لە باشوور خۆپیشاندان بەردەوامە: ٢ کەس کوژران و چەندین کەس بریندارکران

خۆپیشاندان لە دژی  خراپی دۆخی دارایی، گەندەڵیی و سیستمی حوکمڕانییە لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ئەمڕۆ ٢ خۆپیشاندەر کوژران و چەندین کەس بریندارکران.

شارەزوور، کفری، خورماڵ

لە شارەزوور، کفری و خورماڵ خۆپیشاندەران چەند بارەگایەکی حزبی و شوێنێکیان سوتاند.

لەو چوارچێوەیەدا توێژ ەجیاوازەکانی شارۆچکەی کفری بە دروشمی تۆڵەی شەهید “ئاکۆ دەکەینەوە”، ڕژانە سەرشەقام و ئاگریان لەسەر شەقامە گشتییەکان کردەوە و بەشێک لە خۆپیشاندەرانیش فەرمانگەی ڤێترنەریی و چەند شوێنێکیان سوتاند.

لە لایەکی دیکەوە خەڵکی شارۆچکەی شارەزوور، بەهەمانشێوە ڕژانە سەر شەقامەکان و دوای کردنەوەی ئاگر و داخستنی چەند شەقامێکی سەرەکی چوونە سەر بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و سوتاندیان، هاوکات لە شارەدێی خورماڵیش خەڵک ڕژاونەتە سەرشەقام و داوای مووچە و باشکردنی ژیانیان کرد و بینای پۆلیسی هاتوچۆیان لە شارەدێیەکە سوتاند.

لە سەیدسادق منداڵێک کوژرا

بەهەزاران خۆپیشاندەر لە شارۆچکەی سەیدسادق، ئەمڕۆش جارێکی دیکە بۆ داواکردنی مافەکانیان ڕژانە سەر شەقامەکان.

خۆپیشاندەران لە نزیک گەراجی سلێمانی، لە شارۆچکەکەدا کۆبوونەتەوە و هێزێکی ئەمنیش کە جلی ڕەشیان لەبەردایە بۆ بڵاوە پێکردنیان تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن و لە ئەنجامدا منداڵیک بە ناوی هەرێم عەلی، تەمەن ١٠ بۆ ١٢ ساڵ بەگوللـە کوژرا.

قەڵادزێ، پیرەمەگرون و زەڕایەن

هاوشێوەی ناوچەکانی دیکە، لە قەڵادزێ و پیرەمەگرون و زەڕایەنیش خۆپیشاندان ئەنجامدرا.

خۆپیشاندەران داوای مافە سەرەتاییەکان دەکەن.

لە تەکیە گەنجێک کوژرا

لە شارەدێی تەکیەی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵیش خۆپیشاندەران دەستیان بە دەربڕینی ناڕەزایی و خۆپیشاندان کردوو و بارەگای پەدەکەیان لەو شارەدێیە سوتاند.

لە خۆپیشاندانەکەی تەکیەدا گەنجێک بەگوللـەی هێزەچەکدارەکان کوژرا و چوار کەسیش برینداربوون.

خۆپیشاندانەکانی دوێنێ و شەوی ڕابردووی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، سێ شەهید و زیاتر لە ٥٠ برینداریان لێکەوتەوە، دەیان بارەگای حیزبیش ئاگریان تێبەردرا.

ف.ق