دامەزراندنی پژاک، لەدایکبوونەوەیەکی تر بۆ ڕۆژهەڵات
وا بیست ساڵە پژاک دامەزراوە، بەرەنجامەکەشی لە ئاهەنگی شکۆداری نەورۆزی کرماشان و ئیلام دەبینین، بۆ ئاییندەش بێگومان لە لوڕستان و بەشەکانی تری کورد لە ئێراندا ڕەنگڕێژ دەبێت.
وا بیست ساڵە پژاک دامەزراوە، بەرەنجامەکەشی لە ئاهەنگی شکۆداری نەورۆزی کرماشان و ئیلام دەبینین، بۆ ئاییندەش بێگومان لە لوڕستان و بەشەکانی تری کورد لە ئێراندا ڕەنگڕێژ دەبێت.
ستراتیژی دەوڵەتان ناکۆکیی نێوان کوردانە، پژاک خەبات بۆ تواناسازیی گەلی کورد و یەکێتیی نێوانیان دەکات، ئەویش لە ڕێی بەهێزکردنی چاندی کوردستانیی، پژاک کاتێک ڕسکا، کە پارتە ڕۆژهەڵاتییەکانی تر لە جەنگی سەربازیی سەرەتای شۆڕشی ئێراندا، تووشی شکست بوون و پاشەکشەیان بۆ کەمپەکان کردبوو، هەروەتر لە جەنگی فەرهەنگییدا کۆتی دەست ئایدۆلۆژیای دوژمن بووبوون و ڕۆژهەڵاتیان تەنیا بە پارێزگای کوردستان (پارێزگای سنە)ـی ساختەی دەوڵەتی ئێران دەدیت، بەڵام پژاک لە سۆنگەی سوودبینین لە ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ و ئەزموونی ڕێکخستنی پەکەکە نەک تەنێ دیدێکی جیاواز و پانوپۆڕتری لەوان پێشکەشی ڕۆژهەڵات کرد، بەڵکوو ئەمەشی کردەنیی کردەوە، هەر لەبەر هەمان هۆکارە ئەمڕۆ کوردان لە هەرکوێی ئێران بن، جا لە ئیلام بێت یان کرماشان و خۆراسان و خوزستان و لوڕستان، خۆیان لەم پارتە دوور نابینن، جا بۆ نیشاندانی ڕیشە کوردستانییەکانی چاندەکانیان نە مۆڵەت لە هیچ حزب و دەوڵەتێک دەخوازن و نە پێویستیان بە هیچ پارت و دەوڵەتێکە، ئەمە فیتاوفیت دەستپێکی کارەکەیە. دەتوانین بێژین ئەمڕۆ پژاک وەک لاوێکی بیست ساڵەیە، ئەمە سادەترین پێوان و ئەنجامگیرییە، واقیعی ئەزموونیی و سیاسیی-فەرهەنگیی پژاک سوودی لە بەرخۆدانی تایبەتیی ئەو هەموو ساڵانەی ڕێبەر ئاپۆ و خەباتی ڕێکخستنی پەکەکە دیتوە، ئەم پێوانە فرەتر پارتە کلاسیکەکان خستوویانەتە ڕوو، کە لاوێتیی هاوتای بێئەزموونیی هەژمار دەکەن و بەم ڕەنگە هەوڵ دەدەن وێنای پژاک بشێوێنن، ئەمە لە کاتێکدایە لە ئایدۆلۆژیای ئاپۆییدا لاوێتیی بە واتای خۆشوخرۆش و چالاکیی و شتێکی ئەرێنیی دێتە هەژمار.
ئەم پێکهاتەیەی ئەمڕۆ پتر وەک لاوێکی بیست ساڵەیە، ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، ئەمەمان لەو ڤیدۆیانەوە بینی وا لە مەڕاسیمی نەورۆز دەیبینین، کۆماری ئیسلامیی نەیتوانی نەورۆز بسڕێتەوە، بەڵام لە پووچکردنەوەی پەیڤەکان لە واتا زۆر لێزانە.
هەوڵی ئەوان بۆ لەناوبردنی جلوبەرگ و هەڵپەڕکێ و ئاگرکردنەوە و بازنەکانی یەکێتیی کوردان لە دەوروخولی ئەو ئاگرە هەڵدەخولا، بەڵام کوردان لە نەورۆزی ئەمساڵدا سەلماندیان بە هیچ فشارێک پاکتاو نابن و دەست لە چاندی خۆیان ناکێشنەوە، زۆر حکومەت هاتوون و چوون، بەڵام ئاگری نەورۆز هەروا پاوەجێ ماوەتەوە، گەلی کورد لە مێژوودا هەورازی سەختی بڕیوە، بەڵام هەمیشە لە دڵی تاریکترین شەوەکاندا بزیسکەیەک وەک ڕێبەر ئاپۆ داگیرساوە، سا بووە بە ئاگریی گەرمکەرەوە و ڕۆشن بۆ گەلی کورد و چاندە هەزاران ساڵەکەی. ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پژاک هەمان گڕی نەورۆزە.
هـ . ب