ماوەی دوو ڕۆژە لە چەند شارۆچکەیەکی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان دژی دواکەوتنی موچە و خراپی دۆخی ئابووری دەستیپێکردووە و چەندین بارەگای حزبی و بینای حکومی لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سوتێندراون. ئەمڕۆش لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی سەر بە یەنەکە و پەدەکەدا ٢ کەس کوژران و بە دەیان کەس برینداربوون.
شارەزوور
لە شارۆچکەی شارەزوور دژی خراپی دۆخی ئابووری خۆپیشاندان دەستی پێکرد، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد.
خۆپیشاندەران ئاگریان کردەوە و شەقامی ناو بازاڕیان داخست، هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کرد و بەهۆیەوە گەنجێک برینداربوو.
لە کفری گەنجێک کوژرا
لە شاروچەکی کفریش گەل بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و خراپی ژیانیان ڕژانە ناو شەقامەکان.
دوای ئەوەی خۆپیشاندەران بارەگای یەنەکەیان سووتاند، لەنزیک کۆمیتەی ئەو حزبە گەنجێک بریندار کرا و دواتر گیانی لەدەستدا.
رانیە
ئەمڕۆ بۆ سێیەم ڕۆژ لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین خۆپێشاندان دژی خراپی دۆخی ئابووری و نەبوونی موچە بەردەوام بوو.
ئاڵۆزیی لە نێوان خۆپیشاندەرانی ڕانیە و هێزەئەمنییەکان بۆ ماوەی ٣ کاتژمێر بەردەوامبوو، بەهۆی گازی فرمێسک ڕێژ و تەقەی هێزە ئەمنیەکانەوە، نزیکەی ٢٠ خۆپیشاندەر برینداربوون و ٢٠ خۆپیشاندەریش دەستگیرکران و باسی ئەوەش دەکرێت، ژمارەیەک هێزی ئەمنیش بریندار کراون.
لە چەمچەماڵ گەنجێک گەنجێکی ٢٦ ساڵ کوژرا
لە چەمچەمالیش خۆپیشان بە هەمان مەبەست بەردەوام بوو.
دکتۆر شەریف، وتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، لە خۆپیشاندانەکەی چەمچەماڵدا گەنجێکی تەمەن ٢٦ ساڵ کوژراوە و گەنجێکی دیکەش برینداربووە.
لە سەیدسادق بارەگای هەموو حزبەکان سووتێنرا
ئەمڕۆ لە شارۆچکەی سەیدسادقی سەر بە پارزگای سلێمانی، خۆپیشاندان دژی خراپی دۆخی ئابووری و نەبوونی موچە دەستی پێکرد.
خۆپیشاندەران بارەگای پەدەکە و یەنەکە و کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی گۆڕان و بینای قائیمقامیەت و پۆلیسی سەیدسادق و ماڵی قائیمقامی سەیدسادق-یان سوتاند، هەروەها پۆلیسێک لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بریندارکراو دوو خۆپیشاندەریش بە تەقەی پاسەوانانی لقی پەدەکە برینداربوون.
دەربەندیخان
خۆپیشاندان لە شارۆچکەی دەربەندیخانیش ئەنجامدرا و خۆپیشاندەران باڵەخانەی قایمقامیەت و مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕانیان سووتاند، بەهۆی تەقەی پاسەوانانی بارەگای پەدەکە-وە خۆپیشاندەرێک برینداربوو.
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق: کابینەی نۆی حکومەتی هەرێم شکستی هێناوە
فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر خۆپیشاندانەکان لە ڕاگەیەندراوێکدا چەند خاڵێکیان بۆ چارەسەرکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان و پشتگیریی خۆپیشاندەران ڕاگەیاند.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ڕەوایەتیی تەواو لای شەقامە و شەرعیەت و مەشروعیەت لای دەنگی خەڵکە، ئەوەی ناوی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمە بەهەمو پێوەرێک شکستی خواردوە، چارەسەر ئەوەیە ئەم کابینەیە هەڵوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە هاوکات لەگەڵ هەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق ئەنجامبدرێت.
ف.ق