"دەبێت منداڵان بە زمان، رۆشنبیری و کولتوری کوردی پەروەردە بکرێن"

محەمەد ئەسەن هاوسەرۆکی رێکخراوی مەد-دەر رایگەیاند، سیاسەتی دەوڵەت لە دژی زمان و کولتوری کورد لە کۆنەوە تاوەکو ئێستا بەردەوامیی هەیە، بۆیە داواى لە بنەماڵە کوردەکان  کرد منداڵەکانى خۆیان بە رۆشنبیری و کولتوری کوردی پەروەردە بکەن.

دەنیز ئیکە – ئامەد

رێکخراوی پەروەردە، زانست و کولتوری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) بۆ داکۆکی لە زمانە جیاجیاکانى جیهان و خستنەڕووی مەترسی لەسەر زمانەکان، رۆژی ٢١ی شوباتی کردووە بە رۆژی جیهانیى زمانى دایک.

هەروەها ئەو رۆژەش، ساڵیادی کوشتنی خوێندکارانى زانکۆی بەنگلادشە، کە بەهۆی تێکۆشانیان لە پێناو زمانی دایکدا لەلایەن پۆلیسەوە کوژران و بەو هۆیەوە یادی تێکۆشەرانى داکۆکی لە زمانى دایکیش دەکرێتەوە.

لە تورکیاش کۆمەڵگەى کورد پێشەنگایەتى بۆ رۆژی زمانی دایک دەکەن و هەموو ساڵێک زنجیرە چالاکییەک بەو بۆنەیەوە ئەنجام دەدەن.

لە کوردستان و تورکیا گوشار، رێگری، قەدەغەکاری خراوەتە سەر زمانی کورد و رەتکردنەوەى زمانی کوردی بەردەوامیی هەیە.

سەرباری هەموو رێگرییەکان، گوشار و زۆردارییەکان کۆمەڵگەى کورد بە شەیدایانى زمان، مامۆستا، خوێندکار و شاگرد، نوسەر و زمانزان و رۆژنامەنووسیەوە خاوەنداری لە زمانى خۆیان دەکەن و بۆ ئەوەى زمانی کوردی ببێت بە زمانى خوێندن و پەروەردە و پێگەى فەرمی وەربگرێت لە تێکۆشاندان.

بە بەرخودان مافی خۆیان بەدەستهێنا

محەمەد ئەسەن هاوسەرۆکى رێکخراوی مەد – دەر بە بۆنەی ٢١ی شوبات رۆژی زمانی دایک لە جیهاندا لەبارەى سیاسەتەکان لەسەر زمان بۆ ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) دوا.

ئەسەن سەرنجی خستە سەر مێژووی تێکۆشانی خوێندکارانى بەنگلادش و وتی "لە ساڵی ١٩٥١ – ٩١٥٢ لە پاکستان و لە چوارچێوەی نوێکاری لە زماندا کاریان بۆ رێکخستنی زمانی قسەکردن و خوێندن دەکرد. لەو کاتەدا لە دژی زمانی بەنگلادشی رێگری و لەمپەر دروستکران. لە ساڵی ١٩٥٢ هەندێک لە خوێندکارانى بەنگلادشیی زانکۆ لە دژی ریگرییەکان بەرامبەر بە زمانی بەنگلادشی وەستانەوە و رژانە سەر شەقامەکان و ئەو بڕیارەیان ئیدانە کرد.

لەو کاتەدا پۆلیس هێرشی کردە سەر خۆپیشاندەران و دەیان خۆپیشاندەری خوێندکاری زانکۆی کوشت. دواى ئەو تراژیدیا لە ساڵی ١٩٧١، ئەو رۆژە لەلایەن کۆمەڵگەی بەنگلادشەوە وەک رۆژی شەهیدانى زمانی دایک ناسێنرا و هەموو ساڵێک یادی ئەو رۆژ دەکەنەوە.

لە ئەنجامی تێکۆشان و بەرخودانی خوێندکارانى بەنگلادش چەندین مافی خۆیان بەدەستهێنا. بەو بۆنەیەوە لە ساڵی ١٩٩٩ رێکخراوى پەروەردە، زانست و کولتوری نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) بۆ سەرنج خستنە سەر مەترسیی سەر زمانەکان، رۆژی ٢١ی شوباتی کرد بە رۆژی جیهانیى زمانی دایک. لەو کاتەوە ژمارەیەکى زۆر لەو زمانانە، کە لە ژێر هەڕەشە و گوشاردان و ئەگەری لەناوچوونیان هەیە، لە ٢١ی شوباتدا چالاکییان بۆ ئەنجامدەدرێت و داکۆکییان لێدەکرێت".

'سیاسەتى تواندنەوە و سەرکوتکردن'

ئەسەن راشیگەیاند، لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری تورکیا سیاسەتى تواندنەوەی زمان و کولتوری کورد دەستیپێکرد و ئەوەشی راگەیاند "کاتێک کۆماری تورکیا دامەزرا و لە دواى چەند ساڵ ئەو دەوڵەتە بۆ لێکۆڵینەوەى هەرێمى ژمارەیەکى زۆر پسپۆڕی رەوانەى کوردستان کرد. ئەو پسپۆڕانە بۆ ئەوەى فێری کولتوری کوردی ببن و بزانن کورد چۆن بتوێنرێتەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد. ئەو کەسانە لەبارەى کولتور، زمان و ژیانى کوردانەوە راپۆرتیان ئامادە کرد و راپۆرتەکانیان بۆ بەرپرسانی دەوڵەت بەرز کردەوە.

لەو راپۆرتاندا باسی ئەوە کراوە، لە ناوچەکەدا سەد لەسەد زمان، کولتور، موزیک و هونەری کوردی هەیە و بە هیچ شێوەیەک بۆنی تورکیى لێنایەت. دەوڵەت ئەوەی بۆ خۆی بە مەترسی زانی و سیاسەتى ئەوەى، کە چۆن بیانخنکێنم و بیانتوێنمەوەی پەیڕەوکرد. لە رووی زمان، کولتور، پەروەردە، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە کەسانی سەربەخۆیان رەوانەى ناو کۆمەڵگەى کورد کرد و شەپۆلەکانى توانەوە و داگیرکەرییان دەستپێکرد. لەو شاڵاوانەدا بەشێوەى تایبەت سیاسەتی توانەوەیان لەسەر منداڵانى کورد بەڕێوەدەبرد. خوێندنگەکانى یوبوگ، کە خوێندکار شەو و رۆژ تیایاندا دەمایەوە دروستکران. منداڵانى کورد لەو خوێندنگایانەدا کۆ دەکرانەوە و لە کولتور و خۆیان و زمانەکەیان دووریان دەخستنەوە. لەو خوێندنگەیانەدا بە عەقڵییەتی سەربازی منداڵان پەروەردە دەکران. هەروەها ئەو خوێندنگایانە وەک رووخسار و نوێنەری دەوڵەت نیشان دەدران. بە داخەوە ئەو سیاسەتەى دەوڵەت لە رۆژگاری ئەمڕۆشدا نەگۆڕاوە و بەردەوامیى هەیە".

'زمان و کولتوری کوردیان بۆ خۆیان بە مەترسی دەزانی'

ئەسەن باسی ئەوەیکرد، کاتێک کورد خۆی بیەوێت کارێک بۆ زمانەکەى خۆی بکات رووبەڕووی دەستێوەردانى دەوڵەت دەبێتەوە و وتیشی "کاتێک لە دوورەوە سەیری تورکیا دەکرێت بە رواڵەت وادیارە لە هەندێک نەرمی لە سیاسەتەکەیدا دروستبووە.، بەڵام راستی وەک ئەوە نییە، کە لە دوورەوە دەبینرێت. دەوڵەت بەپێى بەرژەوەندیى خۆی هەندێک شت دەکات. وەک کردنەوەى کاناڵی تەلەفزیۆن و وتنەوەى وانەى تایبەت، بەڵام کاتێک کورد خۆی دەست بە هەوڵ بۆ زمانەکەى خۆی دەکات رووبەڕووی هێرش و دەستێوەردانى دەوڵەت دەبێتەەوە و رێگریی لێدەکرێت. یانی دەوڵەت دەڵێت، بەو ئەندازەیە کە من دەزانم تۆ بوونت هەیە و بەو ئەندازەیە کە من دەمەوێت تۆ دەبێت کار بکەیت و بەو ئەندازەیە کە من دەمەوێت تۆ کولتور و زمانت هەیە. دەوڵەت بەو شێوەیە لە کورد نزیک دەبێتەوە.

 بۆ نمونە لە ساڵی ٢٠١٥ – ٢٠١٦ دا گوایە لە تورکیا کودەتایەک روویدا، بەڵام لەو کاتەدا گەورەترین کودەتا لە دژی کورد ئەنجامدرا. کودەتا لە دژی رێکخراوە کوردییەکان، ژنان، گەنجان، زمان و کولتوری کوردان روویدا. دەوڵەت وەک ساڵانى ١٩٢٠ دیسانەوە زمان و کولتوری کوردانی بۆ خۆی بە مەترسی زانی و هەمو جۆرە هێرشێکى لە دژی کورد و کولتور و زمانی کورد و رێکخراوەکانى کورد ئەنجامدا. سیاسەتی دەوڵەت هەر وەک خۆی بەردەوامە و لە هەندێک رووشەوە زیاتر ئەو سیاسەتەى بەرەوپێش بردووە".

'دەبێت لە پێش هەموو شتێکەوە ئێمە خۆمان بناسین'

ئەسەن ئاماژەى بەوەکرد، دەبێت کۆمەڵگەى کورد لە رووی زمان و کولتوری کوردەوە خاوەنی دەرفەتی بەهێز نەبێت، بەڵام لە رووی عەقڵییەت و کۆمەڵایەتییەوە پێشکەوتوە و ئەوەشی وت "راستە کۆمەڵگەى کورد ئەو مەترسی و سیاسەتەى دەوڵەت لە دژی خۆی دەبینێت، بەڵام گەورەترین کەموکوڕی ئەوەیە، بە باشی هەوڵ نادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەى ئەو سیاسەتە. نەخۆشییەکەمان دیارە، بەڵام ئێمە رێگا و دەرمانی نەخۆشییەکەمان نادۆزینەوە. یان هێشتا ئەو رێگایەمان نەدۆزیوەتەوە، کە ئێمە چۆن و بە چ شێوەیەک خۆمان چارەسەر بکەین. دەبێت لە پێش هەموو شتێکەوە ئێمە خۆمان بناسین. باوک و باپیرانمان کوردن. زمانەکەشمان ٥٠ ساڵ لەوە پێش دروستنەکراوە! ئێمە خاوەنی زمان و کولتوری هەزاران ساڵەین. ئێمە خاوەنی کۆمەڵگە و مێژینەیەکى هەزاران ساڵەین. مێژوومان رەگ و ریشەى هەیە. کاتێک ئێمە بگەڕێینەوە سەر کولتوری خۆمان، زمان و مێژوومان زۆر بەهێز دەبێت، چونکە لە بنەڕەتدا خۆی بەهێزە. چارەسەری و دۆزینەوەى رێگا لە رابردوو و مێژووماندایە. دەبێت سەیری مێژووی خۆمان بکەین. لەبەر ئەوەش دەبێت ئێمە کولتور، هۆشمەندی، بیردۆزی و تواناکانی خۆمان هاوسەنگ بکەین و بە هاوسەنگی بزانین. هێڵێکى بەهێز و هێڵێکى لاواز نابێت. دەبێت هەموو هێڵەکان لە هاوسەنگیدا بن".

'دەبێت منداڵان بە زمان و کولتوری کوردی پەروەردە بکرێن'

ئەسەن داواى لە بنەماڵە کوردەکان کرد، منداڵەکانى خۆیان هان بدەن بۆ فێربوونی کولتوری کوردەواری و لەوبارەیەوە وتی "کولتوری کوردی چییە؟ موزیکی کوردی، یاریى کوردی، سینەمای کوردی، کتێبى کوردی، جلوبەرگی کوردی، شێوازی ژیانى کوردی، خواردن و خواردنەوەى کوردییە. دەبێت لە پێش هەموو شتێکەوە هەموو بنەماڵەکان منداڵەکانی خۆیان بۆ ئەو کولتورە هان بدەن. کاتێک منداڵانى کورد بەو کولتورەوە پەروەردە بکرێن، ئەوا ئەوان رەسەنایەتى و رەگ و بنەڕەتى خۆیان لە بیر ناکەن. زمانی کوردی تەنها بە کۆرس و فێرکردن نابێت، دەبێت بە دڵنیاییەوە ببێت بە زمانی پەروەردە. پەروەردە خۆبوون و هەبوونی مرۆڤە. ئەگەر کۆمەڵگەى کورد پێداگری لەسەر زمانی خۆی نەکات و هەڵوێستی بەهێز نەبێت بۆ پەروەردە بە زمانی دایک، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە زمانی کوردی تیا بچێت، یان لاواز ببێت. لەبەر ئەو هۆیانە تاوەکو دێت زمانی کوردی بەرەو لاوازی دەڕوات".

ژ.ت