ڕائول زیبێچی: عەبدوڵا ئۆجالان چارەکە سەدەیەکە لە زیندانە

کاتێک دەپرسین بۆچی دەوڵەتێکی وەک تورکیا گۆشەگیرییەکی وەها ناڕەوا پێک دەهێنێت، پێویست دەکات وەک ئەمریکییە لاتینییەکان بۆ دۆزینەوەی وەڵام بڕوانینە مێژووی خۆمان.

١٥ی شوباتی ٢٥ هەمین ساڵیادی ڕفاندنی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) عەبدوڵا ئۆجالانە لە کینیا، پاشان برایە تورکیا و لە ئیمراڵی لە دوورگەیەکی بچوک لە دەریای مەڕمەڕە زیندانی کرا. لە ٤ ی نیسان تەمەنی دەبێتە ٧٤ ساڵ.

ئۆجالان تاکە زیندانی بوو لە ژێر دەستی سەربازانی تورک بۆ ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵ لە زیندانی ئاسایشی بڵندی ئیمرالی زیندانی کرابوو. وەک ئۆجالان لە ژیاننامەی خۆیدا "ئازادی سەردەکەوێت" کە لە ساڵی ٢٠٢١دا بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاندووە: "بەم شێوەیە دوورگەی ئیمراڵی بووە پێشەنگی ناوەندی دەستبەسەرکردنی بەدناوی گوانتانامۆ".

لە دە ساڵی یەکەمی ئەم سەدەیەدا، ئۆجالان دەق و کتێبی لەسەر زانستی مێژوو و فەلسەفە و جڤاک نووسی کە شۆڕشێکی لە سیاسەتی کوردیدا ئافراند و "کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی"ـی ناساند کە سیستەمێکی سیاسیی دەرە دەوڵەتە.

لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠١١ەوە ڕێگەی پێ نەدەدرا لەگەڵ پارێزەرەکانی کۆببێتەوە. دوای مانگرتن لە خواردن بۆ کۆتاییهێنان بە گۆشەگیریی، تا مانگی ئایاری  ٢٠١٩ دیسانەوە ڕێگەی پێنەدرا لەگەڵ پارێزەرەکانی کۆببێتەوە.

لە نێوان مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ تا نیسانی ٢٠١٥ لە نێوان ئۆجالان و پەکەکە و دەوڵەتی تورک کۆبوونەوە دەستی پێ کرد بۆ چارەسەری پرسی کورد و چارەسەری ئەو شەڕەی کە ماوەیەکی زۆر بەردەوام بوو. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٥دا کۆبوونەوەکان وەستان، دەوڵەتی تورک شەپۆلێکی نوێی توندوتیژی دژی گەلی کورد دەستپێکرد و جارێکی دیکە بە تەواوەتی پەیوەندی ئۆجالانی لەگەڵ جیهان بچڕاند.

تەڤگەری کورد کە سەرکردەکەی گۆشەگیر کراوە، بە پێشەنگایەتی پەرلەمانتاری هەدەپە لەیلا گوڤەن کە لە 8ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨، پاش لابردنی پارێزبەندی پەرلەمانتاری و پێشێلکردنی بڕیاری دادگا، دەستگیرکرا، مانگرتن لە خوارنی دەست پێ کرد. گوڤەن بە داوای کۆتاییهێنان بە زیندانیکردنی ئۆجالان، دەستی بە مانگرتن لە خواردنێکی ماوە نادیار کرد. نزیکەی ٢٥٠ زیندانی سیاسی هاوشانی گوڤەن دەستیان بە چالاکی کرد. جگە لە زیندانیانی سیاسی لە تورکیا، سیاسەتمەداران، ئەکادیمیستەکان و چالاکوانانی ئەوروپا، ئینگلتەرا، ئەمریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوین و لە سەرانسەری جیهان، نزیکەی هەشت هەزار کەس بە شێوازی جیاواز بەشداربوون لە مانگرتن لە خواردن.

کاتێک مرۆڤ لە ئاستی جەماوەری مانگرتن لە خواردن دەڕوانێت، لە دوای ئەیلولی ٢٠١٦، بۆ یەکەمجار بڕیاردرا لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ ڕێگە بدرێت چاوپێکەوتنێکی کورت لەگەڵ محەمەد ئۆجالانی برای ئەنجام بدات و لە مانگی ئایاری هەمان ساڵدا، ڕێگە درا پارێزەران سەردانی بکەن. ئۆجالان لە ٢٢ی ئایاری ٢٠١٩ داوای کۆتایی هێنان بە مانگرتن لە خواردن لە دژی گۆشەگیری کرد و ئەم لێدوانەش بۆ ڕای گشتی بڵاوکرایەوە.

کاتێک دەپرسین بۆچی دەوڵەتێکی وەک تورکیا گۆشەگیرییەکی وەها ناڕەوا پێک دەهێنێت، پێویست دەکات وەک ئەمریکییە لاتینییەکان بۆ دۆزینەوەی وەڵام بڕوانینە مێژووی خۆمان.

مێژوو بیرمان دەخاتەوە کە پێشەنگانی شۆڕشی مەزنی لە دژی ستەم، توپاک ئامارو و توپاک کاتاری، لەلایەن ئیسپانییەکانەوە جەستەیان پارچە پارچە کرا. ئامانج تەنیا سزادانی شۆڕشگێڕانی ساڵی ١٧٨٠ نەبوو، بەڵکو سزادانی هەموو گەلانی ئاندیش بوو.

لە ١٤ی تشرینی دووەمی ١٨٧١، توپاک کاتاری بە ئامادەبوونی زۆرێک لە خەڵکی ڕەسەن لە شارەکەی خۆی لە پێناس بە چوار ئەسپەوە بەسترا و جەستەی پارچە پارچە کرا. وەک سزایەک سەری لە گۆڕەپانی سەرەکی لاباز دانرا، دەستی ڕاستی ڕەوانەی ئایۆ ئایۆ و سیکا سیکا کرا، دەستی چەپی ڕەوانەی ئاچاچاچی کرا، قاچی ڕاستی ڕەوانەی چولومانی کرا و قاچی چەپی ڕەوانەی کاکیاڤیری کرا. تەرمی توپاک کاتاری سووتێنرا و کرا بە خۆڵەمێش، تاوەکو "هیچ شوێنەوارێکی نەمێنێت و خەڵکی ڕەسەنی ناوچەکە چیتر لە ستەمکاران سەرهەڵدان نەکەن"، درا بەدەم باوە.

بڕوام وایە گرتن و گۆشەگیرکردنی ئۆجالان بۆ هەمان ئامانجە. بۆ چاوترساندنی گەلی کورد و ڕێگریکردنە لە پەیماننامەیەکی ئاشتی. وەک لە ژیاننامە کورتەکەیدا هاتووە، "بەردەوامی دەستبەسەرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان بەو مانایەیە دێت، کە ڕۆژهەڵاتی ناوین لە سەردەمی تاریکیدا دەخنکێنرێت و ئازادکردنی بۆتە سیمبولی ئازادی".

بێبەزەیی ستەمکاران زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ ترسیان لەو کەسانەی کە شکۆمەندانە بەرامبەریان بەرخۆدان دەکەن. لەو مرۆڤانەیە کە نوێنەرایەتیان دەکەن و لە ئیرادەی تێکۆشانی ئازادیی دەستەجەمعیان دەترسن. بەڵام لە هەمووی گرنگتر متمانەیان بەو ژنانە نییە کە لە چینی خوارەوە هاتوون، چونکە ئەوان هەڵگری سەرەکی یادەوەری و هیوای کۆمەڵن. ئەم خاڵە لە نووسینەکانی ئۆجالاندا بە شێوەیەکی بەرفراوان باسکراوە، ژنان لە هەموو بەشەکانی جیهان لە دژی پیاوسالاری ڕاپەڕیون و نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت کە سەرچاوەی ئەم ناڕەزایەتییە بەهێزانە دەگەڕێتەوە بۆ شۆکی پرۆسەی ئازادبوون.

ئۆجالان لەدوای گۆشەگیری زیندانی ئیمراڵییەوە، خۆی لە فیکرە وشک و دۆگماییەکان (واتە مارکسیزم-لینینیزم) ڕزگار کرد کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا کردبووی بە بناغە، بەم شێوەیە بووە بە یەکێک لە فیگەرە ڕۆشنبیر و سیاسییە مەزنەکانی جیهان. ئۆجالان لەڕێگەی دەیان کتێبەوە ڕەخنەیەکی قوڵی لە فیکرە وشەکەکان گرت و فیکری نوێی دەرخست، کە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک لەخۆدەگرێت. ڕەخنەی ئەو لە سیستەمی پیاوسالاری دەتوانین بڵێین ئەو فیکرە فێمینیستییەی کە لەلایەن ژنانی کوردی نێو تەڤگەرەکەوە پێشخراوە، خۆی لە ژنۆلۆژیادا دەبینێتەوە.

وەک لە ژیاننامەی ئۆجالاندا دەردەکەوێت، زیندانیکردنی و تێکۆشانی پێداگری گەلی کورد یارمەتیدەر بوو بۆ بڵاوکردنەوەی فەلسەفەی تەڤگەرێک کە پێش ٢٥ ساڵ زۆر بەکەمی دەناسرا، ئێستەش هاوشانی زاپاتیزم لەمڕۆدا بۆتە هیوای مەزنی گەلانی بندەستی جیهان. ئەمە هیوایەکی جیاوازە، جیاواز لە تێکۆشانی بندەستان و شۆڕشگێڕان بە شێوەیەکی ڕێک دژی سەرمایەداری دەجەنگن. وەک لە ژیاننامە کورتەکەیدا بە ناونیشانی "ئازادی سەردەکەوێت"دا دەستنیشان کراوە: "زیندانیبوون بەدەستی هێزە داگیرکەرەکان وەک سەرچاوەی توڕەیی نەبینرا، بەڵکو ئەمە بەکارهێنرا بۆ پیشاندانی ئەوەی، تاکە ڕێگەی دەرچوون لەم ڕەوشە، پشتیوانی و ئازادی ژن و گەلانە، ئازادی هەریەکەیان هاوکات ئازادی ژنە".

سەرچاوە: Desinformemonos

* ڕائول زیبێچی لە ساڵی ١٩٥٢ لە ئۆرۆگوای لەدایکبووە. وەک ڕۆژنامەوان و شرۆڤەکار و نوسەر، بەرپرسە لە بەشی نێونەتەوەیی ڕۆژنامەی هەفتانەی برێخا. چەندین کتێبی نووسیوە دەربارەی تەڤەرە جڤاکییەکان.