دەیان هەزار گەشتیار بەشدارییان لە فێستیڤاڵی "هەنار و پایزی هەڵەبجە"دا کرد
بە پێی ئاماری گەشتوگوزاری هەڵەبجە، لە ماوەی دوو رۆژی بەرێوەچوونی ڤیستیڤاڵی "هەنار و پایزی هەڵەبجە" زیاتر لە ١٩٠ هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.
بە پێی ئاماری گەشتوگوزاری هەڵەبجە، لە ماوەی دوو رۆژی بەرێوەچوونی ڤیستیڤاڵی "هەنار و پایزی هەڵەبجە" زیاتر لە ١٩٠ هەزار گەشتیار سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە.
سەڕەڕای بارینی بارانێکی زۆر، هاتنی دەیان هەزار گەشتیار لە تەواوی کوردستان و ووڵاتانی درواسێ بەمەبەستی سەردانی کردنی فێستیڤاڵی "هەنار و پایزی هەڵەبجە" لە دووەم رۆژی فێستیڤاڵەکەدا لە پارکی یاری شاری هەڵەبجە بەردەوامی هەیە، فێستیڤاڵی "هەنار و پایزی هەڵەبجە" لە باشوری کوردستان بووەتە نەریتێکی ساڵانە کە لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەدەچیت و تیدا دەیان هەزار گەشتیار لە تەواوی کوردستان و ووڵاتانی دراوسێوە سەردانی دەکەن، ئەمساڵیش بۆ جاری نۆیەمین ٥٠٠ جوتیار و ٢٠٠ ژنی دەستڕەنگین بە نمایش کردنی بەروبووم و کارە دەستییە خۆماڵییەکانیان بەشدارییان لە فێستیڤاڵەکەدا کردووە.
ئەم فێستیڤاڵە دەرفەتێکە بۆ بوژاندنەوەی شاری هەڵەبجە
ڤەرسینا محەمەد کچێکی شاری هەڵبجەیە کە لەگەڵ دایک و باوکی بەشداری فێستیڤاڵەکەن بە مەبەستی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، ڤەرسینا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ماوەی سێ ساڵە ئێمە بەشداری لە فێستیڤاڵی هەناری هەڵەبجە دەکەین، بەرهەمەکانی ئێمە هەنار، رووبە هەنار و دەنکی هەنارە، ئەم فێستیڤاڵە دەرفەتێکە بۆ بوژاندنەوەی شاری هەڵەبجە و ئاشنا بوونمان بە خەڵکی دەرەوەی شاری هەڵەبجە، هەروەها دەڵێم هەڵەبجە بەسێو مرد(کیمیاباران) بە هەنار ژیایەوە".
'بەخێزانی بەشداریمان کردووە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانمان'
هەروەها ئەو کچە هەڵەبجەییە ووتیشی: "من لەگەڵ دایکم و باوکم بەخێزانی بەشداری ئەم فێستیڤاڵەمان کردووە بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانمان، شاری هەڵەبجە بەرهەمێکی خۆماڵی جوانی هەیە کە هەنارە، هیوادارین کە هەناری هەڵەبجە هاوردەی دەرەوەی ووڵات بکرێت تا کوردانی دەرەوەی ووڵات بەرهەمی هەڵەبجەیان پێبگات، زەوی هەڵەبجە بەپیتە نەک تەنها هەنار بەڵکو بەرهەمی دیکەمان هەیە بۆیە داواکارین لەلایەنی پەیوەندیدار کە ڕێگر بێت لە هاوردەکردنی بەرهەمی دەرەوە تا بەرهەمە خۆماڵییەکانی کوردستان لەناوخۆ ساغ بکەینەوە".
پێویست بوو گرنگی بە بەرهەمی خۆماڵی بدەین
وەفا ڕەفیق دانیشتووی شاری سلێمانیە و بەڕەچەلەکە خەڵکی شاری هەڵەبجەیە، وەفا زۆر خۆشحاڵ بوو بە ڤستیڤاڵی هەناری شارەکەی و ڕایگەیاند: "ئێمەی وەکو خەڵکی شاری هەڵەبجە بەخێرهاتنی سەرجەم میوانان دەکەین بۆ شارەکەمان، وەکو هەمووان دەیبینن کە لەم ڤستیڤاڵەدا جۆرەها بەرهەمی خۆماڵی نمایش دەکرێت، پێویست بوو گرنگی بە بەرهەمی خۆماڵی بدەین چونکە تەندروستە و هەروەها بۆ بوژاندنەوەی ئابوری خۆمان سودی دەبێت لەبری بەرهەمی هاوردەی دەرەوەی وولات کە زیانی هەیە بۆمان".
ژنان هەستاونەتەوە و کاری خۆیان هەیە
هەروەها وەفا ڕەفیق باسی گرنگی بەرهەمی ناوخۆیی و پێشکەوتنی رۆڵی ژنانی لەو بوارەدا کرد و ووتی: "جێگای خۆشحاڵیە کە خەڵکی شاری هەڵەبجە جیاواز لە ڕابردوو ئیستا پەرە بە بەرهەمە خۆماڵییەکان دەدەن و لە ژیانی رۆژانەدا بەرهەمی خۆماڵی بەکاردەهێنین، هەروەها ژنانیش هەستاونەتەوە سەرپی خۆیان و کاری تایبەت بەخۆیان دەکەن، هیواداریشم لە گرنگی دان بە بەرهەمی ناوخۆیی زیاتر پێشدەکەوین".
ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی تشرینی دووەم ، کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی، فێستیڤاڵی هەنار و پایزی هەڵەبجە لە پارک و شاری یاریی هەڵەبجە دەستیپێکرد و بڕیارە سێ رۆژ بەردەوام بێت، بەپی زانیارییەکان تەنیا لە یەکەم رۆژی ڤستیڤاڵەکەدا ٧٠هەزار و ٢٠٠ کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کردووە، هەروەها رۆژی هەینی سەڕەڕای بارینی بارانێکی زۆر ١٢٠ هەزار گەشتیاری دیکە سەردانی ڤستیڤاڵەکەیان کرد، ئەمەش بەپی ئاماری ڕاگەیاندنی گەشتوگوزاری هەڵەبجە کە تائیستا لە دووەم رۆژی ڤستڤاڵەکەدا زیاتر لە ١٩٠هەزار گەشتیار سەردانی ڤستیڤاڵەکەیان کردووە.
جێگا باسە، ڕێکخەرانی فێستیڤاڵەکە بۆ ئەمساڵ پێشبینیان کردبوو کە گەشتیارێکی زیاتر سەردانی فێستیڤاڵەکە بکەن بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کە ساڵی پار ٢٠٠هەزار گەشتیار سەردانی ڤستیڤاڵەکەیان کردبوو.
جێگای ئاماژەیە، لە فێستیڤاڵی "هەنار و پایزی هەڵەبجە" جگە لە هەنار و بەرهەمەکانی، جۆرەها مێوەی وشکراوە، ڕۆنی کوردی، زەیتون، دۆشاو، سرکە سروشتی، مێوژ، بەهاراتی خۆماڵی و خواردنە کوردەوارییەکان و هەموو بەرهەمە خۆماڵییەکانی باشوری کوردستان لە فێستیڤاڵەکەدا هەبوون، هەروەها ژنی دەستڕەنگین رۆڵێکی زۆریان هەبوو لە ڕازندنەوە و دەولەمەندکردنی فێستیڤاڵەکە بە بەرهەمە دەستییە سروشتی و ڕەنگاو ڕەنگەکانیان.
هەناری باشوری کوردستان ساڵانە لە سەرەتای مانگی ئەیلول پێدەگات و تاوەکو ١٥ی مانگی ١٢ بەرهەمی دەمێنێت، هەروەها ناوچەکانی هەڵەبجە بە "شوناسی هەناری کوردستان" هەژمار دەکرێت، جیگای باسە لە ٢٠ هەزار دۆنم زەوی بە هەنار چێندراو لە باشوری کوردستان ٩هەزاریان لە شاری هەڵەبجەیە و بەرهەمی ساڵانەی دەگاتە ٣٠ هەزار تۆن.
هـ . ب