بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە خۆجێییەکانەوە بە دەست گەیشتوون، سوپای عێراق لە ناوچەی سنون و ناوچە سنوورییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان هێرشی کردووەتە سەر بازگەکانی ئاسایشی ئێزدخان و یەکینەکانی بەرخودانی شەنگال (یەبەشە) و یەکینەکانی ژنانی شەنگال (یەژەشە).
بەپێی ئەو زانیارییانە، هێزەکانی خۆپاراستنی شەنگالیش وەڵامی ئەو هێرشانەیان داوەتەوە و لە ناوچەکەدا شەڕی ڕوویدا.
شەڕەکە بەهۆی هێرشەکەی سوپای عێراقەوە بەردەوامە، بەڵام هیچ ئەنجامێک دیار نییە.
دوێنێ بەهۆی هێرشی سوپای عێراقەوە بۆ ماوەیەکی کەم لە ناوچەی سنون شەڕ و پێکدادان ڕوویدا و سوپای عێراق ناچار بوو لەو ناوچەیە بکشێتەوە.
ڕۆژی ١٨ی نیسان سوپای عێراق چەندین خاڵی پشکنینی هێزەکانی ئاسایشی ئێزدخان و یەبەشە و یەژەشەی لە شەنگال گەمارۆدا و بەو هۆیەشەوە شەڕ ڕوویدا.
لەم چەند ڕۆژەی دواییدا چەندین کۆبوونەوە لە بەغدا و لە شەنگال بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ئەنجامدراون، بەڵام سوپای عێراق سوورە لەسەر سیاسەتی گەمارۆدان و هێرشکردن.
ژ.ت