لەیلا گیوڤەنی دیلکراویان زیندانی کرد

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە)، کە لەلایەن دادگای دەوڵەتى تورکەوە سزای ٢٢ ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا، بردیان بۆ زیندانی ژنانی ئامەد.

لەیلا گیوڤەن هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) بەهۆی کار و چالاکییە سیاسییەکان و لێدوان و وتەکانیەوە لە لقی  ٩هەمین دادگای سزا قورسەکانی ئامەد سزای ٢٢ ساڵ و ٣ مانگ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا.

دوای بڕیارەکەی دادگای دەوڵەی تورک، هێزە ئەمنییەکانی دەوڵەتی تورک دوێنێ شەو لەیلا گیوڤەنیان دەستگیرکرد و بردیان بۆ لقی بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر (TEM) لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شاری ئامەد و ئەم بەیانییە گواستیانەوە بۆ زیندان.

"زۆر تێبکۆشن و کار بکەن"

بەردان ئۆزتورک هاوسەرۆکی کۆنگرەی کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) و کەسکین بایندەر هاوسەرۆکی گشتیی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لەگەڵ چەندین سیاسەتمەداری تردا لە بەردەم دادگا کۆبوونەوە.

گیوڤەن بۆ ئەو کەسانەى لە بەردەم دادگا کۆبوونەوە وتی، "کێشە نییە، زۆر کار بکەن و تێبکۆشن، ئێمە بە زوویی دەگەڕێینەوە".

دوای ئەوەى لقی ٩ی دادگای سزا قورسەکانی دەوڵەتی تورک لە ئامەد بڕیاری زیندانیکردنەکەى گیوڤەنی ئاشکرا کرد، گیوڤەن لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ رەوانەى زیندانی ژنانی ئامەد کرا.

ژ.ت

.....