قەرەیلان: دەوڵەتی تورک ڕێگای داعشی گۆڕی

موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە رایگەیاند، دەوڵەتی تورک داعشی وەرسوڕاند بۆ سەر گەلی کورد و راشیگەیاند، ئاکەپە و داعش پەیوەندیی ئایدۆلۆژییان هەیە. چەندین داتا و بەڵگەنامە هەیە، کە تورکیا هاوکاریی داعش دەکات.

ئەوە چ تێگەیشتنێک و عەقڵییەتێک بوو، کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردە دەریای خوێن، هێز و پاڵپشتی ئەوە لەلایەن بەڕیوەبەریی داعشەوە چی بوو و لە کوێی بوو؟ ئەوانەی دەیانخواست ببنە دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام چۆن بوونە دوژمنی کورد و مرۆڤایەتی، بۆچی ئەم جەنگە سەختە گەیشتە کوردستان؟

پەکەکە چۆن دەستی بە بەرخۆدان لە دژی ئەو شەڕە کرد، کە لەلایەن برا ئایدۆلۆژییەکانی ڕژێمی ئەردۆغانەوە دەستی پێکرد؟ کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا، کە لایەکیان لەلایەن تورکیا و سێ لاکەی دیکەیان لە لایەن داعشەوە گەمارۆدرابوو، چۆن بەرگریان کرد؟ هەڵوێستی ئەمریکا و تورکیا و پارتی و یەکێتی چی بوو؟ پەکەکە لەسەر هێڵی شەڕ و چاوپێکەوتنەکان چۆن بەرەو پێش چوو و خۆی بەڕیوەبرد، لەگەڵ ئەو هێزانەدا گفتوگۆیان لەسەر چی کرد؟

موراد قەرەیلان فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی پاراستنی گەلی کوردستان و ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەی یەنی ئۆزگور پۆلیتیکای دایەوە.

ئێمە چووینە ساڵی هەشتەمی زرگارکردنی کۆبانێ لە دەستی چەتەکانی داعش. داعش هێشتا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە، دەمەوێت باسی دروست بوونی داعش بکەم. داعش چۆن پەیدا بوو و لەسەر کام بوار و زەمینە بونیاتنرا، ئێوە دەتانەوێت دەربارەی قۆناغەکانی بەرەوپێشچوونی چی بڵێن؟

پێش ئەوەی وەڵامی پرسیارەکەت بدەمەوە، بە ڕێزەوە یادی هەموو ئەو شەهیدانە دەکەمەوە، کە لە بەرخۆدانی دژ بە هێرشی سەر ڕۆژئاوا و گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا شەهید بوون، بەسوپاس و پێزانینەوە یادی قوربانیدان و قارەمانێتییان دەکەمەوە. لە سایەی بەرخودان و فیداکاری و قارەمانیی ئەوانەوە مرۆڤایەتی لە کێشەیەکی گەورە ڕزگاری بوو. بەرخۆدانی ئەوان نەک تەنها بۆ گەلی کورد، عەرەب، ئاشووری و سوریانی، بەڵکو بۆ هەموو مرۆڤایەتی مانایەکی گەورەی هەیە. ئێمە دەچینە ساڵیادی ئازادکردنی ناوەندی شاری کۆبانێ. بەو بۆنەیەوە بە ڕێزەوە یادی هەموو شەهیدانی بەرخۆدانی قارەمانانەی کۆبانێ لە کەسایەتی گەلهات و ئارین میرکان دا دەکەمەوە و بەڵێنی پەیوەستبوون و درێژەدان بە رێگاکەیان دووبارە دەکەمەوە.

هاوکات ٢٠ی کانوونی دووەم دەبێتە چوارەمین ساڵیادی دەستپێکردنی داگیرکەریی هێزەکانی دەوڵەتی تورک لە دژی عەفرین.  گەلەکەمان ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان لەو دۆخەدا ئەنجامدا. من بە ڕێزەوە یادی هەموو ئەو قارەمانانە دەکەمەوە، کە لە بەرخۆدانی مەزنی عەفریندا شەهید بوون، لە کەسایەتیی کارکەر و ئاڤێستا خابوور دا بە رێزەوە یادیان دەکەمەوە و جەخت لەوە دەکەمەوە، کە یادیان لە تێکۆشانی ڕزگاریی عەفریندا دەژی و بەردەوامە.

ئەمڕۆ بە بەرچاوی جیهانەوە هێزە چەوسێنەر و داگیرکەرەکانی دەوڵەتی تورک و چەتە فاشیستەکانی لە عەفرین پاکتاوی نەژادی و ئیتنیکی، ئەشکەنجە، قەتڵوعام، زەوتکردنی موڵک و ماڵ، ڕفاندنی مرۆڤەکان، فیدیە وەرگرتن ئەنجام دەدەن، ئەوە شەرمەزاری و رووڕەشییە بۆ هەموو مرۆڤایەتی. ئەو کردەوەیە، کە ئەمڕۆ دەوڵەتی تورک لە عەفرین ئەنجامی دەدات، هیچی کەم نییە لە کۆمەڵکوژیی سێربرینیتسا لە بۆسنیا. لە عەفرین دڕندایەتییەکی گەورە هەیە. لە ڕاستیدا دەیانەوێت کورد لە عەفرین دەربکەن و بیلکێنن  بە تورکیاوە. لەبیرکردنی داگیرکاریی عەفرین خیانەتە. نابێت هیچ کوردێک داگیرکاریی عەفرین لە بیر بکات. یەکێکی تر لە ناوەکانی عەفرین چیای کورمانجە. بۆ ئەوەی وەک شوێنێک بمێنێتەوە، کە کورد تیادا بژین دەبێت خەبات و تێکۆشان بکرێت و ئەوەش مەرجێکی مرۆڤبوونە. لەسەر ئەو بنەمایە سڵاو لە بەرخۆدانی خەڵکی عەفرین لە شەهبا و لە ناوەندی عەفرین، بەرخۆدانی هێزەکانی رزگاریی عەفرین (HRE) دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

ساڵی ٢٠١١ ئەو بزووتنەوەیە، کە لە تونس دەستی پێکرد و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە هەموو وڵاتانی عەرەبی دا بە ناوی 'بەهاری عەرەبی' بڵاوبوویەوە، بەڵام هێزە هەژموونگەرا و باڵادەستخوازە نێونەتەوەییەکان و هێزە ناوچەیەکان، کە هاوپەیمانیانن، ئەو  پرۆسەیەیان پێچەوانە کردەوە. ئەو پرۆسەیە، کە لە ساڵی ٢٠١١دا دەستی پێکرد، لە جیاتی بەهاری عەرەبی بوو بە 'زستانی عەرەب'. وێرانکاری و کاولکاریی گەورە ڕوویدا. لەو پرۆسەیە لە سوریا تراژیدیای گەورە روویدا. ڕژێمی فاشیست و بکوژ و پاکتاوکاری ئاکەپە و مەهەپە دەستوەردانیان لەو پرۆسەیەدا کرد و بوونە هۆی ئەو تراژیدیایە، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامی هەیە. چەندین ڕێکخستنی ئیسلامیی وەک نوسرە، سوپای سوریای ئازاد، ئیخوان موسلیمین و قاعیدە، کە بە خۆیان دەوت، ئێمە سەلەفین، بەڵام لە پراکتیکدا کاری دڕندانەیان کرد و بە هەموو شوێنێک دا بڵاوبوونەوە, ناتوانین بڵێین هەموو ئەمانە وەک پێشکەوتنێکی پرۆسەکە و گەڕانێکی سروشتی دەرکەوتوون و روویانداوە، ئەوە وەک پڕۆژەیەک روویدا، ئەوە لە ئەنجامی ستراتیژییایەک روویدا، کە ئەو ستراتیژییە بە سەر گەلانی ناوچەکەدا دەسەپێنن.

داعش لەناو ئەو ڕێکخستنانەدا ڕێکخستنێکی ئاسایی بوو، بەڵام لەناکاو گەورەکرا و بەری بۆ کرایەوە. ئەگەر بەو رادەیە هاوکاریی دارایی و چەکی پێشکەش نەکرایە، ئەو جۆرە ڕێکخستنە پەیدا نەبوو و داعش بونیات و پێکهاتەیەکی وەها بەهێزی نەدەبوو و نەیدەتوانی  کار بۆ حوکمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و خۆ زاڵکردن بەسەریدا بکات. هەندێک کەس پشتیوانیی لێدەکەن. لە دوای سەری ساڵی ٢٠١٤ داعش لە چەند ناوچەیەکی سوریا دەسەڵاتی لە ڕێکخستنەکانی دیکە سەندەوە، ئەوە دەستپێکردنی پرۆژەکە بوو. ئەو ڕێکخستنانە، کە  دەیانوت ئێمە ئۆپۆزیسیۆنی سووریاین، ڕەقایان رزگار کرد و لەوێ هاتنە سەر دەسەڵات، بەڵام چۆن هەمووی رادەست و پێشکەشی داعش دەکەن و چوونە ناو داعشەوە، بەڵێ داعش تەنها لە رەقا نەبووە هێزێکی زاڵ، بەڵکو لەو ڕێگەیەوە لە هەموو ناوچەکان بووە هێزی باڵادەست و زاڵ. ئەوە دەریدەخات، کە ئەوە پلانێکە.

ڕەنگە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە و گرژییەکانی نێوان هێزە هەژموونگەراکانیش بووبێتە بوار و زەمینەی ڕوودانی ئەو جۆرە شتانە.

بارودۆخی جیۆ - ستراتیجی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەوت، گازی سروشتی، ئاو، کان و کانزاکانی وایکردووە، کە ببێتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش. کولتورە دەوڵەمەندەکەی، گۆڕەپانێک و ناوچەیەکە، کە ژیانی سروشتیی تێدا بنیادنراوە، کولتوری کۆمەڵگا ڕووی لە گەشە و زیادبوون کردووە و سێ ئایینە ئاسمانییەکە لێرە پەیدا بوون. ئەمەش گرنگیی ناوچەکە زیاد دەکات. ئێمە باس لە ناوچەیەکی ئاوا دەکەین، کە پشتبەستووە بە بنەمای مێژوویی و توانای گەورەی هەیە. ئەو هێزە باڵادەست و ئیمپریالیستانە، هەمیشە ویستویانە بەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زاڵ بن.

ئێستا هەمان شت هەیە. هێزە جیهانیەکان و ناوچەییەکان هەیە، کە بۆ باڵادەستی و زاڵبوون بەسەر ناوچەکەدا دەجەنگن. ئەو ڕاستییە لە ئەنجامی ئەو تاکتیک و ستراتیژیە ئاشکرا و کراوە و نهێنیانەدایە، کە زەمینە و بوار بۆ خۆ بونیاتنان و خۆ ئاوەدانکردنەوەیان دروست دەکات و ئەوەشی سەری هەڵداوە و روودەدات هۆکارەکەى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، داعشیش لەو بوار و زەمینەیەدا بنیاتنراو و دروستکراوە. ڕۆژی ١١ی حوزەیرانی ٢٠١٤ موسڵ بە ئۆپەراسیۆنێک دەستی بەسەردا گیرا. موسڵ ٣٣ هەزار چەکداری تیادابوو، بەڵام موسڵ لە ماوەیەکی کورتدا لەلایەن داعشەوە دەستی بەسەردا گیرا و ئەمەش سەرنجڕاکێشترین پەرەسەندنی پرۆسەکە بوو. داعش هەر خۆی لە کاتی دەستبەسەرداگرتنی موسڵ دا خۆی راگەیاند و خۆی دەرخست. لە مزگەوتێکی موسڵ دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام دادەمەزرێنن و فراوانی دەکەن. سوپای عێراق بەرامبەر ئەمانە شکستی هێنا. هەزاران سەربازی عێراقی دەستگیرکران و کوژران. سەربازە شیعییەکانیان هەڵبژارد و گولـلەبارانیان کردن و سەریان بڕین. داعش دەڕۆیشت بۆ هەر شوێنێک دڕندەیی و کوشتار و سەربڕینی مرۆڤەکانی ئەنجام دەدا و دەیخواست بەو شێوەیە بەسەر خەڵک دا خۆی زاڵ بکات. ئەوان بوون بە کابوس و مۆتەکی هەمووان. نەک تەنها لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو لە ئەوروپاش لەشارەکانی وەک پاریس و ئەمستردام داعش بەگروپی ١٥ بۆ ٢٠ کەسییەوە بەرەو فڕۆکەخانەکان بەڕێکەوتن و بە ئاسوودەیی و ئاسانی سواری فڕۆکەکان دەبوون و دەهاتن بۆ ئیستەنبول لە ئیستەنبولیش بە پاس، یان ئەو ئۆتۆمبێلانەی، کە بۆیان دیاریکرا بوو بە شێوەی کاروان و ترانزێت دەهاتن بۆ رەقا. ڕێگا و دەروازەیەکی زۆر گەورەیان بە ڕوودا کرابوویەوە.

ئایا دەزگا پۆلیسییەکان نەیاندەزانی ئەو کەسانە بە کۆمەڵ دەجوڵێنەوە داعشن؟

ئەوان دەیانزانی، بەڵام دەستیان لێنەدەدان. دەیانوت: 'با لە ئێمە دووربکەونەوە، بۆ خۆیان دەڕۆن، ئێمە دەستیان لێنادەین'. ئەگەر پرسیاریان لە ناسنامە و پاسپۆرتەکانیان بکردایە بۆیان دەردەکەوێت، کە زۆربەیان ساختەن، بەڵام چاوی خۆیان لە ئاستیاندا داخستبوو. وڵاتانی ئەورووپیش چاوی خۆیان لەوە داخست. وتیان 'با بڕۆن بۆ عێراق و سوریا، با لە ئێمە دوور بکەونەوە' و دەستیان لێنەدان. لێیان دەترسان.

بۆچوونی ئێوە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ڕژێمی ئاکەپە و داعش چییە؟

ئاکەپە هەر لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی ئایدیۆلۆژیی لەگەڵ ئەواندا هەیە. ئەگەر پەیوەندیان نەبێت چۆن لە ئەوروپاوە دێن بۆ ئیستەنبول و ئەنقەرە و بە ئاسانی و بە کاروان لە دەروازە سنوورییەکانی ئاکچاکالە و و تەل ئەبیەرزەوە دەڕۆیشتن بۆ رەقا؟ چەندین بەڵگە هەیە، کە تورکیا بازرگانی و هاوبەشیی لەگەڵ کردوون. ستافی کونسوڵخانەی تورکیا لە موسڵ لەلایەن داعشەوە دەستگیرکران و پاشان ئەو مرۆڤانە بە سەلامەتی گەڕێندرانەوە بۆ تورکیا. زانیاری و بەڵگەنامەی زۆر هەیە، کە تورکیا لەگەڵ داعش کۆبووەتەوە و چاوپێکەوتنیان ئەنجامداوە و لە یەکتر نزیکبوونەتەوە.

داعش بەپێی چ ستراتیژییەک هەڵسوکەوتی دەکرد. کاتێک لەسەر خاکی سوریا و عێراق بووون، چی ڕوویدا کە رووی خۆیان بەرەو کوردستان وەرچەرخاند و پەلاماری کوردستانیان دا؟

کاتێک داعش لە دوای رەقا موسڵی داگیرکرد، ئەمە وەک نمونەی خەلافەتەکەی بوو. لەبەر ئەوەش بەرفراوانکردن و خۆ گەورەکردنیان بۆ خۆیان کردە ئامانج، بەڵام داعش لێرەدا لە ڕووی ستراتیژییەوە هەڵەیەکی گەورەی کرد، کە گوێی لە دەوڵەتی تورک  گرت و بە دەستێوەردان و هەڵگەڕاندنەوەیان، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە،  پلانی خۆیان لەسەر دیمەشق و بەغدا گۆڕی و ڕوویان لە کورد کرد و دەستیان بە پەلاماردانی کورد کرد. ئەوەش لە بەڵگە نامە و نووسراوەکانی نێوان داعشەکاندا ئاماژەى پێکراوە و چەندین بەڵگەی وەها هەیە. لەسەر داوای دەوڵەتی تورک داعش هێرشی کردە سەر کۆبانێ. نەک دیمەشق، بەڵکو کۆبانێی بۆ خۆی کردە ئامانج. نەک تەنها کۆبانێ، بەڵکو لە هەمان چوارچێوەیدا هێرشی کردە سەر شەنگال، مەخمور، هەولێر و کەرکوک.

ئێوە یەکەمجار مەترسیی سەر باشووری کوردستانتان چۆن بینی و بۆ ئەوە چیتان کرد؟

بۆ یەکەم جار ڕێبەر ئاپۆ ئەو مەترسییەی خستەڕوو. ئەو رێنماییەکی هەبوو، کە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر خەڵکی ئێزدیمان لە شەنگال هەیە و دەبێت بیانپارێزین، ئەوە بۆ ئێمە ڕێنماییەک بوو. شەنگال لە ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی عێراق و باشووری کوردستان دا بوو. مەخموور و کەرکوکیش وەها بوون. لەو کاتەدا هەندێک پەیوەندیمان لەگەڵ هێزەکانی باشووری کوردستان هەبوو، ئێمە پێشنیارمان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) کرد و پێمان وتن: "داعش موسڵی داگیرکردووە و مەترسییەکی گەورە لەسەر باشوری کوردستان و شەنگال هەیە. ئێمە دەمانەوێت بە هێزی خۆمانەوە بەشداری لە سیستمی بەرگری و پاراستندا بکەین. دەمانەوێت هێزێک بنێرین بۆ شەنگال، بۆیە ئێمە دەمانەوێت ڕێگاکە بکەنەوە"، بەڵام ئەو رێکخستن و حیزبانە ئەمەیان قبوڵ نەکرد. پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) وتی: "پێویستی بە شتێکی وەها نییە، هەزاران پێشمەرگە لە شەنگال بە چەکی قورس ڕێوشوێنی پێویستیان گرتووەتە بەر. هیچ مەترسییەک لە سەر شەنگال نییە. ئەگەر مەترسیش هەبێت، هێزی بەرگریی خۆمان بەسە و وەڵامی پێویست دەدەنەوە". یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە)ش پێیڕاگەیاندین "ئێستا پێویستی نییە، کاتێک پێویست بوو و روویدا ئەو کاتە ئاگادارتان دەکەینەوە". ئەوان بە شێوەیەکی نیگەتیڤ پێشنیارەکەی ئێمەیان رەتکردەوە.

کەواتە ئێوە چیتان کرد؟

بەڵام ئێمە وەک پەکەکە، کاتێک بابەت پاراستنی گەل بێت ئێمە هەرگیز خۆمان بەپێی فەرمانی هێزەکانی دەرەوەی خۆمان رێک ناخەین. ئێمە هەمیشە پشت بە هێزەکانی خۆمان دەبەستین و بەپێی توانا و دەرفەتەکانمان پلان بۆ کارەکانمان دادەنێین و جێبەجێیان  دەکەین.  ئەوە بۆ ئێمە پێوەرە، بۆیە هەرچەندە لەو کاتەدا پەیوەندییەکانیشمان باش بوون، بۆ ئەوەى بتوانین دەستوەردان لە دۆخەکەدا بکەین، بەبێ مۆڵەت و رێگاپێدانی هێزەکانی باشوور، ئێمە دەستەیەک لە هەڤاڵانی بە ئەزموونمان لە ئاستی فەرماندەیدا ئامادەکرد و رەوانەمان کردن. ١٢ هەڤاڵی خاوەن ئەزموون، کە پێشتر بەفراوانی لەڕاگەیاندنەکاندا باسی توانایی و لێهاتوویان بڵاوکراوەتەوە رەوانەى شەنگال کران. بە بەرپرسیاریی فەرماندەی قارەمان و ئازا، دڵشێر هەرەکۆڵ ئەوانمان ڕەوانەی شەنگال کرد. هەروەها گروپێک لە ٨ هەڤاڵ لە ئاستی فەرماندەیی ئێمەدا بە بەرپرسیاریی فەرماهدەی قارەمانمان هەڤاڵ تێکۆشەر، کە لە تێکۆشاین ئێمە دا رەنجێکی زۆر گەورەی داوە، رەوانەى کامپی مەخمور کران. بەهەمان شێوەش گروپێکمان ڕەوانەی کەرکوک کرد.

بە دڵنیاییەوە، هاوڕێکانمان، کە گەیشتنن دەستیان بە ئامادەکاری کرد. بۆ ئاشنابوون بە ناوچەکە و کەشفکردن و چاودێری، ئاشنابوون بە گۆڕەپانەکان، هەندێک گروپیان پەروەردە کردبوو، کە بتوانن بەرەنگاری بکەن و بۆ شەڕ ئامادەیان بکەن، بەو شێوەیە دەستیان بەکار کردبوو. لە مەخموریش دا هەر خۆی تاوەکو رادەیەک بناغەیەک بۆ بەرگری و پاراستن هەبوو. لەو نێوانەدا ئێمە لە بازاڕەکانی باشووری کوردستاندا چەکمان کڕی و لە مەخمورو کەرکوک و ناوچە جیاجیاوەکاندا ئامادەمان کردن.

هه‌ڤاڵان چوونه‌ شه‌نگال كۆمه‌ڵێكی 9 بۆ 10 كه‌سی گه‌نجانیان به‌ باشی په‌روه‌رده‌ كرد. هه‌ڤاڵان ناوچه‌كه‌یان به‌ باشی ناسیبوو. به‌ڵام سێ له‌و هه‌ڤاڵانه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی په‌ده‌كه‌ له‌ شه‌نگال ده‌ستگیركرابوون. له‌ راستیدا یه‌كێكیان بۆ كاری كۆمه‌ڵایه‌تی له‌وێ بوو. دوانیشیان له‌و گروپه‌بوون كه‌ ئێمه‌ ناردبوومانن. به‌ڵام ئه‌وانه‌ی تر، له‌گه‌ڵ چه‌ند هه‌ڤاڵ له‌ گۆڕه‌پانی كاری كۆمه‌ڵایه‌تی تائاستێك له‌ گه‌ڵ كه‌سه‌ وڵاتپارێزه‌كاندا كاریان ده‌كرد. له‌و بابه‌ته‌دا شه‌هید سه‌عید حه‌سه‌ن رۆڵێكی گرنگی هه‌بوو. به‌ تایبه‌تی هه‌م خۆی، بنه‌ماڵه‌ و عه‌شیره‌ته‌كه‌ی له‌ خاوه‌نداری له‌و گروپه‌، شاردنه‌وه‌یان، رێنوێنیكردنیان كاری زۆر بایه‌خداریان ئه‌نجامدابوو. هه‌ر بۆیه‌ سه‌عید حه‌سه‌ن له‌و ده‌ستوه‌ردانه‌دا خاوه‌نی رۆڵ و ماندووبوونێكی زۆر گرنگ بوو.
ئه‌و كاته‌ی له‌ 3ی ئابی 2014دا داعش په‌لاماری شه‌نگالیدا بارودۆخێكی چۆن له‌ ئارادابوو؟
ئه‌و كاته‌ داعش به‌ وره‌ و خواستێكی زۆره‌وه‌ ده‌ستوه‌ردانی له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌كدا ده‌كرد و هیچ هێزێك نه‌یده‌توانی به‌رامبه‌ری بوه‌ستێت. نه‌ سوپای سوریا، نه‌ سوپای عێراق، نه‌ پێشمه‌رگه‌ و نه‌ زۆر رێكخراوی دیكه‌ له‌ سوریا، هیچ كامێكیان نه‌یانتوانی له‌ به‌رده‌م داعشدا بوه‌ستنه‌وه‌. هێزی پێشمه‌رگه‌ نه‌یتوانیبوو زۆر له‌به‌رده‌م هێرشه‌كانی بۆ سه‌ر شه‌نگال بوه‌ستێته‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ به‌په‌له‌ ده‌ستی به‌ جێهێشتنی شه‌نگال كرد. كاتێك باس له‌وه‌ده‌كه‌ین مه‌به‌ستمان سوكایه‌تی نییه‌ به‌ هه‌ندێك كه‌س. ئه‌وه‌ راستیه‌كه‌یه‌. داعش له‌ رووی ده‌روونیه‌وه‌ خاوه‌نی باڵاده‌ستیه‌ك بوو. به‌ر له‌وه‌ی بچێته‌ هه‌ر شوێنێك، بۆ ئه‌وه‌ی ترس له‌و شوێنه‌ بڵاوبكاته‌وه‌، سه‌ره‌تا هه‌ندێك گروپی ده‌گرت، به‌ شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌ سه‌ری ده‌بڕین، به‌و شێوه‌یه‌ به‌ر له‌وه‌ی بگاته‌ شوێنی مه‌به‌ست مرۆڤه‌كان له‌و شوێنه‌ هه‌ڵده‌هاتن. گه‌یشتبووه‌ راده‌یه‌ك كه‌ داعش بۆ ئه‌و شارانه‌ی ده‌یویست ده‌ستیان به‌سه‌ردا بگرێت، به‌ر له‌وه‌ی بچووبایه‌ كاتێكی بۆ دیاری ده‌كردن. تا ئه‌و كاته‌ ئه‌وانه‌ی هه‌ڵده‌هاتن، ئه‌وا هه‌ڵده‌هاتن، ئه‌وانه‌شی مانه‌وه‌، گوتیان له‌ جێدایه‌، كلیله‌كانی شاره‌كه‌یان راده‌ستی داعش ده‌كرد. ئه‌و هێزانه‌شی پاشه‌كشه‌یان ده‌كر به‌ بێ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ داعش شه‌ڕ بكه‌ن ده‌كشانه‌وه‌. له‌ موسڵه‌وه‌ تا مه‌خمور 22 كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێبوون هه‌ن و له‌ هه‌مووشیان هێزی سه‌ربازی عێراق هه‌بوون. له‌و ناوچانه‌ یه‌ك فیشه‌كیش نه‌ته‌قێنرا و هێزه‌كانی داعش گه‌یشتنه‌ موخمور. له‌ كه‌مپی په‌نابه‌رانی مه‌خمور له‌به‌رامبه‌ریان به‌رخودان كرا و وه‌ستێنران. واته‌ هێزه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كان له‌به‌رده‌م هێزێكی به‌و جۆره‌ی دڕنده‌ی داعشدا ده‌كشانه‌وه‌. ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپیش نه‌یانده‌ویست به‌ره‌نگاریان ببنه‌وه‌، ده‌یانگوت "باخۆمان تووشی كێشه‌ نه‌كه‌ین". هێزه‌كانی ناوچه‌كه‌ش خۆیان له‌ خۆیاندا نه‌یانده‌توانی له‌به‌رامبه‌ری راوه‌ستن. 
هێرشی سه‌ر شه‌نگال چۆن روویدا؟
له‌ سێی ئابدا نزیكه‌ی كاتژمێر 9 فه‌رمانده‌ی به‌نرخمان دڵشێر هه‌ره‌كۆل په‌یوه‌ندی پێوه‌كردین و ئه‌و بارودۆخه‌ مه‌ترسیداره‌ی به‌ ئێمه‌ گه‌یاند. ئێمه‌ پێمان گوت، 'ئه‌گه‌ر ئێمه‌ به‌ چه‌ند تابورێك ده‌ستوه‌ردان بكه‌ین، ئێوه‌ ده‌توانن پێشه‌نگایه‌تی بۆ بكه‌ن؟ ئێوه‌ وه‌ك پێویست شاره‌زای ناوچه‌كه‌ن؟ ئێوه‌ تا چ راده‌یه‌ك تیایدا باڵاده‌ستن؟ له‌و بابه‌ته‌دا دۆخێكی مه‌ترسیدار بێته‌ ئاراوه‌ ئه‌وه‌ له‌ چ ئاستێكدا ده‌بێت، رێژه‌ی زیانه‌ گیانیه‌كان چۆن ده‌بێت؟ ئێمه‌ لێمان پرسی. ئه‌و هه‌ڤاڵه‌ش ده‌ستبه‌جێ وه‌ڵامی دایه‌وه‌، وتی 'ئێمه‌ ئاماده‌ین، ئێمه‌ شاره‌زای ناوچه‌كه‌ بووین، تا ئاستێك كه‌ ئێمه‌ تیایدا باڵاده‌ستین، له‌و كاته‌وه‌ هاتووین ئێمه‌ به‌ باشی كارمان كردووه‌'. من پرسیارم كرد، 'له‌ ئاستی خۆجێییدا كه‌سێك هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا كاربكات؟ ' هه‌ڤاڵ دڵشێر وتی، "جیا له‌و نۆ كه‌سه‌ی په‌روه‌رده‌مان كردووه‌ كه‌سی تر نییه‌". به‌ منی گوت، هه‌ڤاڵ مه‌مۆ له‌گه‌ڵ گروپێك له‌ هه‌ڤاڵان له‌ شه‌نگال له‌ شوێنێكدا له‌ چالاكیدایه‌، ئه‌وێش له‌ سنونێیه‌. دواتر من زانیم كاتێك له‌گه‌ڵ ئێمه‌ قسه‌ی ده‌كرد داعش لێی نزیك ببووه‌وه‌ و ئه‌و له‌ ناو شه‌ڕه‌كه‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌كرد.
به‌ كورتی دوای ئه‌وه‌ی وتی، "ئه‌گه‌ر هێز هه‌بێت، ئه‌و ده‌توانێت پێشه‌نگایه‌تی له‌و هێزه‌ بكات"، ئێمه‌ش وتمان، "ته‌واوه‌، ئێمه‌ ئه‌م ئێواره‌ تابوره‌كان ده‌نێرین، تابورێكمان ئاماده‌یه‌، ئێوه‌ش ئه‌م ئێواره‌یه‌ پێشوازی لێبكه‌ن". له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هێزێكی ئێمه‌ هێنده‌ی تابورێك به‌ راستی له‌ سه‌ر هێڵی رۆژئاوا ئاماده‌بوو. به‌و جۆره‌ بڕیاری ده‌ستوه‌ردانمان دا. بێگومان سه‌رله‌نیوه‌ڕۆ ئێمه‌ ئه‌و بڕیاره‌مان به‌ هاوسه‌رۆكایه‌تی كه‌جه‌كه‌ راگه‌یاند، هه‌ڤاڵانیش وه‌ك وه‌ڵامه‌كه‌ وتیان، "له‌جێدایه‌، چی پێویسته‌ ئه‌وه‌ بكه‌ن". له‌و چوارچێوه‌دا هێزه‌كانمان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردان له‌ دۆخی شه‌نگال بكه‌ن، كه‌وتنه‌ رێگه‌. ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه‌ی له‌ شه‌نگال ده‌زانرێت به‌و جۆره‌ هاته‌ ئاراوه‌. چ مه‌ده‌نی و چ سه‌ربازی هه‌موو كه‌س له‌و كاته‌دا هه‌وڵی ده‌دا له‌ شه‌نگال هه‌ڵبێت، به‌ڵام هێزه‌كانی ئێمه‌ به‌ره‌و شه‌نگال ده‌چوون. هه‌ڤاڵانمان به‌ پێشه‌نگایه‌تی هه‌ڤاڵ مه‌مۆی قاره‌مان بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ گروپێكی هه‌ڤاڵانی چوار بۆ پێنج كه‌س كه‌ له‌ شه‌ڕدابوون، خێرا و به‌په‌له‌ به‌ره‌و چیای شه‌نگال رۆیشتن. هه‌وره‌ها هه‌ندێك ده‌چوون و هۆشداریان ده‌دایه‌ هه‌ڤاڵان و ده‌یانگوت، 'داعشی لێیه‌ ئێوه‌ بۆ كوێ ده‌چن؟". به‌ڵام هه‌ڤاڵان گوێیان بۆ كه‌س نه‌گرت و به‌ په‌له‌ خۆیان گه‌یانده‌ هه‌ڤاڵان له‌ شه‌نگال. 
له‌ كاتی ئه‌و ده‌ستوه‌ردانه‌دا پلانێكی چۆنتان هه‌بوو؟ 
پلانه‌كه‌مان به‌ر له‌ هه‌موو شتێك پاراستنی چیای شه‌نگال بوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌وروبه‌ره‌كه‌ی ده‌شتایی بوو، داعشیش تانك و ئۆتۆمبێلی زریپۆشی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو. له‌ده‌ستماندا هێنده‌ توانست و ئیمكانات نه‌بوو. هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ پلانماندا كه‌ نه‌ك ده‌شتیایی، به‌ڵكوو چیاكه‌ بپارێزین. به‌و پێیه‌ش ئێمه‌ هێزه‌كانمان خسته‌ جوڵه‌وه‌. هێزه‌كانیشمان كاتێك گه‌یشتنه‌ چیاكه‌ ده‌ستیان به‌ توندكردنی ئاسایشی چیاكه‌ كرد. به‌دڵنیاییه‌وه‌ داعشیش ده‌یویست ده‌ست به‌سه‌ر چیاكه‌دا بگرێت، زۆر جار هێرشیان كرد. به‌ڵام هه‌ڤاڵان لێیادان و نه‌یانهێشت. خۆی له‌ خۆیدا دواتر بۆ ماوه‌ی سێ مانگ به‌ مه‌به‌ستی كۆنتڕۆڵكردنی چیاكه‌ هێرشیان كرد. به‌ڵام هونه‌ر و ته‌كنیكی شه‌ڕی هێزه‌كانمان له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ له‌وه‌ی داعش زیاتر بوو. له‌و بواره‌دا زۆر ئه‌زمونیان نه‌بوو. هه‌ر بۆیه‌ له‌ شه‌ڕ له‌ چیادا داعش تێگه‌یشت كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئێمه‌ هیچی پێناكرێت. دواجار ئه‌وان له‌ شار و ده‌شتیایی، ئێمه‌ش له‌ چیاكه‌ باڵاده‌ستیمان پێكهێنا.
هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك به‌شداربوون؟ ده‌ستوه‌ردانی یه‌په‌گه‌ش له‌و ئاسته‌دا پێكهات؟
كاتێك هێزه‌كانمان له‌ چیای شه‌نگال باڵاده‌ست بوون، به‌ر له‌ هه‌موو شتێك په‌یام بۆ خه‌ڵكی شه‌نگال نێردرا كه‌ خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ چیای شه‌نگال. هه‌مووان روویان له‌ چیاكه‌ كرد. به‌تایبه‌تی خه‌ڵك له‌ گونده‌كانی ده‌شتایی و شاره‌كه‌وه‌ روویان له‌ چیا كرد. له‌و كاته‌دا به‌ ده‌یان هه‌زار مرۆڤ له‌ چیاكه‌دا كۆبوونه‌وه‌، كێشه‌ی خۆراك و ئاو له‌ ئارادابوو. بۆ ئه‌وه‌ش ئێمه‌ بانگه‌وازمان راگه‌یاند. به‌ڵام پشتگیرییه‌كی ئه‌وتۆ نه‌گه‌یشت. هه‌ندێك هه‌لیكۆپته‌ر هاتن و له‌ ئاسمانه‌وه‌ ئاویان خسته‌خواره‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و ئاوه‌ به‌س نه‌بوو، هه‌روه‌ها به‌سته‌ی ئاوه‌كان به‌ سه‌ره‌ مرۆڤه‌كاندا كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ دوو كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا. ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابوو كه‌ كاره‌ساتێكی مرۆیی رووبدات. به‌ هۆی تونیایه‌تیه‌وه‌ منداڵ و به‌ته‌مه‌نه‌كان ژیانی له‌ده‌ستدا.
به‌و هۆیه‌وه‌ ئێمه‌ فه‌رمانده‌یی یه‌په‌گه‌ له‌ رۆژئاوامان به‌سه‌ركرده‌وه‌. ئه‌وانیش بۆخۆیان له‌ دۆخی به‌دواداچووندا بوون، ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی ئێمه‌ ناردبوومانن سه‌ره‌تا ده‌چوونه‌ رۆژئاوا و له‌وێوه‌ ده‌چوونه‌ شه‌نگال. ئێمه‌ پێشنیازمان بۆكردن، له‌ نێوان شه‌نگال و ناحیه‌ی جه‌زعای رۆژئاوادا رێڕه‌وێك بكه‌نه‌وه‌. ئه‌وانیش وتیان، "ته‌واوه‌" و هێزه‌كانی خۆیان خسته‌ جوڵه‌وه‌. له‌وێ قه‌ڵایه‌كی لێبوو كه‌ پێشتر به‌ ده‌ست سه‌دامه‌وه‌ بوو، داعش ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌وێدا گرتبوو. هه‌ڤاڵانمان له‌ ناوخۆ وتیان ئه‌گه‌ر ئه‌و شوێنه‌ كۆنتڕۆڵ بكرێت، ئه‌و كاته‌ رێڕه‌وه‌كه‌ دروست ده‌بێت. هێرش كرایه‌ سه‌ر ئه‌و شوێنه‌ و ده‌ستیبه‌سه‌ردا گیرا. هێزه‌كانی یه‌په‌گه‌ له‌وێ جێگیركران و له‌سه‌رتاسه‌ری هێڵه‌كه‌دا ئه‌و شوێنانه‌ی پێویست بوون كۆنتڕۆڵ كران، به‌و جۆره‌ ئاسایشی رێڕه‌وه‌كه‌ دابین كرا. به‌و جۆره‌ رێڕه‌وه‌كه‌ پێكهێنرا. له‌ ئه‌نجامدا ئه‌و مرۆڤانه‌ی پێشتر هه‌وڵیانده‌دا به‌ پێیان له‌ شه‌نگال بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ رێگه‌ی رێڕه‌وه‌كه‌وه‌ بوونه‌ خاوه‌نی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی كه‌ بتوانن به‌ ئۆتۆمبێل بچنه‌ ده‌ره‌وه‌.
پێموابێت بۆ جێهێشتن و چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ شه‌نگال ده‌رفه‌ت بۆ به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێل نه‌بوو..
به‌ڵێ، له‌و بابه‌ته‌دا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی رۆژئاوا و خه‌ڵكی رۆژئاوا بارهه‌ڵگر، پاس و هه‌ر كه‌سێك كه‌ ئۆتۆمبێلی هه‌بوو، خستیانه‌ خزمه‌ت رزگاركردنی خه‌ڵكی شه‌نگال. به‌و جۆره‌ش هه‌زاران ئۆتۆمبێل كه‌وتنه‌ كار. به‌و شێوه‌یه‌ ئه‌و مرۆڤانه‌ی له‌ شه‌نگال به‌ تونیایه‌تی و برسێتی مابوونه‌وه‌ توانیان بپه‌ڕنه‌وه‌ بۆ رۆژئاوا. بێ گومان هه‌ر ئۆتۆمبێلێك له‌گه‌ڵ خۆیدا خۆراك و ئاوی ده‌هێنا. له‌ هه‌شتی ئابه‌وه‌ تا 18ی ئاب له‌ ماوه‌ی 10 رۆژدا به‌ گشتی 120 هه‌زار مرۆڤ له‌ چیای شه‌نگاله‌وه‌ گواسترانه‌وه‌ بۆ رۆژئاوا. دواتریش به‌رده‌وام بوو. ئه‌وه‌ ئۆپراسیۆنێكی گه‌وره‌ی گواستنه‌وه‌ی مرۆیی بوو كه‌ ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزیش نه‌یده‌توانی به‌ ئاسانی ئه‌نجام بدات. به‌ڵام هێزی گه‌ل، هه‌ستیاری و تواناكانی خه‌ڵكه‌كه‌مان له‌ رۆژئاوا، هه‌روه‌ها پارێزگاری له‌ رێڕه‌وه‌كه‌ له‌ لایه‌ن یه‌په‌گه‌وه‌، پاراستنی چیای شه‌نگال له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی هه‌په‌گه‌وه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی فه‌رمانده‌یه‌كی زیره‌كی وه‌ك عه‌گید جیڤیان وایكرد كه‌ گواستنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ ئه‌نجام بدرێت.
له‌و كاته‌دا هه‌ندێك مرۆڤ مانه‌وه‌ و له‌ رێڕه‌وه‌كه‌وه‌ نه‌چوون، له‌ چیای شه‌نگال له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئێوه‌ مانه‌وه‌. ئه‌وه‌ چۆن روویدا؟
له‌و كاته‌دا ئێمه‌ له‌و بڕوایه‌دابووین كه‌ باش نییه‌ خه‌ڵك به‌ ته‌واوی له‌ شه‌نگال بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی جێیبهێڵن، له‌و دۆخه‌دا گه‌ڕانه‌وه‌ دژوار ده‌بێت. ئێمه‌ ئه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ پێشه‌نگی هێژامان و هاوڕێی خۆمان زه‌كی شه‌نگالی تاوتوێ كرد. ئه‌ویش به‌ گونجاوی زانی.  له‌ خۆیدا فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ده‌ستوه‌ردان هه‌ڤاڵ عه‌گید جڤیانیش له‌ شه‌نگال قۆناغه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌ده‌برد. ئێمه‌ پێشنیازه‌كه‌مان خسته‌ربه‌رده‌م هه‌ڤاڵان عه‌گید و دڵشێر، ئێمه‌ وتمان كه‌ هه‌ندێك مرۆڤ ده‌توانن هه‌ڤاڵانمان ئاگاداریان بن و له‌وێ بمێننه‌وه‌. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رێڕه‌وه‌كه‌ كراوه‌ بوو، تائاستێكیش ده‌كرا خۆراك بگوازرێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ مرۆڤه‌كان بمابانایه‌وه‌ دژوار ده‌بوو كه‌ پێداویستییه‌كانیان دابین بكرێت، به‌ڵام ئێمه‌ به‌ هه‌ڤاڵانمان گوت كه‌ ئه‌گه‌ر نزیكه‌ی 10 هه‌زار كه‌س بمێننه‌وه‌ ئه‌وان ده‌توانن وه‌ڵامده‌ری پێداویستییه‌كانیان بن. ئه‌وانیش بابه‌ته‌كه‌یان له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ سه‌عید حه‌سه‌ن تاوتوێ كرد، سه‌عید حه‌سه‌ن پێی گوتن، كه‌ ئه‌و بنه‌ماڵه‌ و عه‌شیره‌ته‌كه‌ی ده‌توانن بمێننه‌وه‌. هه‌روه‌ها هه‌ندێك بنه‌ماڵه‌ و عه‌شیره‌تی دیكه‌ش ئه‌و پێشنیازه‌یان قه‌بوڵ كرد، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ له‌ كه‌مپی سه‌رده‌شتدا 10 هه‌زار كه‌س مانه‌وه‌، خه‌ڵكه‌كه‌ی ترمان هه‌ر هه‌موویان گواسترانه‌وه‌ بۆ رۆژئاوا.
دوای ئه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان له‌ رێڕه‌وه‌كه‌وه‌ په‌ڕینه‌وه‌ رێڕه‌وه‌كه‌ داخرا، له‌و قۆناغه‌دا چی روویدا؟
له‌و كاته‌دا تیرۆریستانی داعش بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر چیاكه‌دا بگرن له‌ قۆڵی جیاجیاوه‌ ده‌ستیان به‌ ده‌ستوه‌ردان كرد، واته‌ هێرشیان كرد. شه‌ڕ روویدا. لوتكه‌كانی شه‌نگال به‌ ده‌ست هێزه‌كانمان له‌ هه‌په‌گه‌وه‌ بوون. هه‌موو هه‌وڵه‌كانی داعش تێكشكێنران. كاتێك به‌و جۆره‌ بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێن 'ئێوه‌ كێن، ده‌وڵه‌ت بۆ خۆی ناتوانێت به‌رامبه‌ر بوه‌ستێت، ئێوه‌ چۆن ده‌توانن به‌رامبه‌رمان بوه‌ستن' به‌ هێزێكی زۆر گه‌وره‌وه‌ په‌لاماری هێزه‌كانی رێڕه‌وه‌كه‌یاندا. ئه‌و هێرشه‌ یه‌په‌گه‌ی خسته‌ دۆخێكی دژواره‌وه‌. شه‌هیدبوون هاته‌ ئاراوه‌. هه‌روه‌ها هێزه‌كانی ناو قه‌ڵاكه‌ش له‌ لایه‌ن داعشه‌وه‌ گه‌مارۆدران، به‌ڵام به‌ هێرشێكی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ی به‌رفراوان توانرا ئه‌و هه‌ڤاڵانه‌ی له‌وێ بوون رزگار بكرێن. له‌ كۆتاییدا ئه‌و هێزانه‌ی رێڕه‌وه‌كه‌یان ده‌پاراست ناچار بوون بكشێنه‌وه‌ و رێڕه‌وه‌كه‌ داخرا.
له‌ بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئه‌وه‌ی رێڕه‌وه‌كه‌ له‌ لای رۆژئاواوه‌ دابخه‌ن قورساییان خسته‌ سه‌ر شاری جه‌زعا. یه‌په‌گه‌ له‌وێ به‌رخودانێكی گه‌وره‌ی كرد. ئه‌گه‌ر ده‌ستیان به‌سه‌ر جه‌زعادا بگرتایه‌ ده‌یانتوانی به‌ ته‌واوی رێڕه‌وه‌كه‌ دابخه‌ن، به‌ڵام نه‌یاتوانی جه‌زعا بگرن. یه‌په‌گه‌ له‌وێ خۆڕاگرییه‌كی زۆری كرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌موو بینا و خانووه‌كان له‌ جه‌زعا رووخان. ته‌نیا له‌وێ 80 شه‌ڕڤانی یه‌په‌گه‌ شه‌هیدبوون، به‌ڵام جه‌زعا پارێزرا. به‌ڵام له‌و قۆناغه‌دا شه‌ڕ له‌ رێڕه‌وه‌كه‌دا به‌ره‌و شه‌نگال برا. به‌و چه‌شنه‌ چیای شه‌نگال گه‌مارۆ درا. ئیتر له‌ رێگه‌ی زه‌مینیه‌وه‌ خۆگه‌یاندنه‌ ئه‌و شوێنه‌ ئه‌سته‌م بوو. له‌ رێگه‌ی ئاسمانیشه‌وه‌ هه‌لیكۆپته‌ره‌كانی عێراق چه‌ند جار چوون و هاتن. به‌ڵام به‌ پێی پێویست خۆراك جێگیر كرابوو. هه‌ڤاڵانمان و گه‌له‌كه‌مان له‌وێ به‌و جۆره‌ بۆ ماوه‌ی سێ مانگ به‌ گه‌مارۆدراوی مانه‌وه‌. ئه‌و كاته‌ی داعش چیای شه‌نگالی گه‌مارۆدا، پێی وابوو كه‌ ئه‌نجامێك به‌ده‌ستده‌هێنێت، بۆیه‌ درێژه‌ی به‌ هێرشه‌كانیدا. به‌ڵام سه‌رجه‌م هێرشه‌كانی تێكشكێنران و هیچ ئه‌نجامێكی به‌ده‌ستنه‌هێنا. 

ژ. ت / هـ . ب
سبه‌ینێ:
هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا، توركیا، په‌ده‌كه‌ و یه‌نه‌كه‌ چۆن بوو، په‌كه‌كه‌ له‌ هێڵی شه‌ڕ-دیداردا چۆن به‌ره‌وپێشچوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزانه‌دا له‌سه‌ر چی دیدار ئه‌نجامدران؟
له‌ شه‌نگال له‌ دیداره‌كانی شاندی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ عه‌گید جڤیان باس له‌ چی كرا؟ 
مه‌سعود بارزانی و مه‌سرور بارزانی له‌و په‌یامه‌یدا كه‌ له‌ رێگه‌ی نێوه‌نگیرێكه‌وه‌ ناردبوویان داوای چیان كرد؟