دەستەی هاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان پەیوەست بە نقوومبوونی یەختی پەنابەران کە دوێنێ لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا ڕوویدا و بەشی زۆری سەرنشینەکان کورد بوون، ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و هاوخەمی خۆی بۆ قوربانیان دەربڕی و گوتی: "ھۆکاری سەرەکیی و ڕاستەوخۆ ئەو دەسەڵاتە خێڵەکیی و خۆسەپێن و قۆرغکارەیە، کە کەوتووەتە ناو زەلکاوی خیانەت و کەڵکەکردنی سەرمایەوە".
تەڤگەری ئازادی ستەم و نادادییەکانی دەسەڵات بە هۆکاری کۆچی گەنجان دەزانێت و دەڵێت: "ئەو گەنج و ھاوڵاتییانەی رێگەی مەرگیان ھەڵبژاردووە، ھەر بەتەنھا لەبەر ھەژاریی و بێکاریی نییە، بەڵکو لەبەرامبەر ئەو ھەموو نادادیی و نایەکسانیی و تاڵانیی و گەندەڵییەیە کە سیی ساڵ زیاترە، کۆمەڵێک مشەخۆری سیاسیی، خۆیان بەسەر ھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستاندا سەپاندووە".
تەڤگەری ئازادی هاوخەمی بۆ کەسوکاری قوربانیان دەردەبڕێت و داوا لە گەنجان و ژنان و هەموو چین و توێژەکان دەکات ڕێگەی کۆچکردن نەگرنەبەر، دەڵێت: "چارەسەر لێرەیە و بە دەستی خۆمانە، کۆچکردن دەردمان چارەسەر ناکات، دەبێت پێکەوە بین و بیر لە چارەسەریی کێشەکان بکەینەوە".