تێپەڕبوونی ٢٧ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی هەولێر
"دەکرێت ئەو جۆرە کردەوانە لای سەرۆکایەتی پەدەکە و دار ودەستەکەی بە سیاسەت بەناو بکرێن، بەڵام لەلای زۆرینی خەڵکی کوردستان و شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێزانی بە خیانەت و بوونە کەوا سوورەی بەلەشکری داگیرکەران دادەنرێت".
"دەکرێت ئەو جۆرە کردەوانە لای سەرۆکایەتی پەدەکە و دار ودەستەکەی بە سیاسەت بەناو بکرێن، بەڵام لەلای زۆرینی خەڵکی کوردستان و شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێزانی بە خیانەت و بوونە کەوا سوورەی بەلەشکری داگیرکەران دادەنرێت".
لە ١٦ی مایسی ١٩٩٧ هێزەکانی پەدەکە لە شاری هەولێر و دەوروبەری، هێرشێکی پیلان بۆ داڕێژراویان کردە سەر نوێنەرایەتی فەرمی پەکەکە و پەیوەندیەکانی لەگەڵ شار، ناوەندی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان (یەنەدەکە) و رێکخستنەکانی ناوشار و دەوروبەری، یەکێتی ئازادی ژنانی کوردستان (یاژک)، ناوەندی مانگی سووری کوردستان (هیڤا سۆرا کورد) و گەریلا بریندارەکانی لە نەخۆشخانەکەی، ناوەندی کەلتور و رۆشنبیری میزۆپۆتامیا، ناوەندی راگەیاندن و پەخش و بڵاوکردنەوەی رۆژنامەی وڵات، وەتەنن شەمس، گۆڤاری رۆژ، رۆژنامەی ژیانی ئازاد، بەر لەو بەروارەش پەلاماری مامۆستا تاهیر هیرانی کە ناسروبوو بە (مامۆستا یاسا)یان دابوو لە شەقڵاوە. دیسان دوای ئەو بەروارەش پەلاماری هەڤاڵ رەئووفیان دا لە رێگای مەخمور هەولێر، ئەنجام لەکۆی ئەو هێرش و پەلامارە وەحشیگەری و نامرۆڤی دەرەوەی هەموو پرەنسیب و پێوانی ئەخلاقی و نەتەوەیی بەڕۆژی نیوەڕۆ ٨٣ ئەندام و کادیر و خەباتکار لە ژنان و پیاوانی شۆڕشگێڕی پەکەکەی بوونە قوربانی.
لەگەڵ ئەوەی زۆربەی زۆری ئەو کەسانە کوردبوون و لە هەرچوار پارچەی کوردستان بوون، لەناویاندا کەسێکی مەغریبی هەبوو کە هاتبوو خەبات لەپێناو ئازادی گەلی کورد بکات. هەموو ئەو دامودەزگایانەی کە رووبەڕووی ئەو هێرشە دڕندانەیە بوونەوە، بە مۆڵەت و ئاگاداری حکومەتی هەرێم و خودی سەرۆکایەتی پەدەکە لەوێ بوون. لەگەڵ ئەوەی هەموو ئەو کەسانە هیچ زیان و هەڕەشەیەکیان نەبوو بۆسەر دەسەڵات و هەبوونی پەدەکە لە هەولێر، خودی سەرۆکی پەدەکە رۆژێک بەر لەوە بەڵینیدابوو کە دەستدرێژی هیچ دەزگا و بارەگا و کەسێک ناکەن، بەڵام دوای کەمتر لە ٢٤کاتژمێر، پەدەکە هەموو چەکە سووک و گرانەکانی خۆیان لەسەر گەریلای بریندار و چالاکوانی سیاسی و رۆژنامە نووسان تاقی کردەوە.
پەدەکە بۆچی ئەو کردەوە نامرۆڤانە، نانەتەوەیی و نا ئەخلاقیانەی ئەنجامدا، دەیەویست چی بەدەست بخات؟ لەگەڵ ئەوەی پەیوەندی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و پەدەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی ١٩٧٠، بە کوشتن و لەناوبردنی باڵی شۆڕشگێڕی پەدەکە\ تورکیا دەستپێدەکات. بەڵام لە دوای راپەڕین و دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاری ئەمریکا ئەو پەیوەندیە نوێ کراوەتەوە، لەسەر بنەمای لەناوبردنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی کورد لە باکووری کوردستان. بۆیەش بە بەردەوامی پەدەکە هەوڵیداوە چ بەتەنها و چ بەڕێککەوتن لەگەڵ لایەنەکانیتری باشوور، شەڕ فرۆشتنەکانی بەرانبەر پەکەکە بەردەوام کردووە. لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ پەدەکە بە خۆخستنە باوەشی رژێمی بەعس توانی هەولێر بەدەستبخاتەوەو قۆرغکاری خۆی دروست بکات. لەو شەڕ و راو راوێنەی نێوانی پەدەکە و یەنەکە، پەکەکە هیچ کاتێک نەیویستووە ببێتە لایەن، پێچەوانە بێلایەن هەڵسوکەوتی کردووە، ئەویش لەسەر بنەمای ئەوەی کە ناکۆکی و ئاڵۆزیەکان قوڵتر نەبنەوەو بتوانرێت ئاڵۆزیەکان بەکەمترین قوربانی چارەسەر بکرێن. لە بەهاری ١٩٩٧ پەیوەندیەکانی پەدەکە و دەوڵەتی تورکیا دیسان پەرەیانپێدرایەوە، ئامادەکاریان دەکرد بۆ ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش، بۆ ئەمەش سوپای تورکیا لە ١٤ی مایسی ١٩٩٧ هێرشەکانی لە هەرێمەکانی حەفتانین، زاپ، مەتینان و ئاڤەشین دەستپێکرد، پەدەکە لەلایەک لەو هەرێمانە رێنوێنی بۆ سوپای داگیرکەر دەکرد، لەناوشارەکانیش پەلاماری دامودەزگا و بارەگا و خەڵکی وڵاتپارێزی نزیکی پەکەکەی دەکرد. بێگومان ئەو هێرشانە بە رێککەوتن بوون لەگەڵ سوپای تورکیا و ئەمریکا، بۆ ئەوەی هاوسەنگی دروستبکاتەوە، تاکو بە تورکیا و ئەمریکا بڵێت؛ من تەنها دڵسۆز و سەربازی بەعس نیم، بەڵکو سەرباز و دڵسۆزیشم بۆ ئێوە و چیم پێبسپێرن ئامادەم بەدڵ و گیان بۆ لەناوبردنی شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازان بیکەم!!!
پەدەکە وای دادەنێت کە بە خیانەتی ٣١ی ئاب و ١٦ی مایس سەرکەوتنی بەدەست خستووەو بۆتە هێزی یەکەم لە هەرێمی کوردستان!! واتا بەسەر لاشەی شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێزانی کوردستان و بە خزمەتی بۆ داگیرکەران دەسەڵاتی خۆی تۆکمە کردووە!! دەکرێت ئەو جۆرە کردەوانە لای سەرۆکایەتی پەدەکە و دار ودەستەکەی بە سیاسەت بەناو بکرێن، بەڵام لەلای زۆرینی خەڵکی کوردستان و شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێزانی بە خیانەت و بوونە کەوا سوورەی بەلەشکری داگیرکەران دادەنرێت. دەبێ ئێستا تاوانبارانی ئەو جنایەتە دژە مرۆیە بە ئازادانە بسووڕێنەوەو خۆیان بە پاڵەوان لە قەڵەم بدەن، بەڵام دەبێ بزانێ نە مێژوو و نە خەڵکی کوردستان و شۆڕشگێڕ و وڵاتپارێز و ئازادیخوازان هیچ کات و سەردەمێک لێیانیان نبووردوەو لێشیان نابوورێت. دەبێ رۆژێک بکەونە بەردەم دادگای گەل و مافی کۆمەڵکوژی ١٦ی مایس و سەرجەم مافی ئەو خەڵکە هەژار و بێ دەرتانانەیان لێ بسەندرێت کە بە درێژای تەمەنی خۆیان بەناوی جیاجیا ئەنجامیان داوە.
٢٧ ساڵ تێپەڕیوە بەسەر ئەو کردەوە دژە مرۆڤیە، هێشتا ئێسکو پروسکی ئەو مرۆڤانە دیارنییە و بە خانەوادەکانیشیان رانەگەیەنراوە ئایا گۆڕەکانیان لە کوێیە، پەدەکە بەهیچ شێوەیەکیش ئامادە نییە کە شوێنی گۆڕی ئەو قوربانیانە ئاشکرا بکات.
ئەمڕۆ پەدەکە دۆخی لە هەموو رۆژەکانی رابردووی خراپترە، دیسان بەکرێگیراویەتی بۆ داگیرکەر و دوژمنی گەلی کورد دەوڵەتی تورکیا نوێ کردۆتەوە، ترسنۆکترین هێزە لە پرسی ئازادی و دیموکراتی و مافی مرۆڤ، پرۆسەی هەڵبژاردنی پەکخستووە، رۆژنامەنووسانی راپێچی کونجی زیندان کردوون، سەروەت و سامانی خەڵکیان تاڵان کردووەو لە ئەمریکا و ئەوروپا کردوویان بە ڤێڵا و کۆشک و تەلار. نەک نزیک نابێتەوە لە یەکێتی و یەکریزی نێوماڵی کورد، بەڵکو وەک پیشەی بەردەوامی پارچەکردن و لێکترازان و راونانی ئازادیخواز و وڵاتپارێزانی کردۆتە کاری خۆی. کورد لە مێژە گووتویەتی پەتی خیانەت و بەکرێگیراویەتی کورتە، دەبێ هەندێک بڵێن، ئەوەی پەدەکە درێژی کرد تاکەی بەرگەی ئەو هەموو تاوانانی پەدەکە بگرین، بێگومان ئەوەش پەیوەستە بە زیاتر خەبات و تێکۆشانی ژنان و لاوان و چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، لە هێڵی شۆڕشگێڕی و نەتەوەیی و دیموکراتیدا، کە کۆتای بە هێڵی خیانەت و بەکرێگیراوی دێنێ لە کوردستان.
هـ . ب