'ژیان تەنیا لەسەر خاکەکەم تامی هەیە'
وەفا فەیسەڵ کە دوای ماوەیەکی زۆر گەڕاوەتەوە شەنگال رایدەگەیەنێت، "هیچ شوێنێک لە زێدی مرۆڤ خۆشتر نییە. هیچ شوێنێک هێندەی زێدی ئێمە خۆشتر نییە. داوامان ئەوەیە کە هەموو کەس بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان".
وەفا فەیسەڵ کە دوای ماوەیەکی زۆر گەڕاوەتەوە شەنگال رایدەگەیەنێت، "هیچ شوێنێک لە زێدی مرۆڤ خۆشتر نییە. هیچ شوێنێک هێندەی زێدی ئێمە خۆشتر نییە. داوامان ئەوەیە کە هەموو کەس بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان".
بەهۆی فەرمانی ٣ی ئابی ٢٠١٤ەوە هەزاران ئێزدی شەنگال ناچاربوون بەرەو ناوچەکانی دیکە کۆچ بکەن. بەشێکی زۆری ئێزدییەکان لە باشوری کوردستان لە کەمپەکاندا دەمێننەوە و بەشێکیشیان بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچ دەکەن. هەروەها تادێت گەڕانەوەی ئاوارە ئێزدییەکان بۆ شەنگال زیاتر دەبێت و ئەو کەمپانەی تیایدا دەمێننەوە وردە وردە چۆڵ دەکرێن. زۆرینەی ئەو ئاوارانەی دەگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان باسی مەینەتی و چەرمەسەرییەکانی کەمپەکان دەکەن.
وەفا فەیسەڵ یەک لەوانەیە کە گەڕاوەتەوە بۆ زێدی خۆی. وەفا ماوەیەکی زۆر نابێت کە لە کەمپەکانی باشورەوە گەڕاوەتەوە بۆ شەنگال. وەفا سەبارەت بە بەسەرهاتی خۆی قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات کرد و ئەوەی خستەڕوو کە خۆشترین هەست بریتیە لە ژیان لە سەر زێد و شوێنی لەدایکبوونی خۆی.
'هیچ شوێنێک هێندەی زێدی خۆمان پیرۆز نییە'
وەفا فەیسەل لە سەرەتای قسەکانیدا باسی بەسەرداتی خۆی لە کاتی کۆچبەربوونەوە تا گەڕانەوە بۆ شەنگال کرد و وتی، "لە فەرمانەکەدا ناچاربووین بەرەو باشووری کوردستان کۆچ بکەین. سەرەتا لە ماڵی خەڵک دەماینەوە و دواتریش کە کەمپەکان دروست کران، ئێمە چووینە ئەوێ. بەڵام ئێستا گەڕاومەتەوە شەنگال. هیچ شوێنێکی لە خاکی مرۆڤ خۆشتر نییە. هیچ شوێنێک هێندەی زێدی ئێمە خۆش نییە. داواکاریمان ئەوەیە کە هەمووان بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان. هەروەها دەمانەوێت هاوکاری ئەو کەسانە بکرێت کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، بۆ ئەوەی خاکەکەمان بۆ هیچ کەس جێنەهێڵین. دوای من لە هەموو کۆمەڵگەی ئێزدی ئەوەیە کە بگەڕێنەوە سەر خاکەکەیان و ئێمە دەتوانین هاوکاری ئەوانەش بکەین کە بەهۆی دەستکورتییەوە ناتوانن بگەڕێنەوە".
'من لە سەر خاکی خۆم دڵخۆشم'
وەفا فەیسەڵ باسی لە ژیان لە کەمپەکانی باشور کرد و وتی، نەیاندەتوانی بە ئاسودەیی بژین، بەتایبەتی لە ترسی سوتانی خێمەکان نەیاندەتوانی سۆبا و چرا بە هەڵکراوی جێبهێڵن، زۆر ژن و منداڵ بەهۆی سوتانی خێمەکانەوە گیانیان لەدەستدا. زۆر کەس لە ناو کەمپەکان دەیانویست بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان بەڵام بەهۆی دەستکورتی و بێتواناییەوە نەیاندەتوانی. "من یەکێک بووم لەوانە، بەڵام دوای ئەوەی بە سەردان هاتمەوە شەنگال داوام لە رێکخراوەکانی خۆمان کرد و ئەوانیش هاوکاریان کردم و گەڕامەوە. گەر هاوکاری ئەوان نەبوایە نەمدەتوانی بگەڕێمەوە و ئێستاش زۆر دڵخۆشم".
'ژیان لە کەمپەکان ترسناکە'
وەفا فەیسەل لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە نەهامەتی و چەرمەسەریەکانی ژیانی ناو کەمپەکان کرد و رووداوی دەستدرێژی بۆ سەر ئاخینی تەمەن ٦ ساڵ و کوشتنی خۆی و باوکی کرد و وتی، ئەگەر ئەوە بە سەر کچێکی بارزانیەکاندا بهاتایە قورسترین سزایان بە سەر بکوژەکەدا دەسەپاند، بەڵام بکوژی ئاخین بچوک دیار نییە. ئەمە تەنیا نمونەیەکی بچوکە، ژیان لە کەمپەکان زۆر ترسناکە، شتی زۆر خراپتر بەسەر دانیشتوانی کەمپەکاندا هاتووە و زۆر جار لە ترسان نەیانوێراوە باسی بکەن.
'ژن و پیاو تەواکاری یەکترن'
وەفا فەیسەڵ ئاماژەی بەوە سیستمە کرد کە ئێستا لە شەنگال دامەزراوە و وتی، سیستمێکی ژیانی ئارام و یەکسانە و ئەوەش یارمەتیدەری ژنانە بۆ ئەوەی هەنگاوی گەورە بنێن و بەم جۆرە بەردەوام بوو: "شەنگال ئێستا زۆر خۆش بووە. پێشتر پەیوەست بە ژنان هەندێک قاڵبی تەسک بوونیان هەبوو. ژنان نەیاندەتوانی هەنگاوێک بنێن، دەیانگوت شەرمە. بەڵام ئێستا سیستمێکمان هەیە و ژنان و پیاوان دەتوانن پێکەوە کاربکەن. شتێکی پێویست هەبێت ژنانیش دەتوانن بیکەن و پیاوانیش. ئەمەش ژیانی ئارامتر و ئاسانتر کردووە. ژنان بۆ راپەڕاندنی کارەکانیان چاویان لە دەستی کەس نییە و خۆیان دەیکەن، ئەمەش بابەتێکی زۆر خۆشە".
'ژنان هێزی خۆیانن'
وەفا فەیسەل لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە هەموو ژنان کرد کە بۆ پاراستنی کولتوری خۆیان و پەرەدان بە تێکۆشان بگەڕێنەوە بۆ شەنگال وتەکانی بەم جۆرە کۆتاییهێنا: "لە کەمپەکان بەردەوام ژنان رووبەڕووی ستەم و چەوسانەوە دەبنەوە. لەوێ ژنان متمانەبەخۆبوون و هێزی خۆیان نابینن. دەڵێن کە حکومەت لە پشت ژنانە و لەبەر ئەوەش ژنان خۆیان هیج هەنگاوێک نانێن. ئەمەش هەڵەیە و دەبێت ژنان خۆیان بە ئاراستەی ئازادی هەنگاو بنێن. ژنان هێزی خۆیانن. ئەم رۆحە لێرە، لە سەر خاکی شەنگال هەیە. لەبەر ئەوەش دەبێت هەموو ژنانی ئێزدی بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان و هێزی خۆیان زیاتر بکەن. لە هەمان کاتدا ژنان تائێستا کولتور و بڕوای ئێمەیان پاراستووە. قوبە و شوێنە پیرۆزەکانمان هەموویان لێرەن، ئێمە دەتوانین لێرە ئەرکە ئایینیەکانمان بەجێبهێنین و خۆشتر و ئارامتر بژین".
هـ .ب