حەقیقەتی ژیانی ئازاد لەنێو مێژووی تەڤگەری ئازادییدا، لەنێو هزر و ڕامانی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەدا هەردەم ئاوێزانی دەنگ و سەدا و ڕەنگی هونەر بووە. کاتێک شۆڕشگێڕێکی تەڤگەری ئازادیی لە ڕێگەی ژێی ئامێرەکەیەوە دەنگێک دەهێنێتە بوون، هەر لەو کاتەدا گەریلایەک بە چەکەکەی داستانی قارەمانێتی دەئافرێنێت. دەی خۆ وەک کانیییەکی سازگار ڕوونە وا ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت چەکی دەستی گەریلایەک و سازی دەستی هونەرمەندێک جیاوازیی نییە، هەردوو بۆ ئازادیی تێدەکۆشن.
سا ئەم ئەم حەقیقەتەی گوێتان بۆ ژنەفت، حەقیقەتی تەڤگەریی ئاپۆییە، حەقیقەتێک لە وێنای هەزاران شەهید-دا خۆی مانیفێست کردووە.
بێگومان یەکێک لەوانەش، عاشقی ئازادیی و ئەڤینداری هونەری ئازاد و کوردیی ئازاد؛ شەهید هۆزان مزگینە.
هۆزان مزگین؛ ناوێک پڕاوپڕ بە بەژن و باڵای ئازادیی؛ ناوێک لێوانلێو لە حەقیقەتی ژنی ئازاد؛ شۆڕشگێڕێک لە تافی جوانی و سەربەستیدا؛ بولبولێک لە چەشنی هونەریی ئازاد؛ دواجار حەقیقەتێک لە پێناسی میلیتانێکی ئاپۆییدا، یاخود شەهیدێکی نەمری ڕێگەی ئازادیی خاک و نیشتیمان و مرۆڤایەتی.
هونەرمەند هۆزان مزگین ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی بلەیدەر سەربە ئێلح لەدایکبووە، پێش کودەتای ساڵی ١٩٨٠ بەشداری تێکۆشانی ئازادیی کوردستان بوو. لەوکاتەشدا، لە ئێلح هەریەک لە مەزڵوم دۆغان و مەعسوم کۆرکماز، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە، لەو ناوچەیەدا خەباتی ڕێکخستنی تەڤگەری ئازادییان بەرفراوان دەکرد. هەر ئەو کاتە هۆزان مزگین لەگەڵ گرووپێک لە گەنجان بەشداری پەکەکە دەبێت و دەبێتە یەکەم ژن کە لەو هەرێمەدا بەشداری ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دەبێت.
شەهید مزگین لە ناو یەکەمین گرووپی خوێندکاراندا دەبێت، کە بۆ خولێکی پەروەرەدەی ئایدۆلۆژی بزووتنەوەی ئاپۆیی ڕوو لە کامپی پەروەردەیی “بیقاع” لە لوبنان دەکات، دوای پەروەردە، بۆ ڕێکخستنی خەباتی کولتوور و هونەر لە ساڵی ١٩٨٠ لەگەڵ هۆزان سەفکان دەچێتە ئەوروپا و لەوێ پێکەوە بەردی بناغەی “هونەرکۆم” و “گرووپی بەرخۆدان” دادەنێن.
لەو ساڵانەدا بە گۆرانییەکانی، کە باس لە بەرخۆدانی و ژیانی زەحمەتی کوردی دەکرد، بە گۆرانییەکانی “چەمی هێزل، گوندینۆ هاوار” دەنگی خۆی دا بە گوێی هەر کوردێکی ئازادییخواز و وڵاتپارێزدا.
پاش خەباتی هونەریی لە ئەوروپادا، هۆزان مزگین لە سەختترین کاتدا بۆ ڕێکخستنی ژنانی کورد ڕووی لە باکووری کوردستان کرد، وەک یەکەم فەرماندەی ژن لە تەڤگەری ئازادیی ژناندا، دەکرێتە فەرمانداری هەرێمی گارزان، بە ڕەنج و تێکۆشانەکەی سەرەتا کاریگەریی دەکاتەسەر ژنان و دواتریش کاریگەریی لەسەر هەموو خەڵکی تەتوان بەجێهێشت.
شەهید مزگین، خەباتی ڕێکخستنی و هونەریی پێکەوە ئاوێزان کردبوو، هەر شوێن و کوچەکۆڵانێکی تەی بکردایە لە وێنەی ئینانا و عەشتارەکانی سەردەم خەباتی دەکرد و بە دەنگ و هونەرەکەی و شێوازە سەرنجڕاکێش و گرنگەکەی هەمووانی بە ڕێکخستن دەکرد.
هۆزان تەنها لە خەباتی کولتووریدا نەمایەوە، بۆ زیاتر خۆناسین و بەڕێکخستنکردنی زیاتری ژنانی کورد، کە کۆچبەری وڵاتانی ئەوروپا بوون، تێکۆشان دەکات و بەشداری ئامادەکارییەکان بۆ دامەزراندنی یەکێتی ژنانی وڵاتپاریزی کوردستان دەبێت، دوای دامەزراندنی یەكێتییەکە دەبێتە ئەندامی بەڕێوەبەری یەکێتییەکە لە ئەوروپا، بەو پێیەش هەم بەرپرسیارێتی خەباتی کولتووری و هەم خەباتی ڕێکخستنی دەکەوێتە سەر شان و لە ئاواکردنی گرووپی هونەریدا و پێشەنگایەتی لە گرووپی بەرخۆدان دەکات.
هەروەک چۆن پەکەکەیی ڕاستەقینە بریتییە لە ڕێگای شەهیدان و حەقیقەتی شەهیدان، بەو چەشنەش شەهیدبوونی هۆزان مزگین خەرمانی پڕ شانازیی و خەبات بۆ ئازادیی پەکەکەی پڕ کرد لە کۆڵنەدان و بەردەوامیی تا ئازادیی مرۆڤایەتی.
لە ١١ـی ئایاری ١٩٩٢ـدا لە کاتێکدا هێرش دەکرێتە سەر ئەو ماڵەی لێی مابووەوە لە تەتوان، تا دوا دڵۆپ شەڕ دەکات و لە کۆتاییدا چالاکی گیانبازیی ئەنجام دەدات، دوای شەهیدبوونی هۆزان مزگین، هۆکارێکی نوێی بۆ تێکۆشانی ژنان دەستیپێکرد، پێش هەموو شتێک ژنانی تەتوان، کە بە دەنگ و هەبوونی هۆزان مزگین سەرسام بوون، خۆیان ناونا مزگین و بەشدارییان لە تێکۆشانی ئازادیی ژناندا کرد.
دوای شەهیدبوونیشی ئەو منداڵانەی کە لەدایکدەبوون ناوی مزگینیان لێدەنرا و دەبوونە مزگێنی ڕۆژێکی ئازاد و درێژە بە تێکۆشانەکەی مزگین درا.
سا هەروەک ڕێبەر ئاپۆ دەبێژێت؛ پێویستە شەهیدبوونی هۆزان مزگین بە بڵندی ڕابگرین و لە هەمبەردا ببینە وەڵام.