چلەی هونەرمەندی دیاری هەورامان جەمیلی نەوسوودی بەڕێوەچوو
لە شاری هەڵەبجەی شەهید بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی، ڕۆشنبیر، هونەرمەند، هونەردۆست و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی چلەی هونەرمەندی دیاری هەورامان جەمیل نەوسوودی بەڕێوەچوو.
لە شاری هەڵەبجەی شەهید بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی، ڕۆشنبیر، هونەرمەند، هونەردۆست و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی چلەی هونەرمەندی دیاری هەورامان جەمیل نەوسوودی بەڕێوەچوو.
بە ناونیشانی "جەمیل نەوسوودی دەنگێکی ئاهوورایی لە هەورامانەوە" مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامان بە هاوبەشی ماڵی سیاچەمانە، ڕێکخراوی ژیوای، لقی هەڵەبجەی سەندیکای هونەرمەندانی کوردستان و ماڵپەڕی هەورامان نیوز، لە شاری هەڵەبجە و لە هۆڵی پڕۆفیسۆر مستەفا زەڵمیدا، چلەی گەورە هونەرمەندی هەورامان جەمیلی نەوسوودی بەڕێوەچوو.
مەراسیمەکە سەرەتا بە چەند ئایەتێکی قۆرئانی پیرۆز لە لایەن مامۆسا عەبدولمەلیکەوە دەست پێ کرد. پاشتر نووسەر ئەیوب ڕۆستەم وتەی ئامادەکاریی مەراسیمەکەی پێشکەش کرد و سەعدی ئەحمەدی کوڕەگەورەی هونەرمەند لاواندنەوەیەکی هەورامییاینەی بۆ ڕۆحی باوکی خوێند.
دواتر بە داگیرساندنی چل مۆم بۆ ڕۆحی پاکی هونەرمەند مەراسیمەکە بەردەوام بوو.
هەروەها هونەرمەند عوسمان هەورامی لە بەشێکی مەراسیمەکەدا هەندێک لە بیرەوەرییەکانی لەگەڵ کۆچکردوودا گێڕایەوە و ئینجا کەسایەتیی عەزەی حاجی عەولە، وەک هاوڕێی هونەرمەند وتەیەکی پێشکەش کرد، هەر لە میانی مەراسیمەکەدا جەلیلی عەباسی لێکۆڵینەوەیەکی لەبارەی پێگەی هونەری نەوسوودییەوە پێشکەش کرد و لە شیعری دوو شاعیر فاتح بەختەوەر و شەوکەت لهۆنی-یدا نەوسوودی لاوێنرایەوە و بە نمایشکردنی کورتەفیلمێک و وتەی بنەماڵە لەلایەن کوڕێکی کۆچکردووەوە بە ناوی زانیاری ئەحمەدی، کۆتایی بە مەراسیەکە هێنرا.
جێی باسکردنە، هونەرمەندی بەناوبانگی هەورامان جەمیلی نەوسوودی ڕۆژی دووشەممە ٤-ئازاری ٢٠٢٤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە زێدی خۆیدا پاش ٧٨ ساڵ خزمەتکردن بە هونەری ڕەسەن کۆچی دوایی کرد.