شۆڕشی پەکەکە شۆڕشە بۆ ئافراندنی واقیع

دروستبوونی پەکەکە وەک شۆڕشێکی بنەڕەتی، بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ وەڵام دەرەوەی زەرورێتی مێژوو بوو بۆ ئافراندنی واقیع.

پانتایی مێژوو کە بریتییە لە "ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو" هەموو ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە هەناوییدایە و دێنە دەرەوە، دەبنە هۆی ڕودانی 'ڕوداوو'. بەم پێیەش پەیوەندییەکە بریتییە لە هۆکار و دەرەنجام، ئەمەش کاریگەریی ڕاستەوخۆیی بە واقعەوە هەیە، واقعیش وابەستەیی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووە.

پرسیارێکی جەوهەریی دروستەبێت: کێییە و یان چییە کە مێژوو دەخوڵقێنێت؟

دروستبوونی پەکەکە وەک شۆڕشێکی بنەڕەتی، بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئاپۆ وەڵام دەرەوەی زەرورێتی مێژوو بوو بۆ ئافراندنی واقیع. ئەم ڕوداوە مێژوویە دەستپێکی دروستبوونی ئەو واقعەیە بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤایەتی، وەک ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت " شۆڕشی ئێمە، شۆڕشە بۆ کەرامەت و شەرەفی مرۆڤایەتی ".

نامۆبوونی مرۆڤایەتی بە مێژوو هۆکارەکەی هیچ نیە جگە لەو مێژووە ساختەیەی دروستکراوە، مرۆڤایەتی وا تێگەشتووە کە هەر ئەمەیە مێژوو. ڕاهاتنی مرۆڤیش بە کۆیلەداری و ژێردەستەیی بۆ ئەم مێژووە ساختەیە دەگەڕێتەوە، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ درکی بەم حەقیقەتە ساختەیە کرد. بۆ ئازادیی و ژیانێکی ئازاد پێویستە مێژوو بخرێتەوە سەر ڕێگەی ڕاستینەی خۆی. واقیع ناوکی مێژووە، بەو مانایەیی کە مێژوو شکڵ و فۆرمەلەبوونی خۆیی لە واقعەوە دادەڕێژێتەوە و لەناو 'کات'دا شێوەگیر دەبێت، ئەم شێوەگیربوونەش سەرەتا و دەستپێکی دروستبوونی واقعە. کەواتا مێژوو و کات لە پڕۆسەیەکی 'دیالێکتیک'دا یەکتر بەرهەم دەهێننەوە. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت " ئەوەی خوازیارە ڕاست بژیت، ئەرکە بنەڕەتییەکەی تێگەیشتنێتی لە ژیان، چونکە ژیان توانای تێگەشتنە ".

 گەڕانەوەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ دیرۆک و شارستانێتە دێرییەنەکان گەڕانەوەیەکی 'کۆنەپەرستانە' نیە، بەڵکو گەڕانەوەیەکە بۆ تێگەشتن لە واقیع، چونکە بەبێ تێگەشتن لە مێژوو، هەرهەوڵێک بۆ ژیانێکی ئازاد و دیموکرات، چارەنووسە بەرەو هەڵدێر لە ڕاستینەی مێژوو. کەسێتی واقعبینیانەی ڕێبەر ئاپۆ و باڵکشانی بۆ ناو ڕۆحیەتی شۆڕشگێڕیانەیی پەکەکە و هەر مرۆڤێکی ئازاد نمونەیەکی زیندوون لە ڕوویی تێگەشتن لە ژیان و ڕەخساندنی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی.

شۆڕشی پەکەکە بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی مۆدێرنێتەی دیموکراتیک، وەڵامگۆی خوڵقاندنی ژیانە لە رۆژهەڵاتی ناوین، چونکە لەسەر واقعێک بونیادنراوە کە ڕەگەکەی ڕیشەکوتیی ناو ڕابردو و ئێستا و داهاتووە.

ڕۆژهەڵاتی ناوین و بە تایبەت میزۆپۆتامیا خاوەن دیرۆکێکی پڕ لە شارستانێتین و سەرچاوە و بنەڕەتی شارستانی دەگەڕێتەوە بۆ میزۆپۆتامیا. ئەم پنتە مێژوویەیی ژیان و شارستانیەت، لەگەڵ درێژبوونەوەی زەمەن و کات وردە وردە کەوتۆتە بەر چەپۆکی بەربەرییەت، ئەم داگیرکارییە سەرەتای شێواندنی مێژووی میزۆپۆتامیایە، لە جێگەی ئەم مێژووە پڕ لە ژیان و شارستانیەتە، مێژوویەکی ساختە دروستکراوە. ئەم مێژوو شێواندنە بەردەوامی هەیە.

هاتنی کۆڵۆنیالیزم بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبێتە سەرەتای قۆناغی نامۆبوونی ڕژهەڵاتی ناوین بە مێژووی خۆی، چونکە کۆڵۆنیالزم تەنها داگیرکاریی جوگرافی نیە، بەڵکو داگیرکاریی زیهنیەت و چاندیشە. بێگومان ئەم داگیرکارییە تاکو سەردەمی ئێستاش بەردەوامی هەیە، چونکە کۆڵۆنیالزم و دەوڵەتانی ئیمپریالیستی، لە ڕێگەیی هەر سێ نەگریسیەکەیی سەرمایەدارییەوە «دەوڵەت-نەتەوە، سەرمایەداری، پیشەسازیگەرایی» برەو بە هەژموونی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەدات. لەم سەروبەندەدا دەوڵەت-نەتەوە دێتە کایەوە، کە سیستەمێکی بەڕێوەبەری  تەواو نامۆیە بە ڕۆژهەڵاتی ناوین چونکە لەگەڵ واقیعی مێژووی ئەم جوگرافیایە نایەتەوە کە جێگەی گەل و نەتەوەی جیاوازە کە پێکەوە ژیانی و ژیانکردنی هاوبەش بنکێکی مێژووی هەیە. فاشیزمی نەتەوەیی بەرهەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییە.

ڕێبەر ئاپۆ بەرامبەر بەم هەموو داگیرکاری و مێژوو شێواندنە، بە گەڕانەوە بۆ ڕاستینەی مێژوو، درکی بە تێکشکانە کرد کە ڕۆژهەڵاتی ناوینی تێکەوتوە و لە چ گێژاوێکی ئەخلاقی و مرۆی و مێژویدایە. لە بەرامبەردا سیستەمی (مۆدێرنیتەی دیموکراتیک) وەک سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەری دامەزراند.

ئامانجی خۆبەڕێوەبەری ئازادیش ئەوەیە کە سەر لە نوێ کۆمەڵگایەکی سیاسی و ئەخلاقی بونیادبنرێتەوە، کە مۆدێرنێتەی سەرمایەداری لە باربرابوو، بە شێوەیەک باسکرن لە وەها ژیان و کۆمەڵگایەک لە خەونی مرۆڤیشدا ببێتە ئەستەم.

نمونەیی خۆبەڕێوەبەریی لە ڕۆژئاوا ئەو واقیعە بەرجەستەبوویە کە پێمان دەڵێت؛ خۆبەڕێوەبەری ئازاد و دیموکرات چەندە پەیوەستە بە ڕاستینەیی مێژووەوە، چەندە سیستەمێکی گونجاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین.