لە سەروبەندی شەڕی دووەمی جیهان، حیزبایەتی وەک مۆدێلێک بۆ بەڕێکخستن کردنی کۆمەڵگە دەرکەوتە پێش. وەک سەرەتاش حیزبی هیوا، پاشان رزگاری و شۆڕش وەک سەرەتای دەستپێکردن بەخەباتی حیزبایەتی لە باشوور دادەنرێن. بێگومان ئەوانیش لەسەر میراسی کۆمەڵە و رێکخراو و گرووپە جیاوازەکان دامەزاون، کە سەرەتای سەدەی بیستەم وەک جەمعیەت بەناو دەکران. واتا هەریەک لەم شێوازە کارە رێکخراوەیانە، بە خۆڕسکی خۆیان دروست نەبوونە، بەڵکو پێشینەیەکیان هەبووە. پارتی دیموکراتی کوردستانیش <پەدەکە> ئەنجامی ئەو هەوڵانەیە کە رۆشنبیر و سیاسەتمەدار و دڵسۆزانی گەلی کورد لەپێناو ئازادیدا داویانە.
هەلومەرجی بەر لە شەڕی دووەمی جیهانیش، لە ژێر هەژموونی دوو بەرەی بەهێزی جیهانی دابوو، کە یەکەمیان و هەڵگیرسێنەرانی شەڕ <نازی ئەڵمانی و فاشیزمی ئیتاڵی> بوون. بەرەی دووەمیش کە یەکێتی سۆڤیەتی جاران پێشەنگایەتی دەکرد، وەکو دەوڵەتانی سۆسیالیستی و پێشکەوتنخواز بەناو دەکران. شەڕ کە لە ١٩٣٩ لەلایەن ئەڵمانیاوە دەستیپێکرد، لە ١٩٤٥ بە رووخان و لەناوچوونی ئەڵمانیا و بەرەی فاشیزم کۆتایی هات. پارتی دیموکراتی کورد کە لە مهاباد لەسەر خەباتی رێکخستنی <ژێکاف> دامەزرا، لە ١٦\٨\١٩٤٦ دەربازی باشووری کوردستان بوو، خۆشی بەناو کرد بە پارتی دیموکراتی کورد\ عێراق.
هەلومەرجی باشووری کوردستان و عێراق تاکو ١٩٥٨ دەزانرێت کە حوکمی پاشایەتی بوو، بۆیەش دەرفەتێکی ئەوتۆ نەبوو بۆ خەباتی سیاسی و رێکخستنی نەتەوەیی، خەباتی چەکداریش لە دوای کۆماری کوردستان لە مهاباد گورزێکی گەورەی بەرکەوتبوو، بۆیەش هێزە چەکدارەکانیشی تاکو سۆڤیەت نەگیرسابوونەوە. لەوێش خەریکی بەردەوامیدان بە ژیانی تایبەتی خۆیان بوون، بۆیە ئەگەر شۆڕشی ١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ نەبووایە تا ئێستاش کەسیان کوردستانیان نەدەبینیوە.
ئەو گۆڕانکاریانەی لە ئەنجامی دەسەڵاتی ع.قاسم دەستەبەر بوون لە عێراق، دەرفەتی لەبەردەم سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیە عێراقی و کوردیەکان کردەوە، بۆ ئەوەی گوزارە لە بیروڕای سیاسی و رێکخستنی خۆیان بکەن. تا رووخانی رژێمی پاشایەتی گەلی کوردیش، زۆربەی خۆی لەناو رێکخستنەکانی حیزبی شیوعی عێراقی دەدۆزیەوە. تەنها ئەوەش نا چەندین سکرتێر و کادیرە پێشەنگەکانی حیزبی شیوعیش کورد بوون. ئەمە وای کردبوو کوردەکانیش داواکاریەکانیان لەگەڵ حیزبی ناوبراو بکەنە یەک. بۆیەش رۆڵی پەدەکە لە دوای ١٩٥٨ زیاتر بابەتی گفتوگۆیە، لەوێ بەدواوە دەکرێ زیاتر لەسەر رۆڵیان قسە بکرێ.
ساڵانی حوکمی ع.قاسم لە ١٩٥٨ تاکو ١٩٦٣ لەلایەن سەرکردایەتی پەدەکەوە وەک پێویست سوودی لێوەرنەگیردرا، بۆیەش دوای دوو ساڵ لە ژێر دەنەدانی ساواکی ئێرانی و سی ئای ئەی ئەمریکی و دەرەبەگە بەکرێگیراوەکانی کورد، لە ١١ی ئەیلولی ١٩٦١ لە دژی حکومەتەکەی قاسم دەست بەشەڕ کرا، شەڕێک کە ئامانجەکانی زۆر کەمتربوون لەو دەرفەت و دەسکەوتانەی کە دەسەڵاتەکەی ع.قاسم بۆ گەلی کوردی لەباشوور ناسیبوون. ئەگەر پێشەنگایەتیەکی ژیر و زانا هەبووایە، بێگومان دەیتوانی بەبێ شەڕ زۆر دەسکەوتیتر بەدەستبێنێ و چەندین هەنگاویتر دۆزی کورد و کوردستان بەرەوپێشەوە ببات.
لە ساڵی ١٩٦١ تاکو ١٩٧٠ شەڕ بەردەوامبوو، هەر لەم ماوەیەدا سێ جار ئاگربەست و قۆناغی بێ چالاکی راگەیەنراون، بەتایبەتیش ساڵی ١٩٦٣ لە گەڵ عەبدولسەلام عارف، پاشانیش لە ١٩٦٦ لەگەڵ عەبدولرحمان عارف و جاری سێیەمیش لەگەڵ بەعسیەکان لە ١٩٦٨ دەستیپێکرد و لە ١٩٧٠ بە دەرکردنی بەیاننامەیەک بەناوی بەیانی ١١ی ئادار گەیشتنە ئەنجام. لە ماوەی ئەو ٩ساڵەی شەڕدا لەگەڵ ئەوەی پەدەکە بوو بە دوو باڵ بەناوی باڵی مەکتەبی سیاسی کە مامۆستای کۆچکردوو ئیبراهیم ئەحمەد پێشەنگایەتی دەکرد، پاشان ج.تاڵەبانی و ع.عەسکەری و زۆرێک لە کەسایەتیە رۆشنبیر و خوێنەوارەکانی هەرێمی سلێمانی و گەرمیان و کەرکوک لیێ کۆبوونەوە. باڵی م.بارزانیش کە بە باڵی سەرۆک دەناسرا و پاشان کۆنتڕۆڵی سەرجەم جومگەکانی پەدەکەی کرد، لایەنی خێڵەکی و دەرەبەگایەتی و بنەماڵەگەریەتی لەپێش بوو. لەگەڵ ئەوەی تەواوی پێوانە و پرەنسیبە حیزبیەکان کەوتنە ژێر پێ و لە پێشەنگایەتی زۆرینە و خاوەن ئیرادە و بڕیار، پەدەکە بووە حیزبی یەک کەسی، بۆیەش بە سەدان بڕیاری هەڵە و هەڵسوکەوتی دەرەوەی پێوانە نەتەوەیی و دیموکراتیەکان نراوە، نمونە سەرجەم ناکۆکیەکانی ناوخۆی بە شەڕ و کوشتن و لەناوبردن کۆتایان هاتووە، هەروەها راونان و کوشتنی سەدان کادیر و ئەندامی باڵی جیابووەوەی مەکتەبی سیاسی، کوشتنی ١١ کەس لە خانەوادەی حەمەد ئاغای مێرگەسۆری، لەگەڵ راونانی کوڕەکانی خۆی هەریەکە لە < سابیر و لوقمان >. دیسان لەلایەنی نەتەوەیی و جموجۆڵ لەگەڵ پارچەکانی تری کوردستان، هەموو هەوڵێکی داوە کە لە پارچەکانیتری کوردستان هیچ جموجۆڵێکی سیاسی و چەکداری نەبێ، ئەگەر بووش، پێویستە لەژێر رکێفی ئەوان دابێ، بۆ ئەوەی چ کاتێک ویستیان وەکو کەرستەیەکی سیاسی بەکاریبێنن. لە رۆژهەڵات لە ١٩٦٨ لەناوبردنی هەریەک لە سولیمان موعینی و هاوڕێکانی کە دەیانویست بەبێ فەرمانی م.بارزانی دەست بە تێکۆشانی شۆڕشگێڕانە بکەنەوە. هەروەها لەناوبردن و پیلانگێڕی ئەنجامدان لە سەر پەدەکە\ تورکیا و کوشتن و لەناوبردنی سکرتێرەکەی <سەعید ئەلچی> و هەروەها جێگرەکەی <سەعید قورمزی تۆپراغ> کە ناسراو بوو بە <دکتۆر شڤان>، هەروەها خستنە زیندانی سکرتێری پەدەکە\ لوبنان. ئەو مێژووە تاکو ١٩٧٥ بەردەوامی کرد، لەگەڵ تێکشکان و دەستبەردانی م.بارزانی و کوڕەکانی و زۆرێک لە کادیرە لەپێشەکانی لە خەباتی سیاسی و چەکداری، لە ئان و ساتێک بارەگا و بنەکەیان تێکنا و لە ئێران گیرسانەوە.
ئەگەر قۆناغی جوڵانەوەی ئەیلول، بەیانی ١١ی ئاداری وەک دەسکەوت بەناو دەکرێ، هەمانکات تێکچوون و شکستی ١٩٧٥ یش وەک ئەنجامی پیلانگێڕی و گەلەکۆمەی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەناو دەکرێت، بەڵام بەڕاستی دەست لەسەر برینەکانی دانانرێت، بۆیەش ئەگەر لە دوای ساڵی ١٩٧٥ سەردەمێکیتر لە بزووتنەوەی سیاسی کوردستان دەستی پێکردبێ، بەڵام لە کەسایەتی پەدەکە هەمان رێباز و شێواز بەردەوام دەکات. چونکە کاتێک رووداوەکانی دوای ئەو قۆناغە سەیردەکەین، دیسان بەشێوەیەک لە شێوەکان دووبارە دەبنەوە، نمونەی کارەساتی هەکاری لە ١٩٧٨، هەروەها دەستێکەڵ کردن لەگەڵ رژێمی ئێران و کۆمەڵکوژی کوردانی رۆژهەڵات لە ١٩٧٩ و لەباربردنی ئەو دەرفەتەی کە دەکرا گەلی کورد لە رۆژهەڵات شێوازێکی لە چارەسەری پێشبخستبووایە. دیسان لەبەرانبەر باکووری کوردستانیش لە رێگەی ئەو رێکخستنانەی بەناوی ددەکەدە و کوک و ستێرکا سۆر و پەدەکە\ تورکیاوە بە هاوبەشی لەگەڵ میتی تورک و فاشیستە گورگە بۆرەکان بە سەدان شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز و کەسایەتی ئازادیخوازیان شەهید کردوە، نمونەی شەهید کردنی حەقی قەرار و کۆمەڵکوژیەکانی مێردین و سەدان بکەری بەوشێوەیە مشتێکن لە خروارێک.
لە تەواوی کوردستان سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەکان لە کاتێکدا دەبێ ناکۆکی یان ئاڵۆزیەکیان لە نێواندا هەبێ، بەڵام دوای ماوەیەک بە نێوەندگیری هێز و لایەنی سیاسی کوردستانی چارەسەریان کردووە، بەڵام پەدەکە بە درێژای تەمەنی شەڕی هەموو هێز و لایەنە سیاسیە کوردستانیەکانی کردووە، بەڵام لەگەڵ هیچ لایەنێکیان ئاشتی نەکردووە، بەڵکو بەردەوام لە بۆسەدابووە بۆ ئەوەی یان ئەو هێزە لەناو ببات یان بیکا بە کۆیلەی خۆی و بە ئارەزووی خۆی هەڵسوکەوتی لەسەر بکات. بۆیەش دەبینین شەڕی ناوخۆی لە کوردستان کۆتایی نایەت، هەمانکات دەست تێکەڵ کردن و سیخوڕایەتیش لە کەسایەتی پەدەکە کۆتایی نایەت، لە ساڵی ١٩٦١وە هەر ماوەیەک پەدەکە بۆتە یاری دەستی دەوڵەتێک، لەوەش خراپتر دەزگا هەواڵگری و سیخوڕیەکان بەگوێرەی ئارەزووی خۆیان لە دژی لایەنە سیاسیەکانی پارچەکانی تری کوردستان بەکاری دێنن و بزووتنەوەی کوردی پێ لە پارچەکانیتر خامۆش دەکەن.
دوای کۆمەڵکوژی بەناوی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە و رووخان و وێران کردنی هەزاران گوند و دێهاتی باشوور، راپەڕین و پاکردنەوەی زۆربەی شار و شارۆچکەکان لە رژێمی بەعس، دەسکەوتێک بوو بۆ تەواوی گەلی کوردستان. دیسان پرۆسەی دەسەڵاتی خۆجێی و پەرلەمان و حکومەتیش ئەگەر دووبارە بووەی ئەزموونی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی سەر کوردستانیش بوو، جارێکیتر خەڵکی کوردستان بەگشتی دەیویست ببێتە پەناگە و سێبەرێک و پشتیوانبێ تاکو کوردانی پارچەکانیتریش لێرەوە بتوانن بە خەبات و تێکۆشان بگەن بە مافەکانیان. لەگەڵ یەکەم دەرفەت پەدەکە ئەو خەونەی کوردانی تێکبرد، پەرلەمان و حکومەت و دامودەزگاکانی کردنە شوێنی بڕیار لە دژی هێز و لایەنە کوردستانیەکان، یەکەمین بڕیار لە دژی پەکەکە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩٢ و دواتریش دەستپێکردنی شەڕێکی ناڕەوا لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ و بەکوشتندانی هەزاران رۆڵەی بێتاوانی کورد، تەنها و تەنها دوڵەتی داگیرکەری تورکیا لێی سوودمەند بوو. ئەو پرۆسەیە جارێکیتر لە ١٩٩٣ لە دژی حسک بەردەوامی کرد، دیسان لە ١٩٩٤ لە دژی یەنەکە و دووبارە و سێبارە لە دژی پەکەکە بەردەوامی پێداتاکو ساڵی ٢٠٠٠. بۆیە پەدەکە لە ساڵانی نۆوەت تەواوی دەرفەت و دەسکەوتی باشوور و پارچەکانیتریشی بەکارهێنا؛ یەکەم، بۆ قووڵکردنەوەی شەڕی ناوخۆی و هەمانکات راکێشانی دەستی داگیرکەر و دەوڵەتە هەژموونگەرا جیهانیەکان بۆ ناو ناکۆکیە ناوخۆیەکان. دووەم، پارچەکردن و لەباربردنی ئەو نمونەیەیی کە وەک هیوایەک سەیر دەکرا. سێیەم، ئەگەر تا ساڵانی نۆوەت داگیرکەران گەلی کوردیان کۆمەڵکوژ دەکرد، لە ساڵانی نۆوەت پەدەکە ئەو ئەرکەی داگیرکەرانی بێکەموکوڕی جێبەجێ کردووە، کۆمەڵکوژی ١٦ی گوڵانی ١٩٩٧ی هەولێر کە زیاتر لە هەشتا شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز و ئازادیخوازی تێدا شەهید کرا، تەنها لەبەر یەک هۆکار ئەویش کۆیلایەتیان بۆ پەدەکە و داگیرکەرانی کوردستان پەسند نەکردووە. وەکو خاڵی کۆتایش پەدەکە وای کرد کە کورد کوشتن و تیرۆرکردن و لەناوبردن و دزی و گەندەڵی و ژن کوشتن و لە خێزان و پیاوەکەی ستاندن زۆر ئاسایی ببێ، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی بوو کە لە ساڵانی نۆوەت بە دە هەزاران مرۆڤ بە ژن و پیاو سەری خۆیان هەڵبگرن و نەفرەت لە وڵات و ئازادی و نەتەوەو نیشتمان بکەن.
دوای ساڵی ٢٠٠٣ و رووخانی رژێمی بەعس، دەرفەتێکی هێشتا زیاتر و باشتر بۆ گەڵی کوردستان رەخسا کە چەندین سەدەیە کورد دەرفەتی بەو شێوەیەیی بەخۆیەوە نەبینیبوو. دەوڵەتانی داگیرکەر لەسەر کوردستان لە دۆخێکی زۆر خراپ دابوون، چونکە سیستەمی دەوڵەت - نەتەوە کە ببووە هۆکاری دابەش کردن و پارچە کردنی کوردستان ئیدی کۆتای مەرگی بوو. بۆیە لەو دەرفەتەدا؛ یەکەم، کورد دەیتوانی لەباشوور ناو ماڵی خۆی رێکبخاتەوەو کۆتای بە شەڕ و دووبەرەکی و ناکۆکیە ناوخۆیەکانی بێنێت. دووەم، هەنگاو بنێت لە پێناو یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیانەی گەلی کوردستان. سێیەم، چارەسەر کردنی کێشەکان لە گەڵ بەغداو زەمینە خۆشکردن بۆ چارەسەری دۆزی کورد لەگەڵ دەوڵەتانی تری سەر کوردستان. خاڵی چوارەم و لە هەمووشی گرنگتر خزمەت کردنی خەڵکی کوردستان و کردنی بە خاوەن داهات و بەرهەمی سەربەخۆی خۆی!!
جارێکیتر ئەو دەساڵەی تاکو دەرکەوتنی داعش پەدەکە بە سیاسەتی بەکرێگیراوی بۆ دەوڵەتی تورکیا و دزی تاڵانی لەسەر حیسابی سەروەت و سامانی خەڵکی کوردستانی تێپەڕاند، بۆیە لە ژێر ناوی جیاجیا پێشکەشی داگیرکەرانی کرد. نمونەی بەناو ئابووری سەربەخۆ، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ بەناو دەوڵەتانی دراوسێ، بە ملیاران دۆلار پێشکەشی تورکیا کرا، بە ملیاران تەن کەلوپەلی ئێکسپایەری تورکی هاوردە کرا، ئەنجام بە سەدان کەس تووشی نەخۆشیە جۆراو جۆرەکانی شێرپەنجە بوون، بە سەدان مرۆڤ بە دەرمانی ماوەبەسەر چوو چاویان کوێر بوو. دەبێ ئەوەش لەبیر نەکەین لە جیاتی پێشکەوتنی ئازادی رۆژنامەگەری و فەراهەم کردن و پێشخستنی دیموکراتی، پێچەوانە کوشتنی رۆژنامەنووسان دەستیپێکرد نمونەی دیاریشمان شەهید کردنی سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامەحەمە و ویداد حسێن و کاوە گەرمیانی ...هتد. جارێکیتر لە داخستن و راودونانی بنکە و بارەگاکانی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان دەستیپێکرد، تا راوەدونانی ئەندامان و لایەنگرانی، هەمانکات سەرکوتکردنەوەی لایەن ئیسلامیەکان و سووتاندنی بارەگاکانیان. ئەوانەش لەولا بووەستن بە ناوی سەرۆکی هەرێمی کوردستان شۆڕشگێڕان و شەهیدانی دژی داگیرکەری تورک بە تیرۆریست بەناو دەکران و پەیامی سەرەخۆشیش بۆ سەربازە کوژراوە داگیرکەرەکان دەنێردرا. دووبارە کێشەکان لەگەڵ بەغدا بە فیتی دەرەوە قووڵکرانەوە، نەک چارەسەر کردنیان، بۆیەش بەدەسیسەی تورکیا و بەپشتیوانی ئەمریکا لە پێناو بەردەوام کردنی ئاڵۆزیەکان و لەپەلوپۆ خستنی عێراق و زیاتر چاندنی تۆی بێ متمانەی و بێباوەڕی فاشیزمی عەرەبیان دەمە زەردە کردەوە.
دامەزراندن و پێشخستن و دەرفەت بۆ کردنەوە بۆ هێزێکی دڕندەی دوور لە هەموو پێوانە مرۆڤایەتیەکانی وەک داعش، لەگەڵ تورکیا و قەتەر و ئیمارات، بە پشتیوانی ئەمریکا و ئیسرائیل، وەک بەڵگەکانی دەوڵەتی ئێران ئاشکرایان کرد پەدەکەش لە ئاستی سەرۆکایەتی بەشداری لەو کۆنگرەیەدا کردووە کە لە ئوردن بڕیاری دامەزراندنی درا. بۆیەش کاتێک داعش سەرەتا موسڵی داگیرکرد، م.م.بارزانی دەرکەوتبووە بەردەم پەرلەمانی هەرێم و دەیگووت < ئیتر لەمەو دوا بووینەتە خاوەن دراوسێیەکی نوێ >، هەروەها بە ئاسانی شەنگالیان بۆ چۆڵکردن، ئەو کۆمەڵکوژیەی کە داعش لە گوندە کوردەکانی دەوروبەری حەلەبیان کرد، دیسان بەناوی سەرۆکی هەرێمەوە گووتیان کۆمەڵکوژی نەکراوە. بەردەوام پێداگریان لەسەر ئەوە دەکرد و دەیانگووت پێویست ناکات شەڕی داعش بکەین. ئەو دەرفەتەی لە ئەنجامی شەڕی داعش دروست بوو، بە ناوی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی %٥١ لە خاک و کۆمەڵگەی باشووری لەدەستدا، هەمانکات بۆ ئەوەی باشوور و رۆژئاوای کوردستان لەیەکتر نزیک نەبنەوە لە ٢٠١٢ وە تا رۆژی ئەمڕۆ گەمارۆی خستۆتە سەر رۆژئاوا، ئیدی گەیشتۆتە ئاستێک ئەوەی بۆنی شۆڕشگێری لێبێ لە سنوور دەستگیر دەکرێ، رۆژئاوا وەک دوژمن بە ئەندام و لایەنگرانی دەناسێنرێ و شۆڕشی رۆژئاوا بە نەبوو دەژمێرن.
لە دوای دۆڕان و شکستی ریفراندۆم، پەدەکە لە جاران زیاتر بووە کۆیلەی دەوڵەتی تورکیا و وڵاتە هەژموونگەراکانی جیهان، ئیدی لەجاران زیاتر دوژمنایەتی هێز و لایەنە کوردستانیەکان دەکات. سنووری نێوان هەولێر و سلێمانی تۆختر کرایەوە، ئەو لایەن و کەس و گرووپانەی کە بۆنی وڵاتپارێزی و شۆڕشگێڕیان لێهات یان رەوانەی سلێمانی کران یان نێردران بۆ رۆژئاوا، رێگری کرد بۆ ئەوەی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بەشداری هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ بکات، دزی و تاڵانی و گەندەڵی زیاتر بەرنامە رێژکرا، بەناوی پاشەکەوتی مووچە دەست بە دزی فەرمی کرا لە فەرمانبەران، بێ کاری زیاتربوو، دەرگای دەرکەوتن لەکوردستان بە هاوکاری میت کرایەوە، بۆ ئەمەش بە هەزاران ژن و پیاویتری کورد لە کوردستان دەرکەوتن و بە سەدانیان لە ئاوەکانی دەریای سپی ناوەڕەست و دەریای ئیجە دا خنکان.
لە دوای ساڵی ٢٠١٨دوای ئەوەی سەرۆکایەتی حکومەت کەوتە دەست مەسرور بارزانی، پەیوەندیەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورک گەیشتنە قۆناخێکی مەترسیدار، چونکە لەیەک کاتدا هەردوو پۆستی دەزگای پاراستن و سەرۆکی حکومەتی بەڕێوە دەبرد، ئیدی پەدەکە و دەوڵەتی تورکیا پەیوەندیەکانیان لە رێگەی فۆڕمیلەی پاراستن – میت بەڕێوە دەچن. ئەمەش بۆتە هۆکار کە باشترین کەسەکانی پەدەکە بوونەتە سیخوڕی میت، ئیدی میت دەستی خستۆتە هەموو جومگەکانی پەدەکەوە. بۆیە لەئێستادا پێویستە پێناسەیەکی نوێ بۆ پەدەکە بدۆزرێتەوە، بەتەنها چەمکی جاش و بەکرێگیراو و ئەڵقە لەگوێ بەشیناکات. لە رابردوو پەدەکە دەیگووت < ئێمە بۆ پەیوەندی لەگەڵ دونیای دەرەوەو ئاڵوگۆڕی بازرگانی پێویستمان بە تورکیایە>، لەئێستادا دەسەڵاتی پەدەکە هیچ پێویستیەکی بە تورکیا نەماوە، چونکە پارچەیەکە لە خاکی عێراق و دەتوانێ بەشێوەیەکی فەرمی ئەو پەیوەندیەیی لەگەڵ تورکیا بەسەرشۆڕی دەیکات، دەتوانێت بە سەربەرزی لەگەڵ عێراقی بکات.
میت + پاراستن+ گلادیۆی ناتۆ لەئێستادا پێکەوە دەیانەوێت لە رێگەی پەدەکە سیناریۆ کۆنەکانی سەر گەلی کورد دووبارە بکەنەوە، بۆ ئەمەش کۆتا رۆڵیان داوەتە سەرکردایەتی و کادیر و ئەندامانی پەدەکە، ئەویش وەک سیخوڕ کاریان پێدەکەن. ئەوەی جێگەی پرسیارە ، چۆن لەماوەیەکی ئەوەندە کەم میت توانی ئەو هەموو سیخوڕەی خۆی لە باشوور بەجێبکات؟ هەمانکات چۆن کوردی باشوور کە لەهەموو کوردێک زیاتر دوژمنی داگیرکەری تورکە، بۆ لە ئێستا بۆتە کۆیلە و چاوساغ و سیخوڕی میت؟ نمونەی راپەڕینی خەڵکی شێڵادزێ لە زستانی ٢٠١٩ لە دژی بنکە و بارەگاکانی سوپای تورک. چۆن پەدەکە چەکدارەکانی خۆی کردۆتە قەڵغانی پاراستنی سەربازگەکانی تورک، بە هەموو کەرستەکانی رێگەوبان، جادە بۆ دوورترین شوێن بۆ سوپای تورکیا دروست دەکات. سەرو ماڵ و راگەیاندن و ئەندامانی پەدەکە هەموویان لە خزمەت دەزگای هەواڵگری تورکیادانە. بۆ ئەوەی بچوکترین دەرفەت نەگاتە دەست گەریلا، چەتەکانی رۆژی لە دەوروبەری گەریلا مۆڵداوە، هەمانکات بۆ ئەوەی هێزی یەدەک نەگات بە گەریلا بۆ ئەمەش بۆسە لەو رێگە و بانانە دادەنێت کە دەزانێ گەریلای پێدا تێپەڕ دەبێت. دیسان رێگەنادات هیچ کەسایەتی و لایەنی سیاسی و ئاشتیخواز و دیموکراتخواز و دۆستی کوردان بکەونە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بۆ ئەوەی تاوانەکانی سوپای داگیرکەر لە بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی و بۆمبی ئەتۆمی سنووردار بەناوی بۆمبی تیرمۆ باریک ئاشکرا بکەن. لەلایەکیتر راگەیاندنی پەدەکە بەناوی سەربەخۆ و هەواڵ و زانیاری زیاتر، بەر لە ئاژانسە هەواڵیەکانی تورکیا هەواڵی شەهیدبوون و بۆردومان و تۆپبارانەکانی داگیرکەر بڵاو دەکاتەوە، هەموو هەوڵەکەشیان بۆ ئەوەیە بڵێن سوپا و هەواڵگری و دزگای شەڕی تایبەتی داگیرکەر سەرکەوتووە، ئەوەی لەناو دەچێ و دەکوژرێ و بێ هێز و بێ توانایە ئەویش گەریلا و هێزە شۆڕشگێڕەکانن. بە واتایەکیتر دەیەوێت بڵێت یان دەبێ خۆتان بفرۆشن وەکو من و ببنە دوژمنی گەلەکەتان، یان بەوشێوەیە لەناو دەچن!!
هەموو ناڕەزای و خۆپیشاندان و هەوڵێک بۆ ئاشکرا کردنی تاوانەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر و دەزگای قێزەوەنی میت بە تاوان دەژمێردرێت، نمونە، بۆچی نزیکەی ١٠٠ کەس لە رۆژنامەنووس و چالاکوانانی بادینان دەسگیرکران و هەندێکیشیان سزای بەساڵانیان بەسەردا سەپێنراوە؟ تەنها یەک تاوانیان هەیە، ئەویش ناڕەزایەتیان نیشاندا لە دژی هەبوونی سوپای تورکیا لە بادینان، هەمانکات پشتگیری خۆپیشاندەرانی شێڵادزێیان کرد. بەڵکو چەند جارێکیش وەک هەر هاوڵاتیەکی تری وڵاتپارێز سەردانی گەریلای ئازادی کوردستانیان کردبێ و وێنەیان لەگەڵ فەرماندارانی گەریلا گرتبێ. ئەگەرنا هەبوونی تابڕێکی ژەنگاری کە لە سەدەی بیستەم ماوەتەوە، یان تەزویرکردنی واژۆ، یان تابلۆی ئۆتۆمبێل...هتد لە دەرەوەی گاڵتەجاڕبوون هیچیتر نین. بۆیەش مناڵێکیش لە باشوور باوەڕی بە دادگا و دادوەرەکان نەماوە، چونکە بوونەتە بەشێک لە سیناریۆکانی دەزگای میت – پاراستن.
دەزگای هەواڵگری ناوخۆی ناتۆ کە بە گلادیۆ دەناسرێت، زۆربەی ئەو پەیوەندیانەی ئەمریکا رێکخستن دەکات و بە هاوبەشی لەگەڵ سی ئای ئەی لەگەڵ دەزگا هەواڵگریەکان کارەکانیان رێکخستن دەکەن. دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم بەتەواوی کەوتە دەست دەزگای پاراستن، بۆیە کارەکانی دەرەوەی لە رێگەی گلادیۆی ناتۆوە بەڕێوە دەچن، نمونە کاری پسمامان لە کۆنفرانسی میونغی بۆ ئاسایش چییە؟ یان کاریان لە کۆبوونەوەی داڤۆسی دەوڵەمەندە جیهانیەکان چییە؟ دیسان کاریان لە کۆنگرەی ژینگەی چییە، ئەی چییە هەر ماوەیەک لەناکاو لە ئیمارات دەردەکەون، ئەی کاریان لای سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و فەڕەنسا چییە؟ کێ ئەو دیدار و چاوپکەوتنانە رێکدەخات و ئامادەسازیان بۆ دەکات، وەڵامەکەی هەموو ئەو جۆرە کارانە لەلایەن گلادیۆوە ئامادە دەکرێن. بە ئامادەبوون لەو کۆنفرانس و کۆبوونەوەو دیدارانە، دەیانەوێت بە خەڵکی کوردستان بڵێن کە بنەماڵەی بارزانی و دەزگای پاراستن نوێنەری ئێوەن، هەروەها بە دەسەڵاتدارانی عێراقیش دەڵێن، خۆشیتان بێ یان ترشی دەبێ ئەوانە وەک نوێنەری کورد قبوڵ بکەن.
سیخوڕیش بەشێکیترە لە خیانەتکردن لە گەل و وڵات، بەڵام سیخوڕی ئاستێکی سەرووترە لە خیانەتێکی بە زانابوون، واتا بە دڵ و بە گیان کار بۆ دوژمن دەکات و لە دژی شۆڕشگێڕان و وڵاتپارێزان بە نامەردانەترین شێوە لە شەڕدایە، ئەمەش تەنها بۆ ئەوەی جارێک کارمەندێکی داگیرکەر پێیبڵێ ئافەرین!! هیچ گومانی تیا نییە کە دەزگای پاراستنی پەدەکە بەو ئەرکە نامەردانە هەستاوە، بەشێوەیەکی فەرمی و رێکخستنی پێکەوە لە گەڵ ئەندامان و کادیرانی میت ئەو دوژمنایەتیە لەبەرانبەر گەریلا لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا، هەروەها هەموو شۆڕشگێڕ و خەباتکار و وڵاتپارێزانی شەنگال و مەخمور، دیسان سەرجەم خەڵکی سلێمانی، بەتایبەت ئەوانەی رۆژێک لە دژی پەدەکە و داگیرکەری تورک خاوەن هەڵوێست بوونە.
لەمڕۆدا پەدەکە کاری سیخوڕی لە کەسەوە دەرخستوە کردوویەتی بە رێکخستن و دەزگای پاراستن و دژە تیرۆر و ئاسایش لە رێگەی ئەندامانیان تۆڕی سیخوڕیان بڵاوکردۆتەوە، هەموو ناوەندێکی ئەو دەزگایانە وەک ناوەندی میت و دەزگای شەڕی تایبەت کار لە دژی شۆڕشگێڕان بەڕێوە دەبەن، بۆ ئەو مەبەستەش بە ملیاران دۆلار خەرج دەکەن. ئەوەی لێرە جێگەی پرسیارە ئەویش هەندێک کوردی داما و هەژار هەیە بەناوی دڵسۆزی بۆ کوردایەتی و مووچەی ئەیلولانە و بێوژنانە و مجێوری مزگەوت فریویان خواردوەو وەک کەرستێک بوونەتە بەشێک لەو بۆگەنییە، دەبێ هەرکەسێک کە خۆی بە کورد و دڵسۆزی گەل و نەتەوەی کورد دەزانێ ئەو پرسیارە لەخۆی بکات، ئەرێ تاکەی بەقسەی بنەماڵەی بارزانی هەڵبەخەڵەتێین و فریوبخۆین، ئەرێ لە بەکرگیراوی و جاشایەتیەوە تەواو نەبوون، ئێستاش نۆرەی سیخوڕایەتیە؟؟ ئیدی پەدەکە و بنەماڵەی بارزانی و ئەو سەرکردایتیە فاشیلە قەدەر نییە و دەکرێ بگۆڕدرێ، چونکە ناکرێ چیتر گەلی کورد و هەتا پەدەکەیەکانیش چارەنووسی خۆیان تەسلیم بەوان بکەن. بۆیە بە تەواو بوونی ساڵی ٢٠٢٣، دەکرێ لە ٢٠٢٤ باشووری کوردستان لەو تۆڕە سیخوڕیە رزگارببێ و هەلومەرج لەبار بکرێ، تاکو بەرەو دیموکراتی و یەکێتی نەتەوەی هەنگاو بنێت و خزمەت کردنی خەڵکی کوردستان بەبتە ئەرکی یەکەمی.
سەرچاوە: گۆڤاری سەرخۆبوون
هـ .ب