرکماز، کە شارەوانییەکەى لەلایەن دەوڵەتەوە زەوتکراوە و قەیومی بەسەردا داسەپێنراوە، لەگەڵ چەندین ئەندامی ئەنجوومەنی گەنجانی هەدەپە بەشداری ئەو هەڵمەتە بوون. لەو هەڵمەتە مەیدانییەکەدا لە دوو قۆڵەوە سەردانی کاسبکاران و پیشەوەرانیان کرد.
داوایان لە گەل کرد بەشداری لە چالاکیی ٢٩ی کانوونی دووەم دا بکات
هاوسەرۆکی گشتیی بەدەپە کەسکین بایندەر، پەرلەمانتاری هەدەپە ئیمام تاشچەر و محەمەد روشتو تریاکی لە ناوچەى قابل جەوس سەردانی کاسبکاران و پیشەوەرانیان کرد. هەڵمەتەکەیان لەلایەن سەربازان، پۆلیس و جاش و جەردەوانەکانەوە چاودێری دەکرا، بەڵام کاسبکاران و پیشەوەران بە چەپڵە و هەلهەلە پێشوازییەکی گەرمیان لە شاندەکە کرد. شاندەکە داوای لە هەموو کاسبکاران و پیشەوەران کرد، بەشداری لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییە جەماوەرییەکەی رۆژی ٢٩ی کانوونی دووەم دا بکەن، کە لە چوارچێوەی نەتەوەی دیموکراتیکدا لە پارکی ئاتاتورک لە شاری ئێلحی ناوەندی پارێزگای ئێلح بەڕێوەدەچێت.
"ئێوە ناتوانن بە بێ کورد یەک هەنگاو بنێن"
قۆڵێکی تری هەڵمەتەکە هاوکات لە بەکرخان بەڕێوەچوو. لەو قۆڵەدا بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کەجەدە، سالیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی گشتیی بەدەپە، نەجدەت ئیپەک یوز پەرلەمانتاری هەدەپە و گوڵستان سۆنوک هاسەرۆکی شاری بەکرخان تیادا بەشدار بوون. ئەو شاندە سەرەتا لە بەردەم بارەگای هەدەپە لە شاری بەکرخان کۆبویەوە.
سالیحە ئایدەنیز هاوسەرۆکی گشتیی دەبەپە لەوێ وتەیەکی پێشکەشکرد و رایگەیاند، ئەوان بۆ مافی گەلی کورد تێدەکۆشن. راشیگەیاند، ئەوە راستییەکە، کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەبێ کورد هیچ هەنگاوێک نانرێت و ناتوانن بەبێ کورد هەنگاو بنێن.
"لە یەکگرتووییمان دەترسن"
لە دوای سالیحە ئایدەنیز، بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کەجەدە رایگەیاند، دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە هەوڵ دەدەن کورد پاکتاو بکەن، بەڵام رووبەڕووی بەرخودانی گەل دەبنەوە. راشیگەیاند، "ئەوانەى لە هەوڵی لەناوبردن و سڕینەوەى کورددان، ئەمڕۆ بۆ خۆیان گەیشتوونەتە دۆخی لە ناوچوون و رووخان. ئێمە لەم کاتەدا زۆر بەهێزین. ئێمە بانگەوازیمان بۆ گەلی کورد هەیە، ئەمڕۆ دەزانین ئاکەپە بەرەو لە ناوچوون و رووخان دەڕوات و لە کاتی کۆتایی خۆیاندان، بۆیە پێویستە هەر بەشێک و کارێک دەکەوێتە ئەستۆمان ئەنجامی بدەین".
دیسانەوە پۆلیسی دەوڵەتی تورک دەستی بە هەڕەشە و گوڕەشە کرد
لە دوای ئەو لێدوانانە، سەردانی شاندەکە بە وتنەوەى دروشمەکانی "بژی بەرخودانی زیندان"، "ژن، ژیان، ئازادی" و "بمرێ خیانەت، بژی کوردستان" دەستیپێکرد. شاندەکە لەلایەن کاسبکاران و پیشەوەرانەوە پێشوازییەکی گەورە و گەرمیان لێکرا. شاندەکە لە ژێر گەمارۆی پۆلیس دا بەردەوام بوو لە خەباتەکەى.
شاندەکە لە دوای کۆتایهێنان بە سەردانەکەیان لە بەکرخان لەگەڵ شاندەکەى قابل جەوس لە ناوەندی هەزۆ یەکیان گرتەوە. لەوێش بە پێکەوە سەردانی کاسبکاران و پیشەوەرانیان کرد. لەو سەردانەیاندا داوایان لە کاسبکاران و پیشەوەرانکرد، بەشداری لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییە جەماوەرییەکەی ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ ببن. ژمارەیەکی زۆریش لە هاووڵاتییان، چالاکوانان و رێکخراوەکان بەشداری شاندەکە بوون و پێکەوە بەردەوامییان بە سەردانی جەماوەر دا.
شاندەکە لە دوای تەواوکردنی سەردانەکەى لە هەزۆی کۆتایی بە خەباتەکەى هێنا.
پۆلیسی دەوڵەتی تورک هەر وەک سیاسەتی دەوڵەتەکەى جوڵە و هێز و ورەی گەلی کوردی پێ قبوڵ ناکرێت، بۆیە چەندیجار خواستیان رێگری لە شاندەکە بکەن و دەستیان بە هەڕەشە و گوڕەشە کرد، بەڵام ورە و بەرخودانی گەل و شاندەکە هەوڵە تێکدەرانەکانى پۆلیسی تورکی پوچەڵ کردەوە.
ژ.ت