هێشتا هەفتەیەک بەسەر شەهیدکردنی دوو هاوڵاتی مەدەنی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە تێپەڕنەبووە، بەڵام پەدەکە شەقام و قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورک دەڕازێنێتەوە و بەم جۆرە خۆی بۆ پێشوازی لە تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورک ئامادە دەکات، کە ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی بۆ عێراق ئامادەسازییە بۆ هێرشێکی نوێی داگیرکەری و قڕکەری لە دژی باشووری کوردستان.
ئەو هەنگاوەی پەدەکە ناڕەزایەتی توندی سەرجەم چین و توێژەکانی لێکەوتووەتەوە، بەتایبەتی نوسەران، کەسایەتیە سیاسی و ئەکادیمیەکان سەرکۆنەی ئەو رەفتارەی پەدەکەیان کردووە.
لەو بارەوە ئەبوبەکر هەڵەدەنی ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان نوسیویەتی: "گرێی خۆبەکەم زانین، ئەوەی خوێندومەتەوەو پرسیارم کردوە، ئەم پێشوازیە هیچ پەیوەندی بە نەریتی دیپلۆماسیەوە نیە."
نویسیویشیەتی: "نیسانی ٢٠٢٤ پێشکەش بێت بە سوڵتانی بڕینەوەی داربەڕوەکانمان و هەڵکێشانی دارزەیتونەکانمان وبکوژی ڕۆڵەکانمان."
وەک ئاماژەدان بە قەدەغەکردنی سێ کتێب لە پێشەنگای کتێبی ئیزمیر، بەهۆی بوونی وشەی کوردستان لە کتێبەکان، هەڵەدنی نوسیویەتی: "مێژوو ئەمە لەدووتوێی پەرەکانتا هەڵبگرە هەبوو نەبوو زەمانێک هەبوو لەوکاتەی سوڵتانێکی نوێ بەناوی ئەردۆغان کە هاتە هەولێرێ شەقام وجادەی بۆئاڵاپۆشی تورکیا کرا، کەچی لەهەمان کات وساتدا لەودەوڵەتە عەزیمەدا کتێبی نوسەرێکی کورد تەنها لەبەر ووشەی (کوردستان) لەلایەن پۆلیسی تورکەوە پێچرایەوە."
هاوکات ئومێد بەرۆشکی رۆژنامەوان و زیندانی سیاسی پێشووی بادینان نوسیویەتی: "رۆژ لەدوای رۆژ داهێنان لە جاشایەتی خۆیاندا دەکەن بۆ سەلماندنی دڵسۆزی و پاشکۆیەتی خۆیان بۆ دوژمنی نەتەوەکەیان. پارتی (پەدەکە) باجی ئەو جاشایەتیەی دەدات و ئەو کردەوە شەرمەزارکارانەیان لەگەڵ هەموو خیانەتەکانی دیکەی لە پەڕەکانی مێژوودا تۆمار دەکرێن."
نوسەر و ئەکادیمی خەڵکی هەولێر ئیبراهیم سدیق مەلازادەش بە پارچە هەڵبەستێک ناڕەزایەتی خۆی بەرامبەر بە داپۆشینی قەلای دێرینی هەولێر بە ئاڵای تورک نیشانداوە و نوسیویەتی: "شەوم شەو، شەوێکی تەڵخ!
شەوێک بۆ ئەوەی رووم رەش بێت
تا رووی ئاڵای دوژمن گەش بێت."
مونیرە عوسمان ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی کوردستانیش بەم جۆرە هەڵوێستی دەربڕیوە: "چەند شەرمەزاریە سەری بەرزی قەلای ھەولێر بەئاڵای داگیرکەری کورد کوژ بڕازێندرێتەوە."
هاوکات عەلی حەمەساڵح، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی رەوتی هەڵوێستی نیشتمانیش لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەی ئاڵای تورک بەسەر قەڵای هەولێرەوە نوسیویەتی: "ئازار بەخشە! سێ پەرتوک لە تورکیا بەهۆی وشەی”کوردستان’ قەدەغەکران! سەرۆکی یانەی دهۆک بەهۆی جل و بەرگی کوردی دەستگیرکرا! ١٥٥ هاوڵاتی سڤیلی ئێمە بە تۆپبارانی ئەوان شەهیدکرا! وەڵامی دەسەڵاتداران ئەمە بوو!!!"
هەرچی نوسەری دیاری کورد بەختیار عەلیە بە زمانێکی توند رەخنەی لەو هەڵوێستەی پەدەکە گرتووە و هۆنراوەیەکی فایەق بێکەسی شاعیری بە دەستکراییەوە بڵاوکردووەتەوە و نوسیویەتی:
"ئەی وەتەن مەفتونی تۆم، بەڵام نامەوێت شێوەتم بیربكەوێتەوە.
وەقتی غەریبی و غوربەت، وام بە كۆتی خۆتەوە
كە خۆت پێڵاوی دوژمنان ماچ دەكەی،
كێ وەك سەگ پەتكەم و بیخەمە ژێر پێتەوە؟
غەمبارم كە دەتبینم دوژمنم وەك سەگ پەتتدەكات و دەتخاتە ژێر پێیەوە."
هاوکات شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەنەکەش ناڕەزایەتی بەرامبەر بە سوکایەتی بە قەڵای هەولێر نیشانداوە و نوسیویەتی: "قەراتی هەولێرێ موڵکی هەولێرییە رەسەنەکانە و رەمزی قوربانیدان و گیانفیدایی گەلێکە."
نوسەر و ئەکادیمی ئارام رەفعەتیش کە خەڵکی شاری هەولێرە بەرامبەر بەو بێڕێزیەی پەدەکە بەرامبەر بە قەڵای هەولێر و بەهاکانی گەلی کورد هەڵوێستی دەربڕیوە و لە نوسینێکدا بە ناونیشانی ئامەد ئازادترە یان هەولێر؟ بەراوردی کردووە لە نێووان ئەو دوو گەورە شارەی کوردستان و بەشداری ملیۆنی هاوڵاتیانی کورد بە ئاڵاکانی کەسک و سور و زەرد لە ئاهەنگەکانی نەورۆز و هەڵمەتی هەڵبژاردنی ئەم دواییەی بەبیرهێناوەتەوە و ئاماژەی بەو تاوان و کۆمەڵکوژیانە کردووە کە لەژێر سایەی ئاڵای تورک بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامدراون و نوسیویەتی: "هەولێر دەبێت بۆ سەد ساڵ غوسڵ لەخۆی دەربکات، ئەوسا دەتوانێت لە گڵاوی ئەو ئاڵایە پاک بێتەوە کە دوێنێ پیرە قەڵاتی پێ گڵاو کرا."
سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەولێر لە کاتێکدایە پلانی سەرەکی سەردانەکەی ئامادەسازییە بۆ هێرشێکی نوێ داگیرکەری بۆ سەر خاکی عێراق و باشووری کوردستان، هەروەها لە سەرەتای ئەمساڵە بەهۆی هێرشەکانی سوپای تورکی داگیرکەرەوە شەش هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون، کە دوایەمینیان سەروەر قادرە کە شەوی ١٨ی نیسان لە سیدەکان ژیانی لەدەستدا، پێنج رۆژ پێش ئەوەش بە هۆی هێرشێکی ئاسمانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە بۆ سەر گوندی گەڵاڵەی شارباژێڕ هاوڵاتیەکی مەدەنی بە ناوی محەمەد حاجی سەعید شەهید ببوو.
بە گوێرەی ئامارەکانی تیمی کوردستانی عێراقی رێکخراوی ئاشتیپارێزی کوردستانی (سی پی تی) لەماوەی ٩ ساڵدا بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرەوە ١٥٦ هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و نزیکەی ٢٣٠ هاووڵاتی مەدەنیش برینداربوون.
پەدەکە و حکومەتی هەرێم بەرامبەر بە هیچ یەک لەو هێرشانە ناڕەزایەتیان دەرنەبڕیوە و بەردەوام راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پاساویان بۆ ئەو هێرش و داگیرکەرییەکانەی دەوڵەتی تورک هێناوەتەوە.
هـ . ب