پەدەکە هەڕەشە لە هونەرمەندی کورد دەکات و پێشوازی لە هونەرمەندی دوژمن دەکات

هونەرمەند واتە ئەخڵاق، هەڵوێست و پابەندبوون بە پەیمان، کە ئەوە بنمایەت نەبوو تۆ لەهونەر و جەماوەرەکەت دادەبڕێیت.

کاک لوقمان سەلیمی هونەرمەند و ستران بێژ، کەهاوکات پێشکەشکاری بەرنامەیەکی هونەریە لەئاریەن تی ڤی ماوەیەک لەمەوبەر پێشنیازی ئەوەم بۆ کرد کەچەند هونەرمەندێکی شاری هەولێریش بانگێشتی بەرنامەکەی بکات. ئەویش وتی: "وەڵا برا جا زۆرم پێ خۆشە، بەڵام کاکە نایەن، بەهەر حاڵ کێت پێ باشە ژمارەکەیم بۆ وەرگرە و لەخزمەتیدا دەبم"، منیش پێشنیاری هونەرمەند (تەنیا ئیدریس)م بۆکرد و وتم ئەو باشە کاتی خۆشی لە مێد تی ڤی زۆر دەردەکەوت و کاک بارزان زۆر بەرنامەی لەگەڵ کردووە، بەهەرحاڵ بەهەرجۆرێک بێت ژمارەکەی تەنیا ئیدریسم وەرگرت و بۆ کاک لوقمان سەلیم نارد، کاک لوقمانیش پەیوەندی پێوە کردبوو، بەڵام تەنیا ئیدریس بەکاک لوقمانی ووتبوو؛ بەخوا نەخۆشم و بۆم ناکرێت، کەچی چەند ڕۆژێکی نەبرد، تەنیا ئیدریس لە چەند کەناڵێکی نزیک لە دەسەڵات دەرکەوت و بەرنامەیی پێشکەشکرد.

پەدەکە هەڕەشەی لەهونەرمەندان کرد بەشداری ئاهەنگی قەندیل نەکەن

ئەمساڵیش تیمی ئامادەکاری ئاهەنگی نەورۆزی قەندیڵ هەریەک لە چۆپی فەتاح و مستەفا داداریان بانگێشتی ئاهەنگی نەورۆزی قەندیڵ کرد، هەڵبەت بەپارەیەکی زۆرو بەخۆڕایش نا ، کەچی هەردووکیان بێ بەڵێنیان نواند و لەترسی پارتی نەهاتن، دڵی جەماوەرەکەیان شکاندو بێ بەڵێنیان نواند، لەکاتێکدا هەردوکیان ڕەگەزنامەی ئەوروپییان هەیەو نەدەبوایە بترسابان و حسابیان بۆ هەڕەشەکانی پەدەکە بکردایە. بەڵام ترسان و بێ بەڵێنیان نواند، هونەرمەند واتە ئەخڵاق و هەڵوێست و پابەندبوون بە پەیمان کە ئەوانەت نەبوو تۆ لەهونەر و جەماوەرەکەت دادەبڕێیت. بڕوا بکەن دوای ئەوەی ئەمانەم لەم هونەرمەندانە بینی ئیتر هەر لە خۆیەوە نە حەز بە چارەی خۆیان نە بە هونەرەکەیان ناکەم.

بێ مۆڕاڵی پارتی بارزانیی لەوەدایە کەهەمیشە شانازی نەتەوەیبوون بەخەڵک دەفرۆشێتەوە، کەچی کارلەسەر ئەوەدەکات هونەرمەندان بەشداری لەئاهەنگی نەورۆزی نەتەوەکەیان نەکەن. بەڵام لە لایەکی ترەوە ئیبراهیم تاتڵیس و کچەکەی و چەندانیتر دەهێنێتە هەولێر تا گۆرانی بۆ هەولێریەکان بچڕێت و دژەکوردبوونی خۆیان دەربڕن، لەکاتێکدا ئیبراهیم تاتڵیس لەدژی کوردە و لەبەرەی داگیرکەردایە وهەمیشە خەریکی دزینی ئاواز و گۆرانی ڕەسەنی کوردیە، ئەمەیە کوردایەتیەکەی پارتی بارزانی!