بە دیمەن

کەسایەتییەکانی کەرکوک داوای یەکگرتوویی و یەک گوتاری کورد دەکەن

ژمارەیەک لە لایەن و کەسایەتی کەرکوک، داوای دروستکردنی یەک فراکسیۆنی کورد دەکەن لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنج-شەممە، لە سەنتەری رۆشنبیری شاری کەرکوک، بەمەبەستی بانگەوازی کرد بۆ یەکبوون و یەک گوتاری لایەنە کوردییەکانی کەرکوک و فشار خستنەسەر بڕیاربەدەستانی پارتی و یەکێتی، هەر یەکە لە گروپی خاک، کەرکوک بۆ هەمووان و ئەنجوومەنی کوردی کەرکوک، کە پێکهاتوون لە ژمارەیەک لە کەسایەتی سیاسی، رۆشنبیری، مامۆستا، نووسەر و نوێنەری خەڵکی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەووانیان بەست و تێیدا جەختیان لە گرنگی یەکڕیزی و یەک گوتاری کورد کردەوە بەهۆی هەستیاری و مەترسییەکانی دۆخی ئیستای کورد لە کەرکوک.

"دەسەڵات لە هەولێر و سلێمانی هەست بە ئازارەکانی کەرکوک ناکەن"

محەمەد ئەمین چالاکوان، لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا بەناوی ئامادەبووانەوە قسەی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد و گوتی: "لە ساڵی (٢٠٠٣)ەوە تاوەکو ئێستا ئێمەی هاوڵاتییانی کورد لە کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان باجی هەڵەی سیاسی و نەگونجان و پێکەوە کارنەکردنی حزبە کوردستانییەکان دەدەین بە تایبەتی ناتەبایی و ململانێی نابەجێی نێوان یەکێتی و پارتی دواتریش لە ساڵی (٢٠١٧)ەوە بەهۆی ڕیفڕاندۆم باجە گەورەکەمان دا و تا ئەمڕۆش تاڵاوەکەی بە بەردەوامی دەچێژین ئێستاش ئەو دوو لایەنە براوەی هەڵبژاردن پێکەوە ناگونجێن ئەگەر وا بڕوات چاوەڕوان دەکرێت کورد لە کەرکوک باجێکی گەورەتر بدات بەداخەوە پێدەچێت دەسەڵات لە هەولێر و سلێمانی هەست بە ئازارەکانی ئێمەی کەرکوکی نەکەن، کێشەکانی وەک زەوی و زار، پەروەردە، زمانی کوردی پرۆسەی بەعەرەب کردنی شارەکە، پرۆژەی خزمەتگوزاری و ئاوەدان نەکردنەوەی سەدان گوندی وێرانەی سەردەمی بەعس و تەواوی کێشەکانی دیکە لەجیاتی چارەسەرکردن کەڵەکەیان کردووە و بە ڕۆژگاریان سپاردووە".

"پارتی و یەکێتی خەریکی خۆخواردنەوەی یەکترن"

هەروەها محەمەد ئەمین گوتیشی: " ئەوەی جێگای ئاماژەیە ئێستا لەم چرکە ساتەدا ئەو دوو لایەنەی پارتی و یەکێتی خەریکی خۆخواردنەوەی یەکترن، سوپای عێراق چوونەتەسەر زەوی جووتیارانی تۆپزاوە و بە شۆفڵ خەریکی تەختکردنی زەوییەکانن بە مەبەستی فراوانکردنی سەربازگەکە، سێ ڕۆژە هیچ ئەندامێکی پەرلەمان و ئەندامێکی ئەنجوومەن بە دەنگی تۆپزاوە نەهاتووە".

محەمەد ئەمین لە درێژەی قسەکانیدا، داواکارییەکانیانی لە چەند خاڵێک ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، بۆ فشار خستنەسەر بڕیار بەدەستانی ئەم دوو حیزبە ئێمە چەند ڕێکخراوێک بڕیارمان دا ئەم گردبوونەوەی جەماوەرییە ڕێک بخەین و تێیدا داوا بکەین:-

یەکەم/ دروستکردنی یەک فراکسیۆن لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی و کریستیان کە دەکاتە هەشت کورسی تاوەکو بەیەک گوتار و یەک بەرنامە لەگەڵ پێکهاتەکانی تر بۆ دامەزراندنی حکومەتی خۆجێیی کەرکوک بکەونە گفتوگۆ.

دووەم/  لە موسڵ و ناوچە دابڕێندراوەکانی دیکە پێویستە پێکەوە بەیەک بەرنامە کاربکەن، وەک چۆن ئەو دوو لایەنە بەنۆرە بەرامبەر بەیەکتر لەو ناوچانە و لە ٢١ ساڵی ڕابردوو بڕیاری هەڵەیان داوە بەڵام لەم ڕۆژگارە دووبارەکردنەوەی ئەو هەڵانە و لە شوێنەکانی تر نەک تەنها زیان بە پرسی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکان دەگەیەنێت بەڵکو مەترسی لە دەستدانی لێ دەکەوێتەوە.

سێیەم/ لە کەرکوک پێویستە پارتی دەروونی گەورە بێت و بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو بگرێت و ڕێز بۆ زۆرینەی کورسییەکانی یەکێتی دابنێت و بەهەندی وەربگرێت، یەکێتیش پێشوازی لە هەڵوێستێکی لەو شێوەیە بکات.

"بەردەوام بێت پێکەوە ژیانی ئاشتییانە"

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا، محەمەد ئەمین بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاند و گوتی: "لەکۆتاییدا دەمانەوێت بە ڕاشکاوانە بەم دوو لایەنە بڵێین ئێمە پشتیوانتانین بەڵام ئەگەر ناتوانن پێکەوە کاربکەن یان پەند لە ڕابردوو وەرناگرن و بەتەنگ ئازارەکانی کەرکووکەوە نین، داواتان لێ دەکەین چیتر مەبن بە بارگرانی لەسەرمان و گورگان خواردمان مەکەن، با خەڵکی کەرکوک بە دوای چارەسەرێکی گونجاوی خۆیدا بگەڕێت، بژی کەرکوک، بەردەوام بێت پێکەوەژیانی ئاشتییانە".