لە راگەیێنراوەکەی کۆردیناسیۆنی کەژەکەدا هاتووە:" ئێمە لە سەردەمێداین کە قوڵترین قەیرانی مرۆڤایەتی لە مێژوودا، لەبەر دەرگامانە. ئەم سەردەمە لە هیچ سەردەمێکی تر ناچێت، سەردەمێکی جیاوازە. لەم سەردەمەدا هێزەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتدار هەوڵ دەدەن سیستمە داگیرکەرەکەیان کاریگەری لەسەر هەموو بەشەکانی ژیانی کۆمەڵگا و مێشکی مرۆڤەکان دروست بکات، بۆیە کێشە و پرسگرێک دێنە ئاراوە. لە هەموو وڵاتانی جیهان، تەنگەتاویەکی گەورە و چارەسەر نەکردنێکی قوڵ دەبینرێت.
دوایین جاریش، ئەو رووداوانەی بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا روویاندا، رەوشی مرۆڤایەتی بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا خستەڕوو. بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئاشکرا بوو کە دەوڵەت و دەسەڵات بە چی شێوەیەک تەماشای کۆمەڵگا دەکەن، بە سیاسەتی ئایین پەرەستی، نەتەوەپەرەستی و رەگەزپەرەستی دەوڵەتان، رووی راستەقینەی کارەکتەری پیاوسالاری و فاشیست بە تەواوەتی ئاشکرا بوو. ڤایرۆسی کۆرۆنا لە لایەن دەوڵەتانەوە بۆ تاڵانکردنی ژنان و بە گشتی مرۆڤایەتی، بە شێوەیەکی زاڵمانە بەکار هێنرا.
کوردستان لە ناوەندی قەیران و کابووسی مرۆڤایەتیدایە
سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست هیچ کات ناتوانێت کێشەی مرۆڤایەتی و بە تایبەت ژنان چارەسەر بکات. زیهنیەتی خۆی لە کارەکتەری سەردەستی پیاوسالاری و داگیرکەری وەردەگرێت. کاری ئەم سیستمە تەنها تاڵانکردنی کۆمەڵگا، دروستکردنی شەڕ، تێکدانی هاوسەنگیەکانی سروشت، بێکاری، برسیکردن و کۆچبەرکردنە. چاوەڕوانیی دەستی دەوڵەت بە واتای چاوەڕوانی دەستی بکوژەکەی خۆت دێت.
کوردستان کە کەوتووەتە ناوەندی جەنگی جیهانی سێیەمەوە، لە ناو قەیران و کابوسی مرۆڤایەتیدایە. هەموو کێشەکان لە رۆژهەڵات ناوەڕاست، لە کوردستان و لەناو تێکۆشانی ئازادی ژنانی کورددایە.
هەڵوێست و خۆڕاگریی رێبەر عەبدولا ئۆجالان لە ناو زیندانی ئیمرالیدا، مێژوویە. نەک تەنها بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو ژنان، بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گشت جیهان هەڵوێست و خۆڕاگریەکی مێژوویە. پارێزنامەکانی ئیمرالی، پارادیگمای دیمۆکراتیک، ژینگە پارێزی و ئازادی پارێزیەکانی رێبەرایەتیمان، کۆنفیدارلیزمی دیمۆکراتیک و مۆدێلی نەتەوەی دیمۆکراتیک کە بە پێشەنگایەتی ژنان بەدیهات، بۆ ئازادی مرۆڤایەتی تاکە رێگای رزگاریە لە قەیرانەکان. بزوتنەوەی ئازادی کوردستان کە بە پێشەنگایەتی رێبەر عەبدولا ئۆجالان لە کوردستان دەجوڵێتەوە، هاوکات بزوتنەوەی ئازادی ژنانی کورد لە بونیادنانی مۆدێرنیتەی دیمۆکراتیکدا بۆ مرۆڤایەتی رۆڵی پێشەنگ دەبینن.
بۆیە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ گەلەکەمان و بە تایبەت بۆ ژنان، بە بڕیارداریەکی گەورەی خۆڕاگریەوە تێپەڕی. لە دژی دەوڵەتی فاشیستی تورک کە لەسەر بنەمای دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە خۆی بە رێکخستن کردووە، لە ئاستێکی نائاساییدا خۆڕاگری بەڕێوەچوو. ژنانی کورد لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە هەموو پارچەکانی کوردستان و ئەوروپا و گشت جیهان بە ئیدیعایەکی گەورەوە پێشەنگایەتیان بۆ ئازادی و خۆڕاگری کرد.
ژنان بە بیانووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ماڵەوە هێڵرانەوە و توندوتیژیان لەبەرامبەر کرا
ژنان بە بیانووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان لە ماڵەکانیان هێڵرانەوە و بەم شێوەیە رووبەڕووی توندوتیژی و دەستدرێژی بوونەوە. مانەوە لە ماڵەوە کە تاکە چارەسەری سیستمە بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بۆ کۆمەڵگا و بە تایبەت بۆ ژنان هیچ چارەسەریەکی بەدوای خۆیدا نەهێنا و بووە هۆی ناچارەسەری و تەنگەتاوی. هەوڵ درا لایەنی ئۆپۆزیسیۆن و خۆڕاگریی ژنان کە لە جیهان پێشەنگایەتی بۆ هێزە دیمۆکراتەکان و ئازادیخوازەکان دەکەن، سەرکوت بکرێن. بەڵام لەگەڵ هەموو سەختی و رێگریەکان، ژنان لە ساڵی ٢٠٢٠دا وازیان لە خۆڕاگری و راپەرین نەهێنا. لە دژی سیاسەتی سەردەستی پیاوانی سیستمی مۆدێرنیتەی کاپیتالیست وەستانەوە. خۆڕاگری ژنانیان کرد بە هەمیشەیی و بەم شێوەیە بوون بە هیوا و سەرچاوەی سوودوەرگرتن بۆ مرۆڤایەتی.
لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە تایبەت لە حەفتانین و چەندین ناوچەی تر، قوربانی زۆرماندا. چەندین کادری پێشەنگی بزوتنەوەکەمان وەکو لەیلا ئاگری، زین، ئاریانا، ئەسمەر، سەما کۆچەر و دۆغا و چەندین هاوڕێی ترمان لەم شەڕەدا شەهید بوون. وڵاتپارێز و ملیتان و ژنانی کادیری پێشەنگی کورد لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە بە ئامانج گیران و بەم شێوەیە پلانگێری بۆ لەناوبردنیان بەڕێوە چوو. لە باکوری کوردستان بە هەزاران ژن بە بێتاوان، تەنها بە هۆی ئەوەی داوای ژیانێکی ئازد و یەکسانیان کرد و بۆی تێکۆشان، زیندانی کران. یەک بە یەک دەست بەسەر دەستکەوتەکانی ژناندا گیرا. سیستمی هاوسەرۆکایەتی وەکو تاوان لە قەڵەمدار. لە باکوری کوردستان و عەفرین لەسەر بنەمای سیاسەتی شەڕی تایبەت، چەتە و ئەفسەر و پیاوانی دەوڵەتی تورک دەستدرێژیان کردە سەر ژنانی کورد. هەوڵیاندا ژنانی کورد تووشی مادەی بێهۆشکەر و لەشفرۆشی و کاری سیخوری بکەن.
بەڵام لەگەڵ فشار و ئەشکەنجە و هێرشە بەفراوانەکانیان، ژنانی کورد بە فیداکاریەکی بێوێتە و بە سووربوونیان لەسەر داواکردنی ئازادی بۆ مانەوەیان، خۆڕاگریان کرد. لە دژی فاشیزم و سیستمی راستگریی جیهان ئەرکی پێشەنگایەتیان جێبەجێ کرد.
ژنانی کورد لە دژی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی خۆڕاگریان کرد
لە دژی دەوڵەتی تورک کە فاشیستترین و زاڵمترین و بێویژدانترین و داگیرکەرترین دەوڵەتی جیهانە، لە باکوری کوردستان، لە رۆژئاوا و لە باشور خۆڕاگری بەڕێوە دەچێت. لە دژی دەوڵەتی ئێرانیش، ژنانی کورد بوون بە لایەنی یەکەمی ئۆپۆزیسیۆن و لە خۆڕاگریدان و تەسلیم نەبوون.
بۆیە بە رۆحێکی گەورە و خۆڕاگریەوە پێشوازی لە ساڵی ٢٠٢١ دەکەین. ساڵی ٢٠٢١ ژنانی کورد لە شەڕی دژی فاشیزم و دواکەوتوویی و نۆکەری، بە فیداکارانە و چاونەترسی و بە ئەزمونەکەیان لە ریزەکانی پێشەوەدا جێدەگرنەوە. بۆ ئازادی رێبەرمان، ژنان و گەلەکەمان لە ریزەکانی پێشەوەی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و ژینگەپارێزی و سیاسی و سەربازیدا جێدەگرن.
بانگەوازیەک ئاڕاستەی گەلەکەمان و گشت گەلان و بڕواکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین: ساڵی ٢٠٢١ دەبێت بە ساڵێکی گرنگ. لە دژی دەوڵەتی ستەمکاری تورک، کە خاوەنی هەمان زیهنیەتی داعشە، خۆڕاگری و تێکۆشانی هاوبەشمان بەرفراوانتر دەکەین. لە دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە بە شێوەیەکی وەحشیانە خاکی ئەنادول و میزۆپۆتامیای داگیر کردووە، هاوپەیمانیمان گەورەتر بکەین. ئێمە وەکو ژنانی کورد، لە هەموو شوێن و کاتێکدا، پێشەنگایەتی بۆ خۆڕاگری دەکەین. لەسەر ئەم بنەمایە هەموومان بە یەکەوە لە دژی سیاسەتەکانی داگیرکەری دەوەستینەوە کە بە خەیاڵەکانی عوسمانی نوێ لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەسەپێنرێت.
سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن و لەناوبردن و تواندنەوە و داگیرکەری کە بەسەر گەلانی ئێمەدا دەسەپێنرێن، بە خۆڕاگری و بەرێکخستنبوونی هاوبەش و بە چالاکیەکانمان پوچەڵیان دەکەینەوە.
خۆڕاگریمان لە بەرەکانی ئازادی و دیمۆکراسیدا لەگەڵ گەلانی تورک، فارس، عەرەب، ئەرمەن، سوریانی، عەجەم، رۆم، چەرکەز، لاز و لەگەڵ بڕواکانی عەلەوی، یارسان، شیعە و مسلمانەکان گەورە دەکەین.
بانگەوازیەک بۆ ژنان:
سەدەی ٢١ دەبێت بە سەدەی ئازادی ژنان. سیستمی سەردەستی پێنج هەزار ساڵەی پیاوسالاری لە قوڵترین قەیرانی مێژوویدایە. ئەم سیستمە دەیەوێت سەر لە نوێ خۆی نوێ بکاتەوە، بەم شێوەیە تەمەنی خۆی درێژ دەکاتەوە و سیستمێکی وردتر و سەردەستتر بونیاد دەنێت. بەڵام ئیدی ئەو دەرفەتەی لەبەر دەست نەماوە. چونکە ئیدی لە جیهان راستی زانایی و بەرێکخستنبوونی ژنان هاتووەتە ئاراوە. ئێمەی ژنان، کە پێشەنگایەتی بۆ ئازادی دەکەین، رێکخستنبوون و تێکۆشانی هاوبەشمان، لە دژی دەوڵەت و دەسەڵاتە تاڵانکەرەکان بەرفراوان دەکەین.
بە یەکێتی ژنان و تێکۆشانی هاوبەش، گەورەترین خۆڕاگری دێتە ئاراوە. ژیانی ئازاد و جێگرەوەش لەسەر ئەم بنەمایە بونیاد دەنرێت.
ژنانی کورد و بە گشتی ژنانی جیهان بە هاوکاری یەکدی و بە رۆحی فیداکاری، لە ساڵی ٢٠٢١دا پێشەنگایەتی بۆ ئازادی و خۆڕاگری دەکەن.
لە ساڵی ٢٠٢١دا بە خۆڕاگری، بە رێکخستنبوون و تێکۆشانی هاوبەش و بە خۆپاراستن سەرکەوتوو دەبین. سەرکەون بۆ خۆڕاگران دەبێت. لەسەر ئەم بنەمایە پیرۆزبایی ساڵی نوێی ٢٠٢١ لە رێبەر ئاپۆ، لە ژنان، گەلەکەمان و گشت گەلانی ترمان دەکەین و دەڵێین، کاتی لەناوبردنی فاشیزمە."
ز.ش