سەربازانی عێراق دەیانەوێت ئێزدییەکان چەک بکەن!

سەربازانی عێراق هەڵیانکوتایە سەر گوندێکی شەنگال و دەستیان بە گەڕان و پشکنینی ماڵەکان بۆ چەک کرد.

ئاژانسی هەواڵی رۆژنیوز بڵاویکردەوە، سەربازانی عێراق کە لەسەر داوای پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) چووەتە شەنگال، ماڵ بە ماڵی گوندی وەردی گەڕاون بۆ ئەوەی ئەو چەکانەیان لێوەرگرن، کە بۆ پاراستنی خۆیان هەڵیان گرتووە، هاوڵاتیان ئەو کارە وەک هەوڵێک بۆ بێ چەک کردنی ئێزدییەکان دەزانن، تاوەکو نەتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن.

دوای ئەوەی بەغدا – هەولێر لەسەر داخوازیی دەوڵەتی تورک دژی شەنگال لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد، هەزاران سەربازی عێراق چوونە شەنگال.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە گوندی وەردێ-ی سەر بە تلعوزێری شەنگالەوە دەستکەوتوون، سەربازانی عێراق هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندەکە و ماڵ بە ماڵ گەڕان و پرسیاری چەکیان لێکردوون.

دانیشتوانی گوندەکە رایانگەیاند، سەربازانی سوپای عێراق هەڵدەکوتنە سەر ماڵەکانیان و دەیانەوێت ئەو چەکانەیان لێوەرگرن، کە بۆ پاراستنی خۆیان هەڵیانگرتووە.

سەیدۆ سەید ڕەشۆ، دانیشتووی گوندەکە، زانیارییەکانی پشتڕاستکردەوە و ناڕەزایی نیشاندا لە دژی ئەو کارەی سەربازانی عێراق و وتی: "ئێمە ئەمڕۆ بەڕۆژوو بووین، هێشتا لە خەو هەڵنەستابووین، سەربازانی عێراق هاتنە گوندەکەمان و پرسیاری چەکەکانیان لێکردین، ئەوان دەیانەوێت وەکو کاتی هێرش و فەرمانەکەی داعش بۆ سەرمان بێ چەک و بێ پاراستنمان بکەن، بەڵام ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین، چونکە لەو کاتەدا وتیان، ئێمە دەتانپارێزین، بەڵام بەڵێنەکەى خۆیان بەجێنەهێنا و ئەوەش بووە هۆی ئەوە هاووڵاتییانی ئێزدی فەرمانیان بەسەردا بێت. ئەوە زوڵم بوو. بۆیە ئێمە ئەوە قبوڵ ناکەین.".

ژ.ت