ئەبو زەغیف: ئەشکەنجەدەرێکی دڕندەکەی ڕژێمی بەعس دەستگیرکرا

پسپۆڕی ئەمنی عێراق فازڵ ئەبو زەغیف ڕایگەیاند کە تاوانبارێکی گەورەی سەردەمی ڕژێمی بەعس کە ساڵانی حەفتاکان تا ١٩٩٧ لە هەرێمی کوردستان بەرپرس بووە لە ئەشکەنجە و ستەمی سەر زیندانیانی کورد، دەستگیرکراوە.

ئەشکەنجەدەرێکی گەورە دەستگیرکرا

پسپۆڕی ئەمنی عێراق فازڵ ئەبو زەغیف لەسەر هەژمارەکەی لە میدیای دیجیتاڵ ڕایگەیاند تاوانبارێکی گەورەی ڕژێمی بەعس دەستگیرکراوە.

فازڵ ئەبو زەغیف ڕایگەیاند تاوانبارێکی ڕژێمی بەعسی بەناوی "خەیڕوڵا حەمادی عەبد جارو" دەستگیرکراوە کە لە سەرەتای ساڵی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووە تا ساڵی ١٩٩٧ لە هەرێمی کوردستان بووە، بەرپرس بووە لە شەهیدکردنی چەندین هاوڵاتیی کورد و ئەشکەنجەدانی دڕندانەی زیندانیانی کورد لە بەندینخانەکانی ڕژێمی بەعسدا.

هەروەها ڕایگەیاند ئەم تاوانبارە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە عێراق هەڵاتووە.

جێگەی باسە، لەکاتی دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسدا، خەیڕوڵا حەمادی عەبد جارو بەپرسی دەزگای ئەمنی سەرشەقام و دەربەندیخان و دوکان و زاخۆ و دهۆک بووە. لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووە تا ساڵی ١٩٩٧ لە هەرێمی کوردستان بووە، کاتێک دەگەڕێتەوە بەغدا، وەک ئەفسەری لێكۆڵەر لەسەر كەیسی تایبەت بە کورد لە ئاسایشی بەغداد کاری کردووە و دواتریش بووەتە بەڕێوەبەری ئەمنی بەلەد و رەسافە و کەرخ لە بەغداد.