لە سلێمانی باس لە زیانی هێرش و بۆردوومانەکان بۆ سەر کەرتی گەشتیاری کرا

لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان پەیوەست بە گرنگیدانی زیاتر بە کەرتی گەشتیاری و ژینگە، پانێڵێک بەڕێوەچوو، تێیدا تیشکخرایە سەر زیانی هێرش و بۆردوومانەکان بۆ سەر کەرتی گەشتیاری و ژینگەی کوردستان.

ئەمڕۆ لە پەیمانگای برایت لە شاری سلێمانی بە ناونیشانی "کەرتی گەشتوگوزاری هەرێم، لە نێوان دەرفەت و ئاستەنگییەکاندا" پانێڵێک بەڕێوەچوو، هەریەک لە سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار ئەمەل جەلال، مامۆستای زانکۆ عومەر مستەفا، بەڕێوەبەری کوردستان ئاوت دۆر ئارەزوو حەسەن وەک قسەکەر بەشداربوون.

لە پانێڵەکەدا تێشکخرایە سەر ئاستەنگەکان و دەرفەتەکانی بەردەم پێشخستنی کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان، جەختکرایەوە کوردستان خاوەنی چەندین ڕەگەزی دەوڵەمەندی گەشتیارییە، بەڵام هەرگیز مامەڵەیەکی زانستی لەگەڵ کەرتی گەشتیاری نەکراوە، لەکاتێکدا گەشتوگوزار ڕەهەندی سیاسی و ئابووری و فەرهەنگی هەیە.  

هەروەها تیشکخرایە سەر کەمتەرخەمی هاوڵاتیان و حکومەت لە پاکڕاگرتنی ناوچە گەشتیارییەکان و خراپی ڕێگاوبانەکان، ئاماژە بەوە کرا، ئەگەر بەباشی کەڵکی لێ وەربگیرێت کەرتی گەشتیاری سەرچاوەیەکی گرنگی داهات و بوژانەوەی ئابوورییە.

لە تەوەرێکی تردا، تیشکخرایە سەر کاریگەری لایەنی ئەمنی وەک ئاستەنگێک لەبەردەم هاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەکان، دووپاتکرایەوە ئەگەر ڕێگری لە هێرش و پەلاماری دەوڵەتانی داگیرکەر نەگیرێت کاریگەری گەورە لەسەر ژینگە و کەرتی گەشتوگوزار دەبێت و ئەمەش زیانی گەورەی لێ دەکەوێتەوە.