بە بەشداری ١٢٠ هونەرمەند گەورەترین پێشەنگای هونەری لە قەڵای کەرکوک کرایەوە
لە ژێر ناونیشانی (ڕەنگەکان کۆدەکینەوە) لە شاری کەرکوک ١٢٠ هونەرمەندی شارەکانی کوردستان و عێراق، بە زیاتر لە ١٥٠ تابلۆ بەشداریان لە گەورەترین پێشەنگای هونەری کرد لە شارەکە.
لە ژێر ناونیشانی (ڕەنگەکان کۆدەکینەوە) لە شاری کەرکوک ١٢٠ هونەرمەندی شارەکانی کوردستان و عێراق، بە زیاتر لە ١٥٠ تابلۆ بەشداریان لە گەورەترین پێشەنگای هونەری کرد لە شارەکە.
ئەمرۆ پێنج-شەممە لە قەڵای شاری کەرکوک، پێشەنگایەک لەژێر ناوی (ڕەنگەکان کۆدەکینەوە)بەسەرپەرشتی گروپی هۆشیاری گەنجان و بەبەشداری هەریەک لە (گروپی ئارت ناو، باران، پرۆژەی گەنجان) کە تەواوی ئەو هونەرمەندە بەهرەمەندانە ژمارەیان ١٢٠ بەهەرمەندبوون کە لەکچان و کوڕانی شارە جیاوازەکانی باشوری کوردستان و عێراق بە زیاتر لە ١٥٠ تابلۆ و کاری شیوەکاری بەشداربوون لە پێشەنگاکەدا.
شیراز فازل رێکخەری پێشەنگاکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "ئێمە وەکو گروپی هۆشیاری گەنجان ئەمرۆ هەڵستاوین بە سپۆنسەرکردنی ئەم پێشەنگایە کە لەم پێشەنگایەدا ١٢٠ هونەرمەند بەشداربوونە بە زیاتر لە ١٥٠ تابلۆ و کاری شێوەکاری."
هەروەها شێرزا فازل ووتیشی: "ئامانجی ئێمە لەم پێشەنگایە دەرخستنی توانای ئەو کچ و کوڕە گەنجانەیە، چونکە لەم شارەدا هونەر پشتگوێ خراوە و گرنگی پێنادرێت، بۆیە ئێمە لە ڕێگەی ئەم چالاکییەدا هەوڵمانداوە گرنگی بە کچان و کوڕانی بەهرەمەند بدەین."
سۆما جەمیل کچێکی شیوەکاری بەشداربووی پێشەنگاکەیە سەبارەت بە بەشداربوونی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: " من ئەمرۆ وەکو کچێکی شیوەکار بە چەند تابلۆیەک بەشداربوومە لەم پێشەنگایە، تابلۆکانم لەسەر شێوازی کلاسیکی کۆنە، هەوڵم داوە لە رێگەی کێشانی وێنەی کلاسیکی ژیان بەو جۆرە تابلۆ کۆنانە ببەخشم و بتوانم جارێکی دیکە زیندوویان بکەمەوە، ئەم جۆرە وێنانەی من گوزارشت لە جوانی و بێ دەنگی دەکات."
هەروەها سۆما جەمیل ووتیشی: "ئەم جۆرە پێشەنگایانە گرنگی خۆی هەیە چونکە پێشەنگاکان ڕێگەیەکن بۆ دەرخستن و نیشاندانی توانانی تاکی بەهرەمەند، بۆیە ئێمەش وەکو کچان لەم پێشەنگایە توانیومانە لە رێگەی کارە هونەرییەکانمان بەهرەکانمان نیشان بدەین."
هەروەها شەیما محەمەد، کچێکی بە نەتەوەی عەرەبی شاری کەرکوکە کە سەردانی پێشەنگاکەی کردبوو، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "ئەمرۆ من سەردانی ئەم پێشەنگایەم کرد کە بەڕاستی شوێنێکی باشیان هەلبژاردبووە بۆ ئەنجامدانی ئەم پێشەنگایە چونکە قەڵای کەرکوک سیمبوڵی شارەکەیە و شوێنێکی دێرینی کەرکوکە، بەڕاستی مرۆڤ لەم تابلۆیانەی ئەم پێشەنگایە موراڵ وەردەگرێت کە لە تابلۆکاندا خۆشی و چالاکی تێدا دەبینرێت."
هەروەها شەیما محەمەد ووتیشی: "ئەمەی لێرە ژمارەیەکی زۆری کچان دەبینرێت بەرو پێشچوونێکی بەرچاوی کچانی هونەرمەندە و خاوەن بەهرەیە کە دەبینین کچانی نەتەوە جیاوازەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداریان لەم پێشەنگایە کردووە و هیوا سەرکەوتنی زیاتر بۆ ئەو کچە شێوەکارانەی دەخوازین، داواش لە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە هەواڵی باش بدەن بۆ هاوکاری کردنی کچان و کوڕانی گەنج تا زیاتر پەرە بە بەهرەکانیان بدەن."
ک-ش