خەون و ئاواتی ڤیان ئەوەبوو کە رۆژێک لە جودی گەریلایەتی بکات

ڤیان مەزڵوم (گوڵێ جمۆ) لە عەفرینەوە دەیویست لە جودی ببێتە گەریلا. دەیویست دوای پراتیکی مەتینا و رۆژئاوا ئەو خەونە لە بۆتان بهێنێتەدی. ڤیان تا ئەو کاتەی شەهید بوو، بە پێشەنگایەتی دەلال ئامەد شەڕی کرد.

گوڵێ جمۆ لە بنەماڵەیەک خەڵکی ناوچەی بلبلێی عەفرین لە حەڵەب لەدایکبوو. لە ناو بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزدا گەورەبوو. بزوتنەوەی ئازادیی کوردی هەر زوو ناسی. هەر لە منداڵیدا ئاشنایەتی لەگەڵ رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کوردستان و پەکەکە هەبوو. بە کاریگەری بەشداربوونی ئەندامانی بنەماڵەکەی لە تەمەنێکی کەمدا رووی کردە چیاکانی کوردستان. بۆ ئەوەی خۆی بگەیەنێتە ژیانێک نوێ ناوی ڤیانی بۆخۆی هەڵبژارد.

ڤیان مەزڵوم بەم جۆرە باسی پرۆسەی بەشداربوونی خۆی دەکات: "من وەک گەنجێک هەستم بە خۆم کرد. وەک گەنجێک کە لە قەفەس فڕیوە و خۆی گەیاندووەتە چرۆی دارەکان. وەک چۆلەکەیەک کە بەدوای ئازادییەوە دەگەڕا و  دەیزانی لە کوێ هێلانەی کردووە، منیش بەردەوام بەدوای خەونەکانمەوە بووم. بۆ ئەوەی شایەنی گەلەکەم و زێدی خۆم بم، ئەم رێگەیەم گرتەبەر."

بەم جۆرە بە ئەشقێکی گەورەوە بەشداری لە ژیانی هاوڕێکانیدا کرد. زوو فێری ژیان لە چیا بوو. دوای چەند ساڵ تێکۆشان لە چیای مەتینا، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکانی داعش بۆ سەر رۆژئاوا چووە ئەو بەشە و بەشداری لە شەڕدا کرد. ڤیان مەزڵوم تا ئازادبوونی رۆژئا گەلەکەی بە تەنیا جێنەهێشت، سەرباری ئەوە سێ جار لە شەڕدا برینداربوو، هەرگیز دەستبەرداری تێکۆشان نەبوو و درێژەی بە بەرخودان دا.

ئیتر ئامادەبوو کە بچێتە بۆتان          

دوای ئەوەی خاکی رۆژئاوا ئازادکرا ڤیان مەزڵوم جارێکی دیکە روویکردەوە گۆڕەپانەکانی گەریلا لە چیا. ئیتر ئامادەبوو کە بچێتە بۆتان. ڤیان مەزڵوم بۆ ئەوەی خەون و ئاواتی منداڵی خۆی بهێنێتەدی دەیویست بچێتە جودی. ڤیان مەزڵوم دەیویست هەرچو زووە خەونەکانی بهێنێتەدی و ساڵی ٢٠١٥ رووی کردە بۆتان.

لەگەڵ ١٢ هاوڕێیدا تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو

لە بۆتان لە چالاکیەکاندا لە دژی دوژمن لە ریزەکانی پێشەوەبوو. بە خۆشەویستی و ئەوینی ئازادی لە سەر رێگەی سەرکەوتن هەنگاوی نا و ناوی خۆی لە داستانەکانی بەرخوداندا نوسیەوە. دەوڵەتی تورک ساڵی ٢٠١٧ دەستی بە هێرشێکی بەربڵاوی داگیرکەری کرد و بە تابەتی فەرماندەی هەرێمەکە دەلال ئامەد (هولیا ئەرئۆغڵو) و ئازێ مەلازگرد (ئاسلی ئۆزکایا)ی کردە ئامانج. لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای تورکدا بۆ سەر گۆڕەپانی بەستای بۆتان ڤیان مەزڵوم وێڕای فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی یەژاستار دەلال ئامەد لەگەڵ ١٢ هاوڕێی خۆیدا تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

هـ . ب