دامەزراندنی پەکەکە، لەدایکبوونی شوناسی دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوینە

پەکەکە کۆکراوەی ئەو یۆتۆپیایانەی ئازادییە لە مێژوودا کە سەرمایەداری هەوڵی لە ناوبردنی داون. پەکەکە یۆتۆپیایەکە کە لە ماوەی ٥٠ ساڵ بەربەرەکانی لەگەڵ سەرمایەداری، تاقە هەنگاوێکی بەرەودواوە نەهاویشتووە.

لە بەرهەمەکانی ئایدیۆلۆژیای جیهانگیری سەرمایەداری، نائومێدی و بێ هیواییە. مرۆڤێک کە بۆتە سەرچاوەی هەموو ئەو پێشکەوتنەی ئێستا هەیە و ڕابردوویەکی زیاتر لە دوو میلیۆن ساڵی لەسەر زەوی ژیاوە، تەنانەت داهێنەری سیستەمی دەسەڵاتی دەوڵەتی پیاوسالارییە و بۆخۆی لە ناویدا دەژی. بەرەوڕووکردنەوەی وەها مرۆڤێک بە گەیشتن بە پوچی و بێبایەخی، ستەمێکی ئەوەندە گەورەیە دەکرێ بچێتە خانەی ژینۆسایدەوە. بێ هیواکردنی مرۆڤەکان لە گۆڕانکاری و ناچارکردنیان بە قبووڵکردنی تاسەرئێسقانی زوڵم و زۆری وەک بەشێک لە چارەنووسیان، ژێردەستکردنی گەلان، لە ئەنجامی بەکاڵاکردنی ژنان بەکاڵاکردنی هەموو مرۆڤایەتی، بەکاڵا کردنی ئازادی، زەوتکردنی ئیرادەی بیرکردنەوە و نەهێشتنی مەودای جوڵە و ڕێگە نەدان بە کەڵک وەرگرتن لە هزری ئازادی لە ڕووی کردارییەوە، ڕێک ئەو ئەنجامانەیە کە سیستەمی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست و چینایەتی دەسەڵاتدار لە جیهانی ئەمڕۆدا دڵی پێخۆش کردووە و هەموو پلانسازییەکانی بە پێی ئەوە ئەنجامداوە.

لە بەرەبەری داڕمانی دەوڵەتی سۆسیالیزمی بونیادنراوی شۆڕەوی”رئال سۆسیالیزم” و بە گوتەیەک لە کاتی تاک جەمسەربوونی دونیادا، داری مرادی دەوڵەت هاتە بەر و لە هەموو دونیا بێ هیوایی لە تێکۆشان بەرامبەر سیستەم باڵی بەسەر شۆڕشگێڕ و خەباتکاراندا کێشا و هەندێکیان تەسلیمییەت بۆ تێپەڕاندنی قۆناغ و هەندێ دیکەش بە شێوازی خۆکوژی، چەنگە پڕژەکردنیان لە گەڵ سیستەمی سەرمایەداری وەک ڕێگەچارەی کۆتایی هەڵبژارد. لە کەش و هەوایەکی وەهادا زۆربەی مرۆڤەکان تووشی خۆدۆڕاندن دەبن و ئەوە وەک چارەنووس و قەدەر قبووڵ دەکەن. هەندێ لێگەڕی حەقیقەتیش پرسی سەرەکییان دەبێتە کێ بووم، ئێستا چیم و چیم بەسەردێت؟ لەڕاستیدا ئەوە دەبێتە پرسێکی گەردوونی و لە کات و ساتێکدا هەموو ئایدیۆلۆژییەکان ڕەنگ و ڕوویان دەگۆڕدرێ. لەکاتێکدا مۆدێرنیتەی سەرمایەداری لە خەیاڵی دۆڕاوەکاندا خەریکی شایی و زەماوەندی سەرکەوتن بوو، دەنگ هەڵبڕینێک بە”نا” ، سەرهەڵدانێک بە ئاڵای سۆسیالیزم هەموو دەسەڵاتدارانی تووشی سەرسووڕمان کرد. زۆر کەس گوتی ئەو دەنگەی لەبەنداوی ئەنکەڕە بیسترا، هەر لە ژێرسێبەرە مەرگهێنەرەکەی ئەوشارەدا گیان دەسپێرێ. تۆڕێکی وەهایان لە شەڕی تایبەت و ترس و تۆقاندن ڕاخستبوو کە هیچ کەس، دامەزراوە، ڕێکخراو و حیزب نەمابوو کە لاقی لە سیلەیەکی ئەو تۆڕە گیرنەبووبێت. لە ڕاستیدا توانای فڕینیان لە هەموو هزر و بیرێکی ئازادیخواز بڕیبوو. یا دەبوایە دەستەمۆبوونی خۆت بە یەکێک لە ئۆرگانەکانی ئەو سیستەمە بەفەرمی ڕابگەیەنی یا لە ناو تاریکخانەی مێژوویی دەوڵەتدا تاهەتایە بەدیلی دەهێشترایتەوە تا لەبیربکرێی.

ئەو دێڕانەی سەرەوە لە وەسف کردنێکی ئەدەبی لە سەردەمی تاریکی جیهانگیربوونی سەرمایەداری دەچێ، بەڵام ئەوە یەک لەو هەزاران دێڕە ڕاستەقینە ڕووت وقووتەیە کە بەڕاشکاوی باسی کەشو هەوای سەرهەڵدان و هاتنە دەنگی ئاپۆچیەکان دەکات. لەوکاتەدا کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنکەڕە ناوەندەکانی دیکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مەترسی دروستبوونی گروپی ئاپۆچییەکان ئاگادار دەکردەوە، کەمتر کەسێک تەنانەت لە ناو ئاپۆچیەکانیش ئەو ڕۆژانەیان دەدیت کە پرسی کورد و هەموو ئەو کۆمەڵگایانەی بەرەوڕووی پاکتاوکردنی ڕەگەزی و کولتووری دەبوونەوە؛ لە داهاتوودا بەهۆی دەستبردنی پەکەکە بۆ چارەسەری ئەو کێشانە، ئەو پرسانە دەبن بە دۆسیەی سەرەکی لە ناتۆ و سەرجەم دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی چالاک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەوکاتەدا کە هەموو هێزە شۆڕشگێڕەکان کەوتبوونە گێژاوی شەڕی کورتخایەن و بریکاری دەوڵەتان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاپۆچیەکان بەڕێبەرایەتی ڕێبەر ئاپۆ و گیانبازی و خۆبەخشینی دەیان کادیری پێشەنگی وەک هەڤاڵان حەقی قەرار، مەزڵووم دۆغان، کەمال پیر، عەلی چیچەک، سارا، محەمەد خەیری دوورمووش و …هتد، ڕێکخستنێکیان بونیادنا کە لەدەرەوەی بازنەی شەڕی دەوڵەتان بەرخۆدانێکی مەزنیان بە مەبەستی شۆڕشێکی بنەڕەتی هزری لە کۆمەڵگە دەستپێکرد.

لەڕاستیدا پەکەکە کۆکراوەی ئەو یۆتۆپیایانەی ئازادییە لە مێژوودا کە سەرمایەداری هەوڵی لە ناوبردنی داون. پەکەکە یۆتۆپیایەکە کە لە ماوەی ٥٠ ساڵ بەربەرەکانی لەگەڵ سەرمایەداری، تاقە هەنگاوێکی بەرەودواوە نەهاویشتووە. پەکەکە تەنیا حیزب و ڕێکخراوێکی نەتەوەیی کوردی نییە و دامەزران و بەردەوامی پەکەکە لە خەبات کاریگەری جۆراوجۆری لە ڕەهەندی جیاوازدا هەبووە.

کاریگەری دامەزرانی پارتی كرێكارانی کوردستان(پەكەكە) لەسەر ناسنامە و شووناسی نەتەوەیی کـــــورد

هەموو لێکۆڵینەوە کۆمەڵناسی و هەڵكۆڵینە مێژووییەکان لە سەدەی ڕابردوودا سەلمێنەری ئەوەن کە وەچەی دووەمی مرۆڤ لە زاگرۆس پێی گرتۆتەوە و لێرەوە بەرەو جیهان بڵاوبۆتەوە، زمان، داهێنانی تەکنیکی، ماڵی کردن و بەخێوكردنی حەیوانەکان، نیشتەجێ بوون لە گوند، شارستانییەتی دەوڵەتی، دا‌هێنانە ئابوورییەکان وەک دروستکردنی پارە، داهێنانە فەلسەفیەکان، داهێنانی دین و داهێنانی خەت و نووسین، ئاواز و گۆرانی و مۆسیقا، هەموویان لەسەر خاکی زاگرۆس کە نیشتمانی کوردە لەدایک بوونە، پێیان گرتووە، گەشەیان کردووە و بە دنیادا بڵاو بوونەتەوە.

ئەو پڕپیت و بەرەکەتییەی کوردستان وایکردووە بەردەوام ببێتە جێ تەماحی حەسوودان و وەک بەهەشتێک هەوڵیان داوە تێیدا نیشتەجێ بن. کورد و بنەچەی کورد قەت لە وەرگرتنی نەتەوە و ئەتنیکی نوێ نەسڵەمیونەتەوە و بەردەوام باوەشیان بەڕووی ئەوانەدا کراوە بووە کە خوازیاری ژیانێکی هاوبەشی تەبا و ڕەبایی بوونە و ئەوەش وای کردووە کوردستان بەردەوام بە فرەڕەنگی و جیاوازییەکانی لە جیهاندا بگەشێتەوە. بەداخەوە بەشێک لەوانەی هاتنە کوردستان چاوی تەماحیان تەنگی بە کورد هەڵچنیوە و شەڕی پێفرۆشتووە و کوردیش بە ناچاری دەستی داوەتە بەرخۆدانێکی دەمدرێژی مێژوویی بۆ ئەوەی پارێزگاری لە هەبوونی خۆی و زاگرۆس بکات.

ئەوانەی هاتن بۆ تاڵانی کوردستان خۆ هەربە تاڵانی مادی و ئابوورییەکەی نەوەستان و زۆرجار هەوڵی سڕینەوەی شوناسی ئەتنیکی و نەتەوەیی کوردیان داوە، بەڵام کولتوری زاگرۆسیانەی خولقێنەری کورد وێڕای هەموو ئەو پەلامارانە قۆناغ بە قۆناغ بەرپەرچی پێویستی ئەو هێرشانەی داوەتەوە. هەوڵیداوە بە پاراستنی کولتووری ژیانی ئازاد و بە پاراستنی چاندی دایکە-خوداوەندەکان نەکەوێتە بازنەی دەسەڵاتخوازی و دەوڵەتداری و هەمیشە کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی – سیاسی بە بنەما گرتووە. هەرچەند ڕۆڵی چینی دەسەڵاتدار و خائینی کورد لەو پەلامار و هێرشانەدا ناکرێ لە بیربکرێ، بەڵام سەرەڕای ئەوەش گرێدراو بوون بە چاندی تۆکمەی چاخی بەردینی نوێ  وای کردووە ڕێچکەی بەرخۆدان قەت نەپسێتەوە و تا ئەمڕۆکەش لە کوردستان بەرەی خزمەت لە بەرخۆدانێکی بێ هاوتادایە لەبەرامبەر بەرەی داگیرکاری و خیانەت.

لە زۆر قۆناغی هەستیاری وەک ڕۆژی ئەوڕۆمان کە ئیتر هیوایەک بۆ ئازادی نەماوە، ئەوە کورد بۆتە پێشەنگی کاروانی ئازادی و وەک لە نمونەی لەناوبردنی دەوڵەتی ئاشووردا دەبینین کە چۆن بە پێکهێنانی یەکێتی گەلان ئاسەواری ئەو زوڵم و زۆرییە ناهێڵن. کوردستان کە لە سالێ ١٦٣٩ زایینی لە پەیمانی قەسری شیرین(پەیمانی زەهاو) دووپارچە کرابوو(لەئەنجامی ئەو پەیمانەدا ڕؤژهەڵاتی کوردستان کەوتە بن دەسەڵاتی سەفەوی و لە کوردستانی گەورە دابڕێندرا) لە بەرەبەری تێکڕمانی دەسەڵاتی عوسمانی لە پەیمانی سایکس پیکۆ (١٩١٦ز)، پەیمانی سیڤەر(١٩٢٠ز) و پەیمانی لۆزان(١٩٢٣ز)دا کرا بە چوار بەش و هەربەشەی خرایە بن دەسەڵاتی دەوڵەت – نەتەوەیەکی داگیرکەر و شۆڤێنیست. لە هەربەشەی کوردستان، داگیرکەران بە ڕێبازی جیاواز هەوڵی لەناوبردنی شووناسی گەلی کوردیان داوە، لەبەرامبەر ئەو هێرشانەش بەرخۆدان و قارەمانێتی مەزن تۆمارکراون کە بێگومان هەریەکەیان حەماسەیەکی مێژوویین. هەندێ هۆکار بۆ نمونە؛ نەناسینی ڕاستینەی کێشەی کورد و نەبوونی خەسارناسی سەرکەوتن و شکانەکانی ڕابردوو، نەخوێندنەوەی ڕاست و لەکاتی خۆی هەل و دەرفەتەکان، نوێ نەبوونەوەی ئاستی زانستی کورد لە مێژووی هاوچەرخدا، لاواز بوونی بیرماگی مێژوویی کورد، ناتەبایی ناوماڵی کورد و هاوکات یەکڕیزی دوژمنان لەسەر مژاری کورد وایکردووە کە نەتوانرێ بە ئەنجامی پێویست و درێژخایەن بگەین.

زۆرینەی ئەو سەرهەڵدانانەی کورد لە دیرۆکی هاوچەرخدا کردوویەتی بەدەر لە سەرهەڵدان و شۆڕشی ئاپۆیی، ئەنجامی ڕێکخستن و پلان و بەرنامە نەبووە و بەڵکوو قۆستنەوەی هەل و بۆشایی سیاسی و حوکمڕانی لە ناوچەکە بووە. ڕێبەر ئاپۆ بە خەسارناسی پرسی کەسایەتی و نەتەوەیی و ئەو گرێکوێرانەی داگیرکەران تووشی دۆزی ڕەوای گەلی کوردیان کردووە توانی جیاواز لە حیزب و دامەزراوە کوردیەکانی مێژووی هاوچەرخ؛ خۆی لە تەڵەی نەتەوەپەرستی و ناسیۆنالیزمی سەرەتایی و مانەوە لە شەڕی چینێکی دیاری کراو دەرباز بکات و نەکەوێتە ئەو گێژاوەی لە سەدساڵی ڕابردوودا لە بەرامبەر کورد بۆتە لەمپەر بۆ گەیشتن بە مافەکانی. بۆ جێگرەوە و ئاڵتەرناتیڤ چەمکی نەتەوەی دێموکراتیکی بۆ کلیلی چارەسەری شووناسی نەتەوەیی و ڕێبازێک بۆ گەیشتن بە چارەسەرییەکی دەمدرێژ و ئینسانیتری داهێنا.

ئەو کوردەی کە ڕەگەزپەرستی کەمالیزم و پان تورکیزم لە تورکیا، پان ئێرانی پەهلەوی ڕەزای میرپێنج لە ئێران، شۆڤێنیزمی عەرەبی بەعسی سەدام لە سوریە و ئێراق لە خەیاڵیان بە پرۆژەی ئەوروپایی دەوڵەت – نەتەوە لە گۆڕیان خستبوو و لەسەر گۆڕیان نووسیبوو کوردستان لێرە نێژراوە و لە واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دوایین هەناسەکانی خۆی دەژیا، بە سەرهەڵدانی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە، خەوی نازدار لە چاوی داگیرکەران و زلهێزان لە ناوچەكە و جیهان زڕا.

تاماوەیەک هەرکەس پێیوابوو ئەو حیزبەش وەک سەرجەم ئەوانەی دیکە کۆتایی پێدێ و لەناوبەرداشی دەوڵەت نەتەوە دەهاڕێ و تەواو دەبێ، بەڵام وەک ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی پێکردبوو و هاتۆتە دی، کورد لە ئەنجامی خوێن و ڕەنجی هەزاران شۆڕشگێڕی فیدایی و لە ڕووناکایی ڕامانی ڕێبەر ئاپۆدا لە سیاسەتی ناوچەكە و جیهاندا گەیشتۆتە ئاستێک کە بەبێ کورد سیاسەت ناکرێ. وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێ سیاسەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەمەودوا یا لە گەڵ کورد دەکرێ یا دژ بەکورد.

ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە وەک دوانەیەکی لێکدانەبڕاو، بەوجۆرە کەرامەتیان بۆ کەسایەتی کورد لە ناوچەكە و جیهان گێڕایەوە. پەکەکە بۆ کەسایەتی کورد پردێکە لە نێوان مێژوو و ئێستا و داهاتوو. پڕکردنەوەی هەموو ئەو بۆشایانەیە لە سیاسەت و بەرخۆدانی هەزاران ساڵەی کورددا. پەکەکە بونیادنەری کولتورێکی ڕاستەقینە و گەلیانەی شۆڕشگێڕییە لە کەسایەتی کورد دا. پەکەکە هیوایەکی لەبن نەهاتووە بۆ جیل و نەوەی نوێی کورد و بنگەیەکی تۆکمەیە بۆ زانست و ڕووناکبیری کورد؛ ئاسۆی ڕوانین و بیرکردنەوەی کەسایەتی کورد لە چوارگۆشەی ماڵەکانەوە دەرخست و بە بەزاندنی هەموو سنوورە دەستکردەکانی مادی و هزری؛ چاوی کوردی بە دنیای ڕاستەقینە گەش کردەوە. کۆمەڵگەی کوردی دوای هەزاران ساڵ لە گەڵ سیاسەت و ڕێوەبەری ئاشت کردەوە. پەکەکە بە ئەخلاقی کردنی بەرژەوەندییە تاکە کەسییەکان وزەی هەمووانی خستە خزمەت کۆمەڵگە.

یەکێک لەو گرێکوێرانەی لە ناسنامە و پرسی کەسایەتی کورددا هەبوو، پرسی ڕێبەرایەتی بوو. پەکەکە بە بەدیهێنانی شۆڕشی هزری لە کەسایەتی مرۆڤی کورد دا، هەموو ئەو خەلافەتە ڕەنگاوڕەنگانەی تێکدا کە بەردەوام چین و تاقم و کەسانێکی دەکردە بارگرانی لەسەر سیاسەت و کۆمەڵگە. هەروەها هزری ڕێبەرایەتی ئاپۆیی پرسی پێشەنگی لانی کەم لە مێژووی هاوچەرخدا چارەسەرکرد. ئەو سەرهەڵدان و بەرخۆدانانەی تەمەنیان لە چەند ڕۆژ و مانگ و ساڵێک تێنەدەپەڕی، زۆرینەیان لە نەبوونی ڕێبەرایەتی ستراتیژیک سەرچاوەی دەگرت. ڕێبەرانێک کە توانای گونجاندنی کێشەی کورد لە هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەكە و جیهانیان نەبوو و دڵسۆزانە و قارەمانانە هەتا دوایی بەرخۆدانیان دەکرد و گیانیان بەختی ئازادی دەکرد، بەڵام لە کۆتاییدا بەتەنیا دەمانەوە. بۆ یەکەمجار بەو بەرچاوڕوونییە، ڕێبەر ئاپۆ دۆزی کوردی کردە خاوەن ستراتیژی و پلان و بەرنامە. هەر ئەوەش بوو بە هۆکاری ئەوەی کە لەدوای پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ١٥ی شووباتی ١٩٩٩(ڕۆژی ڕەش) ڕەوتی شۆڕش و بەرخۆدان کەوتە قۆناغێکی نوێوە و بەدوور لە چاوەڕوانییەکانی دۆست و دوژمن، پەکەکە نەتەنیا چۆکی دانەدا؛ بەڵکوو بەوهێزەی لە بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمڕاڵییەوە دەیگرت، بە توانایەکی تۆکمە و بە هیوایەکی بەرزترەوە ڕێڕەوی خەباتی بەرنەدا و بە سەرلەنوێ داڕشتنەوی خۆی تا ڕۆژی ئەوڕۆمان وەک تاقانە هێزی چارەسەری کێشەی کورد و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە خەبات و تێکۆشاندایە.

کاریگەری دامەزراندنی پەکەکە لەسەر شووناس و پێگەی ژن

شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەهێزترین و زیندووترین بەڵگەی سەلمێنەری ئاستی کاریگەری دروستبوونی پارتی كرێكارانی کوردستان، پەکەکەیە لەسەر شووناس و پرسی ژنان. ئەوەی وەک پرسی ژن لە ناو پەکەکەدا بوونی هەیە، تەنیا گرێدراوی ژنی کورد و سنووردار بە قۆناغێک نییە. لەناو پەکەکەدا، ژن نەک وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی دڵخوازی پیاوان، بەڵکوو وەکوو بکەری هەرە کاریگەر، پێشەنگ و ڕێبەری ئازادی کۆمەڵگە دێتە ئەژمار. لەناو پەکەکەدا ئەوە پیاوان نین کە بڕیار لەسەر چارەنووس و پرسەکانی ژنان دەدەن، بەڵکوو پیاوان بەدوور لە هیچ زەخت و گوشارێک گەر بتوانن تەنیا یارمەتیدەر و هاوخەباتی ژنانن لە گەیشتن بە ئازادی. دروشمەکانی؛ ئازادی ژن، ئازادی کۆمەڵگەیە؛ ژنی ئازاد ناسنامەی کۆمەڵگەی ئازادە؛ ژن، ژیان، ئازادی و …هتد، هەموویان لە ئاستی تەنیا دروشم بوون تێپەڕیون و بوونەتە مانیفێستۆی شۆڕشی نوێی ژنان و مزگێنیدەری کۆتاییهێنانی دەسەڵاتی پیاوسالاری و پیرسالاریە لەسەر کۆمەڵگە و بە تایبەت لەسەر ژنان و گەنجان.

لە کاتێکدا ڕەوتە فێمێنیستیەکان لە سەراسەری جیهاندا لەبەرامبەر شەڕی بێ ئەمانی دەوڵەت و دەسەڵاتی ژەهراوی بە زیهنییەتی پیاوسالاری و پیرسالاری لەڕەوشی ئاوێکی مەنگ و وەک ئەوەی ڕێبەرئاپۆ پێناسەیان دەکات وەک کەوباڕێکی دەستەمۆ دابوون، فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی بوو بە ڕێچکەشکێن و پێشەنگی شۆڕشی ژنان. پەکەکە ئاستی تێکۆشان و خەباتی ژنانی ئەوەندە بەرز کردەوە کە وەک ڕێبەر ئاپۆ ئاماژەی پێداوە لە ئەنجامی کار وخەباتی ژنانی ئازادیخوازدا دەکرێ ئەو سەدەیە ببێت بە سەدەی ئازادی ژنان.

ئەوەی پەکەکە لە کەسایەتی ژنی ئازاددا بونیادی نا، ژێرخانی کۆمەڵگەیەکی بەدوورە لە شەڕەنگێزی و پڕاوپڕە لە ئەخلاق و ئازادی. پیاوانێک کە تا سەرئێسقان بە هەموو جۆرە چەکێکی مادی و هزری پڕچەک کراون، لە بەرامبەر ئەرتەشی ڕزگاری ژنان و پارتی ژنان لە ڕووناکایی فەلسەفەی ئاپۆییدا هیچ ڕێگەیەکیان بۆ نەماوە جگە لە تەسلیم بوون و ناچاربوون بە گۆڕان و ئازادی.

ڕاستە لە ڕیزی حیزبەکانی دیکەی کورددا و هەروەها لەناوحیزبە ئازادیخوازەکانی دیکەی جیهان، ژنان بوونیان هەبووە و هەیە و لەسەرجەم شۆڕشەکاندا کاریگەری و شوێنپەنجەیان دیارە، بەڵام چەند مژارێک کە ژنانی ئاپۆیی وەک پێشەنگانی ئازادی ژن لەو سەدەیەدا جیاواز دەکات بریتین لە:

 لەتەواوی حیزبەکانی دەرەوەی فەلسەفەی ئاپۆیی، پیاوان سەردەستی خۆیان لە سیاسەتدا لە ناو حیزب و بڕیارەکاندا بەسەر ژندا سەپاندووە،

 لە ڕووی ڕێژەییەوە بوونی ژنان لە ناو حیزب و دامەزراوە ئاپۆچیەکاندا پێوانەکانی ڕێژەیی و کۆتاکانیان دەرباس کردووە.

 بە خوڵقاندنی سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، ژنان لە بەرزترین ئاستی بڕیاردان لە هەموو جومگەکانی سیاسی و لەشکریدا خاوەن بڕیاری هاوسەنگن لەگەڵ هەڤاڵانی پیاو.

 بۆ یەکەم جار لە مێژوودا، ژنان بوونەتە خاوەن حیزبێکی سیاسی خاوەن بڕیار و کاریگەر کە پارتی ئازادی ژنانی کوردستان – پاژک (PAJK).

 بۆ یەکەم جار ژنان بوون بە خاوەن ئەرتەشی تایبەت بە خۆیان بۆ پاراستنی ژیان و کەرامەت و مافەکانی ژنان بە ناوی یەکینەکانی ژنانی ئازاد ستار ( YJA-STAR ).

 بۆ یەکەم جار ژنان بوونەتە خاوەن سیستەمی خۆسەری سیاسی خۆیان بە ناوی کۆمەڵگەی ژنانی کورد کەژەکە(KJK) کە وەک چەترێکە بۆ هەموو حیزب و دامەزراوەی ژنان لە کوردستان.

جێی ئاماژەیە ئەو ڕیزبەندە لە سایەی تێکۆشانی ژنان بۆ خۆیان لەناو پەکەکەدا و لە ڕووناکایی نرخاندن و پێشنیارەکانی ڕێبەرئاپۆ بۆ خەباتی ئازادی ژنان هاتوونەدی و تاوەکوو ئێستا سەدان ژنی شۆڕشگێڕ و قارەمان لەو ڕێبازەدا گیانی پاکیان بەختی ئازادی ژنان و مرۆڤایەتی کردووە.

لە ناو پەکەکەدا، پیاوان وەک ژنان لە پێناو ئازادکردنی خۆیان ڕۆژانە تێکۆشان دەکەن. واتا پیاوان لە ناو پەکەکەدا ئەو پیاوە نین کە خۆیان ئازاد ببینن و تێکۆشانی ئازادی بۆ خۆیان بە پێویست نەزانن. هەموو هەڤاڵانی پیاو بەردەوام لە هەموو ئاکادیمیەکاندا لەسەر ژیانی ئازاد، هزری ئازاد، یەکسانی ڕەگەزی، چۆنییەتی دەربازکردنی زیهنییەتی پیاوسالاری ڕەگەزپەرستی پەروەردە دەبینن.

بەوجۆرە بە ئازادی ژن، وەک یەکەم هەنگاو لە ئازادی کۆمەڵگە، ڕێگە لە بەردەوامی هەرجۆرە چینایەتی و دەسەڵاتداری و پاوانخوازی دەگرێت. ئەو ڕوانگە و ئەوجۆرە تێکۆشانە ستراتیژی و بەردەوامە لە ناو پەکەکەدا وایکردووە، پەکەکە بە پارتی ژنان بناسرێ و ڕێبەرئاپۆ وەک ڕێبەرێک لە ڕەوتی ئازادیخوازی ژنان لە جیهاندا ڕێزی تایبەتی لێبگیردرێ و لەلایەن ژنانی ئازادیخواز لە هەموو جیهان لەسەر بیروبۆچوونەکانی ڕێبەر ئاپۆ لێکۆڵین بکرێ و بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ژنان پێشەنگی هەموو مەیدانەکانی ئەو خەباتەش بن.

پەکەکە و کاریگەری دروستبوونی لەسەر شووناسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست:

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەک لانکەی مرۆڤایەتی و ئەو جوگرافیایەی کوردستان بەشێکە لە ناودڵی ئەودا، لەوکاتەوە بوونی هەیە تا وەکوو ئێستا بەردەوام خوڵقێنەری سیستەمە جۆراوجۆرەکان بووە. لەسەرجەم پێشکەوتنە بنگەییەکاندا بێ دوودڵی وەک دایکێکی ئازا و بوێر و ئافرێنەر باوەشی بۆ هەموو تێز و ئانتی تێزەکان ئاوەڵا بووە. بەخشندەیی تا ڕادەیەک بووە کە قەت ڕووی لە کەس و ناکەس وەرنەگێڕاوە، تا توانیویەتی کەسی بە برسی نەهێشتۆتەوە، بەڵام تاڵانکەران بەروبومیان بەتاڵان بردووە. و بەداخەوە بەردەوام بۆتە جێگەی تەراتێنی ملهوڕان و زلهێزان و هاوکاتیش سینگی پڕاوپڕە لە چیرۆکی بەرخۆدانی و قارەمانێتی کەسە بەئەمەكەکانیشی. بەداخەوە لەسەردەمی نوێدا، لەلایەن سیستەمی سەرمایەداری جیهانی ڕوبەڕووی حاشاکردنێکی بێ ئەخلاقانە بۆتەوە و وەک جیهانێکی بێگانە لە داهێنان و پێشکەوتن و زانست و فەلسەفە چاوی لێدەکرێ و تەنانەت ئەوە لە ئاستێکدا منداڵەکانی خۆشی باوەڕیان بەو پڕوپاگەندە ناڕاستە هێناوە و بەوشێوازە سیستەم کانگای ژێرعەرز و سەرعەرزی ئەوانیش بەتاڵان دەبات. بەشێواندن و لێڵکردنی شووناسی ناوچەكە، مرۆڤی ئەو سەرزەمینە لە کەسایەتی خۆی دەسڵەمێنێتەوە و کەسایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پشتکردن لەو هەموو مێژووە و شەقهەڵدان لە داهاتوو، ڕووی لە ئەوروپایە تائەوەی وەک خزمەتکارێکی سیستەم پەنای پێبدرێت. ڕێبەر ئاپۆ لە نرخاندنی ئەودۆخە، ئەوروپا و ئەمریکا وەک منداڵە بێ ئەمەكەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەناودەکات.

لەبارودۆخێکی وەهادا پەکەکە ئەو ناسنامە و شووناسە تازەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە بە گوتنی”نا”یەکی گەورە بە زلهێزان، گوتی کە کەسایەتی سیاسی و شۆڕشگێڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێرە بەولاوە نابن بە داردەست و گۆپاڵی هیچ دەوڵەتێک. بە مەبەستی گەیشتن بەئازادی پشت بە گەلی خۆیان کە ماتەوزەی شۆڕش و گۆڕانگاری و خولقاندنە دەبەستێت. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێ: پەکەکە هێزێکە گەر تەواوی دونیا هێرشی بکاتە سەر ، ناتوانێ بە تەسلیمی بگرێ و گەر تەواوی هێزی دونیاش هی ئەو بێت هێرش ناکاتە سەر کەس. ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ باسی دەکات ئەوە شووناسی ڕاستەقینەی کەسایەتی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە پەکەکە قوتابخانە و نوێنەریەتی. هەرئەو خەسڵەتەی پەکەکەیە وادەکات لەلایەن کورد، عەرەب، تورک، ئەرمەنی، تورکمەن، ئازەری، بەلوچ، ئەفغان، مازەنی، گیلەک، چەرکەز، ئاشوور و فارس و …هتدەوە بە هێمای ئازادی سەیر دەکرێ. کەسایەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن پەکەکەوە سەرلەنوێ بونیاد نرایەوە و پارێزراو و مەزن بوو. ئەوە لە حاڵێکدایە پەکەکەش دەیتوانی بە هەڵگرتنی ئاڵایەکی دۆگم و داخراوی نەتەوەیی و ئایینی لە پێناو بەرژەوەندی تەسک و کورتخایەنی حیزبیدا پشت لەو ڕاستییە بکات، بەڵام قەت ئەوەی بە شایەنی کەسایەتی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەزانی و ئەوەش بۆتە سەبەب بۆ ئەوەی موسڵمان، عەلەوی، کاکەیی، ئێزیدی، یارسان، مەسیحی، کلدان، جوولەکە، زەردەشتی، مانەوی، مەزدەکی، هیندۆیی و بوداییش خۆیان لەناویدا ببیننەوە و هەر مزگەوت، كڵێسا، کنێشت، ئاورگە و دێڕ و زیارەتگەیەک دەبنە سەنگەری بەرخۆدانی پەکەکە. بەدەیان جار ڕێبەرئاپۆ لە نووسین و نرخاندنەکانیدا باس لە ڕەوتی شۆڕشگێڕانە و ئازادیخوازانەی هەریەکە لە کەسایەتییەکانی حەزرەتی موحەممەد، عیسا، ئیبراهیم، مانی، مەزدەک، پیرشالیار و شێخ هادی دەکات و ڕێباز و شێوازیان دەنرخێنێ و ئەوەی پێویستە لەو ئۆقیانووسەی مەعنەویات و واتایەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدێنجێ و کەڵکیان لێوەردەگرێ(جێی ئاماژەیە ڕێبەر ئاپۆ لە هەڵسەنگاندنەکانیدا هەرکەس و ڕووداو و بابەتێک لە قەوارەی کات و شوێنی ژیانکراویدا دەنرخێنێ).

ڕێبەر ئاپۆ فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بنەمادەگرێ و ڕووناکی لەوەدا دەبینێتەوە، ئەوەش وادەکات شۆڕشگێڕانی پەکەکە ببنە گلێنەی چاوی هەموو باوەڕمەندان و ئازادیخوازانی ناوچەکە و بەشانازییەوە دەبنە هەڤاڵ و هاوڕێی. کاتێک لە بابەک، دەروێش عەبدی، مەنسووری حەلاج و مەزدەک و مانی دەدوێ و خۆی بە هەڤاڵی ئەوان دادەنێ، سەیر نییە کە پەکەکە دەبێتە نوێنەری ڕاستەقینەی سیاسەتی ئەخلاقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. پەکەکە ئەو شووناسە ڕاستەقینەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە لەکاتی هێرشی ئیسرائیل بۆ لوبنان (١٩٨٢ز)، بەهۆی ئەمەكناسی، تاقانە هێزێکی نالوبنانی و غەیرە فەلەستینییە کە وێڕای ئەوەی دەیزانی تێچووی سیاسی بۆ داهاتوو زۆر دەبێت، بەڵام بە پێداگری لە سەر ئەخلاقی سیاسی خۆی، بەرگری لەو ڕەنج و ئەمەكە دەکات کە هێزە ئازادیخوازەکانی فەلەستینی و لوبنانی دەرحەق بە کوردیان داوە و یەکەم شەهیدەکانی لەوێ پێشکەش بە گەلان و ئازادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد.

کاتێک داعش بە ڕێبەرایەتی ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا و پشتیوانی ناوەندە سیخوڕی و ئەمنییەتییەکانی جیهان، لەناوچەکە سەریهەڵدا و کوشتاری خەڵکی بێ تاوانی کرد و تۆوی ڕق و نەفرەتی بڵاو دەکردەوە، ئەوە گەریلای پەکەکە بوون کە بێ دوودڵی بە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاو دەبنەوە و دەبنە قەڵغانی ئازادی ناوچەکە و پاش ئازادکردنی سەرجەم خاکی باشووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستانیش واز لە داعش ناهێنێت و لە تۆڵەی هەموو ئەومنداڵ و ژنانەی بەدەستی داعش و بەفەرمانی ئەردۆغان سەربڕان و کۆمەڵکوژ کران و بەتاڵان بران، تا گرتنەوەی پایتەختەكەیان کە ڕەققە بوو و بنەبڕکردنی ئەو مڵۆزمە ناموبارەکە هەدا نادات. پەکەکە هەموو ئەوانەی بە هزری نەتەوەی دێموکراتی و سیستەمی کۆنفیدراڵیزمی دێموکراتیک و تەنیا لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتی و گەلاندا دەکات. هەربۆیە هیچ نەتەوە وباوەڕی و ئایینێک وەک کارت و ئامراز لە سیاسەتدا بەکارناهێنێت. لە دوونیای سیاسەتی پەکەکەدا ئەخلاق ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێ و گەلان هاوپەیمانی سەرەکی پەکەکەن نەک دەوڵەتان. ئەوە بەئاشکرا لە شەڕ و پەیوەندییەکانی پەکەکەدا بەبنەمادەگیرێ و دەدیترێ. لە ڕوانگەی پەکەکە، سنوورە دەستکردەکان ناتوانن گەلی کورد و گەلانی دیکە لەیەکتری دابڕێنن و ناکرێت گەلێک بە نرخی قڕبوونی گەلانی دیکە ئازادبێت. ناکرێ چوونکە سەرچاوەی زۆرینەی ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چیاکانی کوردستانە ئەوە وەک ئامرازێکێ دەستەمۆکردن بگرێتە دەست.کاتێک ڕێبەر ئاپۆ بۆ دوورکردنەوەی شەڕی جیهانی سێیەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سوریا دەرکەوت و ڕووی لە ئەوروپا کرد، تەنیا مەبەستی کورد نەبوو و خەمی کاولبوونی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوچەکەی دەخوارد.

هەموو ئەوانەش وادەکات کە پەکەکە حیزب و سیستەمێکی حاشا هەڵنەگری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بێت و هیچ سنوورێکی سیاسی و کولتوری نابنە ڕێگری خەباتی ئازادی بۆ پەکەکە و هەروەها ڕێبەر ئاپۆ تەنیا ڕێبەری گەلی کورد نییە و بەڵکوو ڕێبەری هەموو گەلانی ئازادیخوازە لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئیتر پەکەکە هێمای بەرخۆدانە لە بەرامبەر تاڵانکاری، کۆمەڵکوژی(بەهەموو ڕەنگەکانییەوە)، پاوانخوازی و دەسەڵاتداری و چینایەتی و پیاوسالاری. پەکەکە گەڕانەوەیە بۆ دیالۆگ و پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و شەرافەتمەندانەی هەموو گەلان پێکەوەیە. دامەزرانی پەکەکە، لە دایکبوونی شووناسی دێموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە مێژووی هاوچەرخدا. هەرلەسەر ئەو بنەمایەش خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ئەرکێکی ئەخلاقی و شۆڕشگێرانەی هەر تاک و ڕێکخراو و دامەزراوەیەکی ئازادیخوازییە لە کوردستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا.

 

سەرچاوە: گۆڤاری ئالتارناتیو