ڕێپێوانکەرانی دیموکراسی لە جولەمێرگن

ڕێپێوانی دیموکراسی دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانی جولەمێرگ گەیشتە ناوەندی شارەکە.

دژی زەوتکردنی ئیرادەی جولەمێرگ سبەی بە پێشەنگایەتی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتیک (کەجەدە) و کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە) و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و تەڤگەری ژنانی ئازادی (تەژەئا) و پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و هاوپەیمانی ڕەنج و دیموکراسی و ڕێکخراوە مەدەنییەکان لە ناوەندی جولەمێرگ بە درووشمی "شارەوانی گەکن، ڕێگە بە دەستبەسەراگرتن نادەین"، گردبوونەوە ئەنجام دەدرێت. پێش گردبوونەوەکە "ڕێپێوانی دیموکراسی" دەستی پێ کرد، ڕێپێوانەکە لە ڕۆژی سێیەمدا گەیشتە ناوەندی شارەکە.  

هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، چیدەم کلچگون ئوچار و پەرلەمانتاران و هاوڵاتیان بەشداری ڕێپێوانەکە بوون. سەرلەبەیانی ڕێپێوانکەران چوونە سەردانی پیشەوەران و چەندین جار درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "قەیوم جێی بهێڵە، شارەوانی ئێمەن" و "بژی بەرخۆدانی جولەمێرگ" بەرزکرایەوە.

"وێنەی نکۆڵی لە کوردان"

چیدەم کلچگون ئوچار ڕایگەیاند لەپێش دامەزراندنی کۆماری تورکیاشەوە، ئەم گەلە لەم خاکە بە زمان و چاندی خۆیانەوە ژیاون، کەچی ئێمە وەک تاوانبار نیشان دەدەن، بەڵام تاوانباری هەرە مەزن دەسەڵاتی ئاکەپە و مەهەپەیە، گوتی: "هیچ هاوڕێیەکی ئێمە تاوانبار نییە. ئەو سزایانەی بەسەر ئێمەدا دەسەپێنرێت، بەڵگەی نکۆڵی و کێشەی کوردە لەلایەن ئاکەپەوە".

پاشان ڕێپێوانکەران سەردانی چەند گوندێکی دەوروبەری جولەمێرگیان کرد و هاوڵاتیان دانانی قەیومیان بە ستەم ناوبرد، دووپاتیان کردەوە بەشداری گردبوونەوەکە دەبن و خاوەنداری لە ئیرادەی خۆیان دەکەن.

لەگەڵ هەزاران کەس کۆبوونەوە

پاشان ڕێپێوانکەران لە سێیەم ڕۆژی ڕێپێوانەکە گەیشتنە ناوەندی جولەمێرگ. لە چوارچێوەی ڕێپێوانەکەدا ٣ ناوچە و زیاتر لە ٥٠ گوند سەردان کران. ڕێپێوانکەران لەگەڵ هەزاران کەس کۆبوونەوە و باسیان لە سیاسەتی دەسەڵات کرد بۆ دانانی قەیوم و دژایەتی گەلی کورد.